عەلی مەکتەبە، مامۆستای کتێب
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
زیرەک کەمال 08/12/2021

عەلی مەکتەبە، مامۆستای کتێب

نووسین لەبارەی ڕۆشنگەر و خەباتگێڕی ناسراوی ڕواندز و کوردستان بەگشتی، هاوڕێ عەلی مەکتەبە، کارێکی قورسە و هەموو کەس لە توانا و وێزەی ئەو کارە نایێت، چونکە ئەو مرۆڤە مەزنە شایانی ئەوەیە لە چەندین کایە و بواری جیا جیادا قسەی لەسەر بکرێت و دەستخۆشی و ستایش و ئافەرینی لێ بکرێت، چونکە مامۆستای نەمر، هاوڕێ عەلی مەکتەبە چەندە یەکەم خاوەنی کردنەوەی کتێبخانە بووە لە ڕواندز، ئەوەندەش شیوعییەکی تێکۆشەر و ڕێبوارێکی کارامە و ماندوویینەناسی ڕێگای ئاشتی و دیموکراسی و نیشتمانی و سۆسیالیزم بووە، چەندە ئاشقی کتێب و کتێبخانە و زانست و ڕۆشنگەری بووە، ئەوەندەش هەڵگری ئاڵای خەباتی نێونەتەوەیی و چینایەتیی گەلەکەی بووە بەگشتی.

دیارە وەکوو گوتم نووسین لەبارەی ئەوانەی لە زیاتر لە کایە و ڕووبەرێکی ژیاندا ئامادەیی و کاریگەرییان هەبووە و هەڵگری زیاتر لە ناسنامەیەک بوونە و لە چەندین ڕووبەری ژیاندا ئەسپی خەباتیان تاو داوە، بە یەک جار قورسە، بۆیە ئەوەی لەبارەی هاوڕێ عەلی مەکتەبە بنووسرێت و بگوترێت ناگاتە ئاستی باڵای کەڵەگەت و مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەو پیاوە مەزنە، هەر نازناوی مەکتەبەیە کە لکاوە بە ناوی ئەو مرۆڤە خەباتگێڕەوە و چەندین مانا و مەخزەمان دەربارەی ئەو پیاوە پێ دەڵێت.

کردنەوەی کتێبخانە لە ڕووبەرێکی دیاریکراوی جوگرافی و بە تەنها دیاریکردنی خانوویەک بۆ کتێب و کۆکردنەوەی کتێب نییە لەو شوێنەدا، بەڵکوو دوای ئەوە ئەو شوێنەی کتێبخانەکەی لێ دەکرێتەوە، دەبێتە ناوەندێکی مەدەنی و مەعریفی و فکری و ڕۆشنگەری و هەر لەو ڕووبەرشدا کتێب و ڕۆشنگەری زیاتر قورسایی و مەعنەویەتی و مانا و هێزی فکری و کرانەوە و تازەگەری پەیدا دەکات و زیاتر برەو دەداتە بازاڕی وشە و ڕستە و زانین و زانست و دنیای پڕ لە جوانی و سەرامەدی هۆشیاری. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو کردنەوەی کتێبخانە بۆ یەکەمین جار لە هەر دەڤەر و ناوچەیەک ڕوانین و تێگەیشتن و قەناعەت و هۆشیاریی دانیشتوانی دەڤەرەکە لە بەرانبەر کتێبدا دەباتە ئاستێکی باڵاتر و زیاتر و دەبێتە فاکتەری تاوسەندنی حەز و خۆشەویستی یەک بە یەکی دانیشتوانی ئەوێ بۆ خودی کتێب.

