دوو ژنی كورد و دوو هەڵوێستی جیاواز!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 09/12/2021

دوو ژنی كورد و دوو هەڵوێستی جیاواز!

جارێكی تر داعش به‌ هه‌مان ئه‌جێندای پێشووی كوشتن و ترساندن و تۆقاندن هەڕەشەمان لێ دەكاتەوە، نەخاسمە لە بۆشایی ئەمنیی ناوچە كوردستانیەكان كە لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە داگیر كراونەتەوە، ئاساییكردنەوەی ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزەی ئەو ناوچانەش كە لە ئەنجامی خیانەتێكی گەورە تێی كەوتوون، ئه‌ركێكی قورسە، بۆیە دەبێ بە گەورەیی و بە وریایی و بە كاری دەستەجەمی و هاوكاریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییش چارەسەر بكرێت، هه‌رچه‌نده هاتوومه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ سیاسییه‌كانی جیهان و زلهێزەكان، نایانه‌وێت داعش كۆتایی بێت.

كورد، لای خۆیەوە داستان‌ تۆمار ده‌كات بۆ له‌ ناوبردنی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییانه و‌ ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ردا دەیانەوێ بڵێن ئێمە بەردەوامین و بەردەوام هەڕەشە دەبین لەسەر كورد و كوردستان، ئایا سه‌رنجی ئه‌وه‌تان داوه‌ كاتێك له‌ كه‌نار ڕووبارێكدا داده‌نیشین سه‌رنجمان بۆ دوووریی ڕووباره‌كه‌ ده‌ڕوات و وا هه‌ست ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ڕووباره‌كه‌دا ئه‌ڕۆین، ئەمە لە كاتێكدا ئێمه‌ هەر له‌ جێی خۆمانین؟ بەڵام تكایە ئەو ئەزموونەش تاقی بكەنەوە و لە كەنار گۆماوێكی وەستاو و مەنگیشدا بوەستن، بزانن هیچ جووڵەیەك لای هەست و جەستە و مێشكتانەوە دروست دەبێت؟

ئه‌م به‌راورده‌ی كه‌ كردم، وه‌ك هەڵوێستی ئه‌و دوو ژنە‌ كورده‌ی ماوەی رابردوو وێنا ده‌كه‌م، یه‌كێكیان لەسەر سنوورەكانی نێوان بێلارووس و پۆڵەندا، ڕوو له‌ كامێرا ده‌كات و پاش ئەوەی بڕێكی زۆر پارەی داوە بە قاچاخچی و بە خەرجیی فیزا و سەفەر و دەیەوێ وەك خزمەكانی بگاتە (بەهەشتی ئەورووپا!) بەڵام پڕ بە گەروو، نه‌فره‌ت له‌و كوردستانە‌ ده‌كات كه‌ تێیدا له‌دایك بووه! كەچی هەر چەند رۆژێك دوای ئەو دیمەنە، ئافره‌تێكی تری كوردمان بینی كە له‌ شه‌وێكدا سێ ڕۆڵه‌ی ئازیزی لە ئەنجامی هێرشێكی داعشدا شه‌هید بوون، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو خه‌م و ئازاره‌ی له‌ قورسترین دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا هەیبوو، شێرژەن به‌ پێوه‌ وەستاوە و هاوار دەكات كوڕەكانی تریشم قوربانی ئەم كوردستانە بن.

پێش ماوه‌یه‌ك هەر لە (باسنیوز)، وتارێكم لەبارەی گرنگیی پاراستنی كولتووری نەتەوەیی و نیشتماندۆستی و ژیاندۆستیی رەسەنی كوردەوە نووسی كە چەند باڵا و مەزن بووە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، لەنێو كێشە و قەیرانە جیاوازەكانی كوردستاندا، خەڵكانێك ئەم كولتوورە مەزنەیان لەدەست داوە، بەداخەوە ئه‌م كولتووره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده به‌ ویست و ده‌ستی خۆمان بێبەها و بێنرخ دەكەین و بەئاسانی لەدەستی دەدەین، ئەمەش ئەجیندایەكی داگیركەرانە و ململانێی نێوخۆیی خۆشمان، هاوكارە بۆی تا خه‌ڵكی كوردستان هێنده‌ كاریگه‌ر نه‌بێت بە ڕووداوه‌ گه‌وره‌كان و بایه‌خ به‌ رووداوه‌ لاوه‌كی و بێبه‌هاكان بده‌ن.

ئایا له‌م حاڵه‌تانه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا دێن، ئاراسته‌ی په‌روه‌رده‌یی تاك له‌ كوێدایه‌؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ زۆرترین كات سۆشیال میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایتیه‌كان به‌كار ده‌هێنن؟ هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ باشتر شاره‌زاییان هه‌یه‌ له‌ باوانیان، وه‌لێ له‌ڕووی كولتووری نەتەوەیی و نیشتمانیەوە بەداخەوە هۆشیارییان لە ئاستێكی باشدا نیە، ئەوان زۆربه‌ی كاره‌سات و نه‌هامەتیه‌كان به‌ فشه و پێكه‌نینه‌وه‌ و نوكتە باس لێوە ده‌كه‌ن! ئەمەش مەرگەسات و كێشەیەكی گەورەیە.

ئێستا وای لێ هاتووه‌ زۆر ئاسته‌م بووه‌ به‌ نه‌وه‌یه‌كی گه‌نج بڵێیت ئه‌و قوربانییه‌ی دایكی شه‌هیدێك ئه‌یدا بۆ پێكه‌نین نیه‌ له‌ فیسبووكه‌وه‌ تا تۆ ئیمۆجیی گالته‌ئامێزی بۆ دابنێی، كەچی گه‌نجێك بێته‌ سه‌ر شاشه‌ و چڕتێك لێ بدات له‌ تۆڕه ‌كۆمه‌لایتیه‌كانەوە سەدان هەزار لایكی بۆ دێت و ئنجا شاشه‌ی میدیاكانی كوردستانی لێ پڕ دەكەن، زۆربەی میدیای كوردی بایەخ بە كاكی جڕت لێدەر دەدەن و پشت لە خەڵكە مەزنە خاوەن قەزیە و چیرۆكەكان دەكات! ئه‌مه‌ چ جۆره‌ نەریت و رەفتارێكە پەیدا بووە؟

كریشنا مۆرتی ده‌ڵێت: ده‌بێ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ سات له‌ دوای سات، پشكنین بۆ ژیان بكرێت، ژیان هه‌ر سێ ژه‌مه‌ خواردنەكە نیه،‌ سه‌رگه‌رمبوونیش نیە بە ماڵ و كارەوە،‌ ژیان شتێكه‌ ده‌بێت بەردەوام شتی نوێی تیا بدۆزیتەوە. جا‌ په‌روه‌رده‌وه‌ و فێركردنیش هاوكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی پڕ له‌ دسپلین و پرەنسیپی باڵا دروست بكات.