كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چیای حەمرین و بەشێك لە خاكی پارێزگای كەركووك بووەتە ناوچەی ئارام بۆ داعش

چاودێرێكی سیاسی: بەشێك لە چەكدارانی داعش لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق

چیای حەمرین و هەروەها بەشێك لە خاكی پارێزگای كەركووك، بووەتە ناوچەی ئارام بۆ داعش، هێزە عێراقییەكانیش بە كەمتەرخەم دەزانرێن و ئەو شوێنانە كۆنترۆڵ ناكەن. چاودێرێكی سیاسیش ئاماژە بەوە دەکات، كە بەشێك لە چەكدارانی داعش لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، كە لە سەرچاوەیەكەوە وەریگرتووە، ژمارەیەکی بەرچاوی تیرۆریستانی داعش و زۆرینەی ئەمیر و سەركردەكانیشیان لە چیای حەمرینن، بەتایبەت لە سنووری ناوچەی زەرگەن لە چیای حەمرین، كە ئێستا ئەو شوێنە بووەتە ناوچەیەكی ئارام بۆ ئەو تیرۆریستانە. هەرچی هێزە عێراقییەكانن، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ راوەدونانی ئەو تیرۆریستانە ناكەن و بەشێك لە خاكی كەركووكیش، بەتایبەت گوندە دووردەستەكانی سەر بە حەویجە، ئەوانەی كەوتوونەتە نێوان حەویجە و پارێزگای سەڵاحەدین، ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستی داعش لە چەم و دۆڵەكان هەن و بە رۆژ لەو جێگایانەن و بە شەویش دێنەوە نزیك شارەكان و دەست بە پەلاماری تیرۆریستی دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8/12/2021، كاوە ئەحمەد، چاودێری سیاسی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو ململانێ سیاسییەی، كە لە بەغدا هەیە، بەتایبەت لەناو ماڵی شیعە و كەڵەكەبوونی ئەو هەموو كێشانەی لەئارادان، وادەکا دۆخی عێراق تێك بچێت، لەولاشەوە ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەکاندا هەیە، ریشەی هەیە و هەر وا نییە كە لەخۆیەوە دروست بووبێ، دیارە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دۆخەكە خراپتر بووە و داعش خۆی رێكخستووەتەوە و ئێستا لە قۆناخی خۆڕێكخستنەوەش درەچوونە و شەڕی پارتیزانی دەكەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و سەرقاڵبوونی بەغدا بەو کێشانەی كە هەیەتی”.

گوتیشی: “بەشێك لە چەكدارانی داعش لە سووریاوە هاتوونەتەوە و ئەو کردەوانە دەكەن، بەرامبەر بەوەش، دەستەوەستانی حكوومەتی عێراق و نەهاتنەپێش بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان كاریگەریی خۆی لە هاوكێشەكەدا هەبێ و هاوكێشەكە بۆ خۆی و بۆ عێراقیش ڕاست بكاتەوە، بێ گومان بە پێدانی چەكی پێشكەوتوو، چونکە ئەو چەكەی لای حەشدی شەعبی هەیە و تەنانەت لە دەستی داعشدا هەیە، لە دەستی پێشمەرگەدا نییە، دیارە ئەوەش لەدەرەوەی ئیرادەی عێراقە و ناهێڵن كاری هاوبەشیش بكرێ، ئەوەش كۆسپ دروست دەكات".

ئەو چاودێرە سیاسییە روونی دەکاتەوە، كێشەكان لە چەند لایەكەوەن و ئەو عەقڵیەتە هەیە، كە بەشێوەیەك لە شێوەكان گوندە كوردییەكان چۆڵ بکرێن و پرۆسەی تەعریبكردن بەردەوام بێ، ماوەیەكیشە باس لە لیوای هاوبەش دەكرێ، بۆ ئەو مەبەستە، ئەوەی لەسەر كوردە كردوویەتی و ئامادەیە و هێزی دەستنیشان كردووە، تەنیا ئەوە ماوە بڕۆنەوە كەی وەن، تەنانەت راهێنانیشیان تەواو كردووە، ئەوەتا لەم ماوەیەدا پەلاماری داعش بۆ سەر گوندە كوردییەكان و پێشمەرگە زیادی كردووە، هەڵبەتە ئەو هەموو رۆتیناتەی لە عێراقدا هەیە، لە بەرژەوەندیی تەعریبكردنە.

هاوكات، كاوە ئەحمەد، ئەوەشی خستە ڕوو: “ بێسەروبەری لە سیستەمی سوپای عێراقدا هەیە، بەتایبەت لە ئیدارەدان و نەخشەكانی، لەولاشەوە داعش جۆرە چەكی پێشكەوتوویان هەیە و لە درەنگانی شەو دەتوانن گورز بوەشێنن و لەو نێوەندەدا كورد زەرەمەند بووە”.

لەوبوارەدا، شیلان جەعفەر، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە داعش هەر ماوە و لە رێگەی شانە نووستوەكانیانەوە خۆیان بەهێز كردووەتەوە، ئەوەتا لەم چەند رۆژە رابردوودا لە چەند شوێنێكەوە پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان دا و بەردەوامیشە لە پەلامار و كردەوە تیرۆریستییەكانیان".

گوتیشی: “وەزارەتی پێشمەرگە ماوەیەكی باشی لەبەردەستدا بوو سەنگەرەكانی پێشمەرگە تۆكمە بكاتەوە و قایم و بەهێزیان بكاتەوە، ئێمە لە قۆناخێكداین، كە نەبووین بە دەوڵەت و هەموو ئامانجان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە، كەواتە تا نەبین بە دەوڵەت، ئەم داعشەیش نەمێنێ، داعشێكی تر دروست دەبێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە كورد نەبێ بە دەوڵەت، لەولاشەوە حكوومەتی عێراق پابەند نییە بە ناردنی بودجەی كوردستان، بۆیە پێویستە لەبەرامبەر پەلامارەکانی داعش، پێشمەرگە لە بەرگریدابێ و رێگە نەدات داعش دزە بكاتە ناو سەنگەرەكان".

شیلان جەعفەر، ئاماژەی بەوەش دا: "داعش خۆی رێكخستووەتەوە و لە پەلامارداندایە، وەك پێشووش سەنگەر دروست ناكات و ئەو تواناییەی نییە بەرە دروست بكات، بەڵام دێت ژاوەژاو دروست دەكات، تاكوو زیانی گیانی و داراییت لێ بدات و ئەمنیەتی ناوچەكە بشێوێنێ و ترس و دڵەڕاوكێ دروست بكات”.

پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێزەكانی پێشمەرگە لە دوا سنووری باشووری كوردستان، لە حەمرین سەنگەریان هەبوو، بەڵام لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، پێشمەرگە لە ناوچەكە نەماوە و ئێستاش چیای حەمرین بووەتە ناوچەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستانی داعش.