بۆیەش دەبینین و هەست بەوە دەکەین کەوا هاوڕی و خەباتگێڕی گەورەی حزب و گەلەکەمان، مامۆستا عەلی مەکتەبە لەو کاتەوەی بۆ یەکەمین جار لە ڕواندز کتێبخانە دەکاتەوە و شوێنێک دەکاتە ماڵی کتێب لەو شارۆچکە ڕەنگین و جوان و مێژووییەدا، هەر دوای ئەوە دانیشتوانی ڕواندز زیاتر لە قورسایی مەعنەوی و مانا و مەغزاکانی کتێب تێ دەگەن و هەرزووش ژمارەی ئاشقان و هەوادارانی کتێب و کتێبخانە ڕوویان لە زیادبوون دەبێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو خودی ڕواندز وەکووو شارێکی زیندووی مێژووی کورد و کوردستان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی فکری و مەعریفی و ڕۆشنبیری پتەوتر دەکات و ناو و ناوبانگیشی لە مێژووی کتێب و کتێبخانە لەسەر ئاستی کورستان گەورەتر دەکا، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، واتا زیاتر لە سەد و بیست ساڵ بەر لە ئێستا دانیشتوانی تێکۆشەر و ڕۆشنبیری شاری ڕواندز پەیوەندی و سەروکاریان لەگەڵ کتێب و ڕۆژنامە و زانست و هۆشیاری هەر هەبووە و مێژووش پێمان دەڵێت لەو ڕێکەوتەوە، واتا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بەر لە سەدەی بیستەمەوە ڕۆژنامەی ''زەوڕا''ی عێراقی کە لە بەغدا دەردەچوو، ١٢ هاووڵاتیی ڕواندز ئیشتیراکیان لەگەڵی هەبووە، واتا ئەو دوازدە کەسە لە بەغداوە سەرجەم ژمارە نوێیەکانی ڕۆژنامەی ''زەوڕا''ی بەدەست گەیشتووە و ئەو ڕاستییە مێژووییەش ئەو ڕاستییەمان لەلا بەرجەستە و فەراهەم دەکات کە شاری ڕواندز چەندە لەڕووی سیاسی و خەبات و تێکۆشانەوە پایتەختی میری سۆران و ناوەندی هۆشیاری و بەرگریکردن بووە لە ماهیەت و فکری ناسیۆنالیستی و کوردایەتی، دانیشتیوانەکەشی ئەوەندە خەڵکانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و کراوە و زانست و زانینخواز بوونە و بۆیەش دەکرێ ئێمە هاوڕێی تێکۆشەر و ڕۆشنبیر هاوڕی عەلی مەکتەبە و کتێبخانەکەی وەکووو دوو دیاردەی ڕۆشنبیری و مەعریفیی ناو هەناوی مێژووی ڕواندز سەیر بکەین و ئەو ڕاستییەمان لەلا بەرجەستەتر بکا کە ئەو شارە مەزن و گرنگ و کاریگەرە هەردەم مەکۆ و مەڵبەندی کوردایەتی و ڕۆشنگەری و زانستخوازی بووە.

دیارە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤ و هەموو جیهان و شارستانیەتیی مرۆڤایەتی، ئەوەمان بۆ بەدیار دەکەوێت کە هەر شارێک لە جیهاندا ناو و ناوبانگی هەبووبێت و وەکووو شارێکی جیهانی ناوی هاتبێت، ئەوا کتێبخانەی هەبووە، واتا کتێبخانە ئاوێنەی باڵانمای پێشکەوتن و ڕۆشنگەریی ئەو شارانە بووە.

هەڵبەت مێژوو پێمان دەڵێت، تەنانەت میرنشینە کوردەکانیش کە سەدان ساڵ بەر لە ئێستا لە ناوچەیەکی جوگرافیی بەرتەسکدا حوکمڕان بوونە، هەموویان کتێبخانەی خۆیان هەبووە و شان بە شانی سیستەمی حوکمڕانی هێزی سەربازی کایەی ئیداری گرنگییەکی زۆریشیان بە کتێب و کتێبخانە و زانست و خوێندەواری داوە.

هەڵبەت هەرکەس و لایەنێک کتێبەکەی (سیاحەتنامەی ئەولیای چەلەبی) بخوێنێتەوە، زیاتر ئەو ڕاستییەی لەلا بەرجەستە دەبێت کەوا میرنشینی کوردەکانی ژێرسایەی ئەو میرنشینانە چەندە هۆگری کتێب و کتێبخانە و خوێندەواری بوونە، چونکە شان بە شانی سیاسەت و ئیدارەدانی میرنشینەکەیان، هەموویان خاوەنی کتێبخانەی گەورەش بوونە.

هەڵبەت نووسین لەبارەی هاوڕێی تێکۆشەر و ڕێبەری کتێب و سەرکردەی مەزنی خەبات و تێکۆشانی نیشتمان و چینایەتی، هاوڕێ عەلی مەکتەبە، زیاتر هەڵدەگرێت و شایانی زۆر لەو پێشەکییە زیاترە، بۆیە لە کۆتاییدا پڕ بەدڵ دەستخۆشی و ئافەرین لە هاورێیانی ڕێکخستنی ڕواندز و سۆران دەکەم کەوا چاک و قۆڵی مەردایەتییان لێ هەڵکردووە و ماندوو بوونە و ڕەنجی فەرهادیان کێشاوە، تاکوو شیرینیی ئەو کتێبە بێننە بەرهەم.