بەشێک لەو خانمانەی نەشتەرگەریی جوانکارییان کردووە، پەشیمانن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەشێک لەو خانمانەی نەشتەرگەریی جوانکارییان کردووە، پەشیمانن

خانمێك: دواى نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكارى بۆ لووتم، کونی لووتم ئەوەندە بچووک بووەتەوە، هەناسەم بۆ نادرێت

ئافرەتان زۆر پەرۆشی جوانکاریی خۆیانن و بۆ ئەوەش پارەیەکی زۆر دەدەن بە ئارایشگا و سەنتەرەکانی جوانکاری، لەگەڵ ئەوەش زۆرن ئەوانەی دوای نەشتەرگەری و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر پەشیمان دەبنەوە، چونکە ئەم جوانکارییە دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونییان و پەشیمان دەبنەوە، لەم بارەیەوە کچان و ئافرەتان چیرۆکی خۆیان بۆ (باسنیوز) دەگێڕنەوە.

بۆ جوانی چووم ئێستا ناتوانم بچمە ناو خەڵکەوە
گەشە محەمەد، تەمەن 33 ساڵ کە فەرمانبەرە لە یەکێک لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاری جوانکاریی بۆ خۆی کردووە، ئێستا پەشیمانە لەوەی کردوویەتی و لەم بارەیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''حەز ناکەم بڵێم چیم کردووە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە نەبووم کە بەسەرمدا هاتووە! من بۆ جوانبوونی زیاتری خۆم چووم، ئێستا خۆمم هیچ بەدڵ نییە، لەبەر ئەوە داوا لە خانمان دەکەم پێش ئەوەی ئەو بڕیارە بدەن، زۆر بیر بکەنەوە، ئەگەر بەڕاستی پێویستت بە جوانکاری نییە، ئەوە پێویست ناکات، خۆت بخەیتە دۆخێکی بەئازارەوە کە ڕەنگە ئەوەی خۆت خەیاڵی بۆ دەکەی ڕێک پێچەوانە بێت، باشترە مرۆڤ دەستکاریی خۆی نەکات، چونکە بە سروشتی خۆی جوانە''.

گەشە، گوتیشی: ''دوای ئەو دۆخەی بەسەرمدا هاتووە، ئێستا لە ڕووی دەروونییشەوە هەست بە نائارامی دەکەم و زۆر حەز ناکەم بچمە ناو خەڵکەوە''.

هەناسەم بۆ نادرێت
میھری عەلی، تەمەن 27 ساڵ کە لە کۆمپانیایەکی تایبەت کار دەکات، بە هەمان شێوە کاری جوانکاریی کردووە و ئێستا پەشیمان بووەتەوە، ئەویش چیرۆکی خۆی بەو شێوەیە بۆ (باسنیوز) گێڕایەوە و گوتی: ''من نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتم کردووە، ئێستا تووشی تەسکبوونەوەی بۆڕیی هەناسە بووم و زۆربەی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ بچوککردنەوەی قەبارەی لووتە، زۆر کات ئەو بچوککردنەوەیە زیان بە بۆڕیی هەناسە لە بەشی لووتدا دەگەیەنێت، نەشتەرگەرییەکە قەبارەی کونی لووتمی بە شێوەیەک بچووک کردووەتەوە، بە زەحمەت هەناسەم بۆ دەدرێت، ھەروەھا لە دوای ئەو نەشتەرگەرییەوە تووشی هەستیاری (حەساسیە)ش بووم بەرامبەر بە بۆن و خواردن و زۆر کات بەشی ناوەوەی لووتم بریندار دەبێت و زۆر بە گرانی و بە دەرمان چارەسەر دەبێت، ھەروەھا بۆ ماوەیەکی زۆر توانای بۆنکردنم لەدەست دابوو، بۆیە ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکەم کە دەیانەوێت جوانکاری بکەن، پێش ئەوەی کارەکە بکەن، ئامانجیان تەنیا جوانکردن نەبێت و بیر لە دەرئەنجام و زیانەکانی بکەنەوە، ئەگەر زۆر زەروور نەبوو، نەیکەن''.

سەبارەت بەو حاڵەتانە، د. گەشبین کەمال، پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: ''ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەردانمان دەکەن بۆ کاری جوانکاری و ئەوانەی کە جوانکاری دەکەن 60-70%ی ئافرەتن و ئەوانی دیکە پیاون، پیاوان و گەنجانیش ئێستا ژمارەیان زۆر بووە، هەروەها زۆر جار منداڵیش سەردانمان دەکەن، بەڵام ئێمە هیچ جۆرە جوانکارییەکی بۆ ناکەین، چونکە دەبێت لە تەمەنی 20 ساڵی بەسەرەوە کاری جوانکاری بکات''.

دکتۆرە گەشبین گوتیشی: ''دەتوانم بڵێم لە 2013وە کە کاری جوانکاری دەکەم، ئەو کەسەی کە پەشیمان بووبێتەوە لەوەی کە ئیشەکەم بۆ کردووە کەسێک بوو کە فیلەری لێوم بۆ کردبوو، کچێک بوو تەمەنی 18 ساڵ بوو کە نابێ فیلەری لێو بکات، چونکە منداڵ بوو، ئەوە بوو کە پەشیمان بوو و هات فیلەرەکەم بۆی لابرد''.

ئەو پزیشکەی جوانکاری ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان لەسەر بنەمای زانستی کاری جوانکاری دەکەن، نەوەکوو تەنیا ئامانجی ماددی و گوتی: ”دەبێت ئێمە ڕوخساری کەسەکە جوان بکەین، نەک ناشیرن، بۆیە ئەگەر شتێک زۆر پێویست نەبوو، نەیکەی باشترە، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆکاری تێکدانی دەموچاو و ڕوخساری کەسەکە. زۆربەی ئەوانەی جوانکاری دەکەن، لە ڕوخساری خۆیان ڕازی نین، ئێمە زۆر جار پێیان دەڵێین کە خۆیان جوانن و بە جوانیی سروشتیی خۆیان ڕازی بن و ئەو کارەی بۆی هاتوون، نەیکەن''.

هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئارەزوو عوسمان، ڕاوێژکاری دەروونی و ڕاهێنەری بڕواپێکراوی نێودەوڵەتی لە بۆردی ئەڵمانی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی، بە (باسنیوز)ی گوت: ''ئەم بابەتە پەیوەندیی بە باوەڕەکانی مرۆڤەوە هەیە، لە زۆر لە کۆمەڵگادا جوانیی ڕوخسار، یان جەستە دەکرێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی تاک، بەتایبەتییش خانمان، زۆر جاریش جوانیی خانمان بەکار دێت بۆ ساخکردنەوەی کاڵا بازرگانییەکان، وەکوو ئامرازێک بۆ سەرنجڕاکێشاندنی کڕیار و زۆریی فرۆشتن، زۆرێک لەو کەسانەی نەشتەگەریی جوانکارییش دەکەن بۆ ڕازیکردنی کەسانی دیکە و نەبوونی متمانە بە خۆیانە و کەمن ئەوانەی بۆ خودی خۆیان جوانکاری دەکەن، هەربۆیە جوانکارییەکان ئەگەر ئەوە نەبێت کە کەسەکە چاوەڕێی کردووە، ئەوە دواتر دەبێتە هۆکاری فشارێکی زۆری دەروونی و بیرکردنەوەی نەرێنی، هەرکاتێکیش ئەم نەشتەرگەرییە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دووبارە متمانە بەخۆبوونیان لەدەست بدەن و لە باری دەروونییەوە دەشڵەژێن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر نەشتەگەریی زیاتر و زیاتر''.