پەیامێك كە هاوكێشە دەگۆڕێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كارزان سه‌باح هه‌ورامی 08/12/2021

پەیامێك كە هاوكێشە دەگۆڕێت

بە نەخشەڕێگەكەی سه‌رۆك بارزانی به‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ حاڵه‌تی به‌رگرییه‌وه‌ بۆ هێرشكردن بگۆڕێت و تۆڵه‌ی شه‌هیدان بكرێته‌وه‌، دۆخی ناوچه‌كه‌ پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، له‌لایه‌ك پێشمه‌رگه‌ سنووره‌كه‌ له‌ داعش پاك ده‌كاته‌وه،‌ لە لایه‌كی دیكەوە‌ په‌یامێكی سیاسی ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كوردستان و خەڵكی كوردستانیان كردووەته‌ ئامانج.

پیلانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هێرشی ئه‌م دواییه‌ی داعش له سنووری مه‌خموور و سه‌رگەڕان و سنووری خانه‌قین، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش بە ئەجیندایەكەوە ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكاته‌وه.

به‌تایبه‌ت له‌ سنووری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، له‌ ماوه‌ی رابردوودا چوار جار به‌فه‌رمی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاگاداری هاوپه‌یمانان و سوپای عێراقی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش به‌نیازی پیلانی نوێیه‌ له ‌ناوچه‌كه‌، پێش هه‌موو شتێك حكوومه‌تی عێراق، مادام سه‌روه‌ریی خاكی عێراقی به‌ده‌سته‌وه‌یه،‌ ده‌بێ سنووری خۆی له‌گه‌ڵ سووریا بەته‌واوی كۆنترۆڵ بكات.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌پێی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كان، دزەكردنی چەكدارانی داعش له‌ سووریاوه‌ بۆ عێراق هه‌بووه‌ و له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاتوون بۆ عێراق، ئامۆزایه‌كی ئه‌بووبه‌كر به‌غدادی بووه‌ كه‌ ئێستا سه‌رپه‌رشتیی داعش ده‌كات له‌ ناوچه‌كانی كوڵه‌جۆ، یه‌كێك له‌و گرفته‌ هه‌رە گه‌ورانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی حكوومه‌تی عێراق بووه‌ته‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی داعش به‌هێز بێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری گرووپ و میلشیای نایاسایی له ‌سنووره‌كانی عێراق و سووریا جێگیر بوون، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌نگال كه‌ هیچ كاتێك حكوومه‌تی عێراق ناتوانێت كۆنترۆڵیان بكات كه‌ ئه‌مه‌ش ئاكامی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، زانیاریی نافه‌رمییش هه‌یه‌ كه‌ له‌وێوه‌ ئاڵوگۆڕ به‌ دیله‌كانی داعش له‌ سووریاوه‌ بۆ عێراق كراوه‌.

فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی بۆ جێگریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی سه‌رگه‌ڕان و گونده‌كانی قه‌راج، هاوكێشه‌كه‌ی گۆڕیوه‌، له‌رووی سیاسییه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی ناچار كرد كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی حكوومه‌تی عێراقی خسته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیی قورسه‌وه‌ و ناچاری كردن به‌ بڕیاردان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ هاوبه‌شیكردنی هێزه‌كیانان له‌و ناوچانه‌.

له‌ڕووی سه‌ربازییشه‌وه،‌ هه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ دووباره‌ ئه‌منیه‌ت و ئارامی بۆ ناوچه‌گه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و رێگا نادرێت مه‌ترسی بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر خەڵك و خاكی ئه‌و ناوچانه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ پشت رووداوه‌كانه‌وه‌ باس بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ی داعش ئامانجیان لێدانه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و بەرتەسككردنەوەی سنوورەكەی.

رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ نه‌خشه‌دانان بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ و رێگه‌گرتن له‌ دووباره‌ هێرشی داعش، هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ ژووری هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كاراتر له‌ جاران بێنه‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌ و به ‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ رووبه‌رووی تیرۆر ببنه‌وه‌، جیا له‌وه‌ش نائارامیی ئه‌و ناوچانه‌ له ‌ماوه‌ی رابروودا، وای كردووه‌ بنكه‌ و باره‌گای هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر بكرێته‌ ئامانج.

ئه‌م پەیامەی سه‌رۆك بارزانی، به‌ جێگركردنی پێشمه‌رگه و هێرش بردن بۆ داعش،‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر نائارامی له‌ ناوسه‌نته‌ری شاره‌كانیشی ره‌وانده‌وه‌ و ئه‌ركی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ به‌زووترین كات چه‌ك ره‌وانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكات، كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كه‌موكورتی له‌و باره‌وه‌ هه‌بێت‌.

پێشووتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كه‌ سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانیان كردبوو، سه‌رۆك هۆشداریی دابوو به‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆوزیی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی دروست له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان نه‌بێت، ناوچه‌كه‌ تووشی گرفتی گه‌وره‌ ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پشتگوێخستنی هۆشداریه‌كان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو بینیمان.

به‌شێكی دیكه‌ی هۆكاری دروستبوونی ئەو هێرشانه‌ و سەرهەڵدانەوەی داعش، ئه‌وه ‌بوو كه‌ عه‌قڵیه‌تێك له ‌به‌غداوه‌ رێگر بوو له‌وه‌ی رێككه‌وتنی شه‌نگال و كه‌ركووك وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، له ‌شه‌نگال به‌ سه‌دان گرووپی نایاسایی و چه‌كدار هه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خۆیان بوونه‌ته‌ گرفت بۆ ئارامی ناوچه‌كه‌، له ‌هه‌مان كاتدا بۆشاییه‌كی زۆری ئه‌منییان دروست كردووه‌، له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووكیش به‌ هه‌مان شێوه‌ دوو ساڵه‌ به‌ بیانووی جیاواز رێگایان نه‌دا به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه،‌ تا دواجار خودی حكوومه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ به‌بێ پێشمه‌رگه‌ ناتوانێت ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه‌ بكات.

سه‌رجه‌م بەرپرسانی حكوومه‌ته‌كانی عێراقیش ده‌بێ له‌وه‌ دڵنیابن كه‌ به‌بێ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ هێڵی ته‌ماسی نێوان كوردستان و عێراقن ئارامی به‌خۆیانه‌وه‌ نابینن، چونكه‌ نه‌خشه‌داڕێژەر‌ی ئارامیی ناوچه‌كه‌یه،‌ جیا له‌وه‌ش ده‌بێ هاوپه‌یمانان هه‌رچی زووه‌ سه‌رجه‌م بنكه‌كانی سه‌ربازیی خۆیان له‌ ناوچه‌كانی كوردستان چالاك بكه‌نه‌وه‌ و رێگا نه‌ده‌ن جارێكی دیكه‌ سیناریۆی ساڵی 2017 دووبارە ببێته‌وه و هاوپه‌یمانانیش به‌بێده‌نگی به‌دیاریه‌وه‌ ته‌ماشا بكەن.