كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیمام تاشچەر، پەرلەمانتاری هەدەپە: سەرۆك بارزانی تاكە كەسە بتوانێ هەموو کوردەکان کۆ بکاتەوە

”تورکیا بەهۆی پەکەکەوە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان“

ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێ، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان گرنگییەکی گەورە هەیە، سەرکردەکانی دونیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی دەکەن و ئێستا بۆ چارەسەری پرسی کورد، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی هەیە.

ئیمام تاشچەر، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە لێدوانێكیدا بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “کورد نزیکەی 50 ملیۆن کەسە، لە چوار پارچە دابەش کراوە و 100 ساڵە ئەم پارچەبوونە بەردەوامە، تا ئێستا کورد هیچ قەوارەیەکی سەربەخۆیی (دەوڵەت)ی نەبووە، ئێستا قەوارەیەکی دەستووریی هەیە، ئەویش هەرێمی کوردستانە، دەبێ هەموو لایەک بە گەورەیی تەماشای بکەین و وەک چاوی خۆمان بیپارێزین، ئەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەیەتی، تا ئێستا فەرمیی نەبووە”.
ڕوونیشی كردەوە، ئێستا دۆزی کورد بووەتە پرسێکی باش لە دونیا و کوردیش بەهێز بووە، پێویستە کورد چاوەڕوانی ئەو پێشهات و ڕووداوانەبێ كە ئەگەری هەیە ڕووبدەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە یەکڕیزیی کوردە، ئەگەر ئەم یەکڕیزییە نەبێ، وڵاتە زلهێزەکان پشتیوانیی کورد ناکەن، چونکە ئەوانیش بۆ هەتا هەتا لەسەر خاكی كوردان نامێننەوە، دەبێ کورد یەکگرتوو بن.
تاشجەر ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەدات و دەڵێ، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی لە یەکریزیی کورددا هەیە، ئەویش وەک بارزانیی نەمر توانیویە ئەو ڕۆڵە بگێڕێ، ”هەموو کورد متمانەی بە كاك مەسعود بارزانی هەیە و هەمووان باش دەزانن كاك مەسعود ڕێ بە ڕشتنی خوێنی کورد نادات، ئەو دەیەوێ کورد یەکڕیز و یەکگرتوو بن و هەر چوار پارچەش ئەمە باش دەزانن“.
گوتیشی: ”ئەوەی بتوانێ هەموو لایەنە کوردییەکان بە گەورە و بچووک و کەسایەتیی سەربەخۆشەوە کۆ بکاتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانییە، دەبێ ئێستا بانگەوازییەک دەست پێبکات بۆ ئەوەی یەکێتیی کورد هەبێ، ئێستا لە باکوور ئەو هەنگاوەمان هاویشتووە و دەبێ لە رۆژئاواش ئەو یەکڕیزییە هەبێ“.
تاشچەر دەشڵێت: “دەبێ هەموو کوردێک بەرژەوەندیی کوردان لەپێش بەرژەوەندییەکانی خۆی بخات، چونکە لە هەر شوێنێک زیان بەر کورد بکەوێت، لە پارچەیەکی دیکەشدا زیان بە کورد دەکەوێت، ئێستا تورکیا بەهۆی پەکەکە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و لە رۆژئاواشەوە چەندین شوێنی داگیر کردووە، دەبێ ئەو داگیرکارییە نەمێنێت و لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن و خاوەن هەڵوێست بن”.
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ئیمام تاشجەر، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گوتی: “دەبێ سەرۆک مەسعود بارزانی هەموو لایەنە کوردییەکان بانگ بکات، چونکە رۆژ لە دوای رۆژ گۆڕانکاری ڕوودەدات و ئەمریکاش لە رۆژهەڵاتی ناڤین لە کشانەوەدایە، پێویستە کورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات”.