بارودۆخی ئايينى كوردستان بەر لە دەركەوتنى ئايينى ئيسلام
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 08/12/2021

بارودۆخی ئايينى كوردستان بەر لە دەركەوتنى ئايينى ئيسلام

 

42


7- دەركەوتن و بڵاوبوونەوەى ئايينى مەزدەك

(ئایینى مەزدەكی) بۆ پێشەواكەی (مەزدەكی كوڕی بامداد/ 468-536ز) دەگەڕێتەوە، كە لاى هەندێ کەس بە پەیامبەرێكى فارسى و لای هەندێكی تر بە چاكسازێكی ئایینى ناسرا. ئەو پێشتر مووغێكى زەدەشتی و بۆ ڕزگابوونی ئایینەكەى و كۆمەڵگای ساسانی لە لەناوچوون، بە پەیامێكی نوێوە هاتە مەیدان و لە بەرگێكی نوێدا خۆی پیشان دا،بەناوی خۆیشیەوە ناو نراوە (مەزدەكی).

(مەزدەكی كوڕی بامداد) لە سەردەمی بیستەمین پادشای ساسانی بە ناوی (قوبادی كوڕی پیرۆز/ 488-532ز)، كە بە (قوبادی یەكەم) ناسرا، بانگەشەی بۆ پەیامەكەی كرد. دواتر لەلایەن پادشای ساسانی، وەك ئایینى فەرمیی دەوڵەتەكەی قبووڵ كرا. تەنانەت (قوبادی یەكەم) بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی پێ هێنا و پشتیوانیی بڵاوكردنەوەی لێ كرد، تا كۆمەڵگای ساسانی لەو كێشە ئاریشانە ڕزگار بكات كە تێی كەوتبوو. هەر بۆیە ئەو ماوەیە بە سەردەمی زێڕێنی (ئایینى مەزدەكی) ناسرا.

لەو ماوەیەشدا ئایینەكە گەیشتە ئەو ناوچانەی كوردستان و مەڵبەندە كوردنشینەكان، كە كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆڕیی ساسانی، بەڵام بەو پێیەی پەیامەكە نوێ و دوور بوو لە باوەڕ و تێگەیشتنی كۆمەڵگای ئەو سەردەمە، بۆیە ئاستی بڵاوبوونەوەی سنووردار بوو. هۆكاری دووریى پەیامەكەشی لە واقیعی ئایینى و كۆمەڵایەتیی سەردەمەكە ئەوە بوو، كە (مەزدەك) ئايينەكەى لەسەر (دوو) بنەماى سەرەكی داڕشتبوو. یەكەمیان گێڕانەوەی داهات و دارایی و سامانى وڵات بوو بۆ تێكڕایی كۆمەڵگا، نەوەك بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو. دووەمیان ئازادی دان بوو بە ئافرەت، بەوەی ئازادە شوو بە چەند پیاوێك دەكات و چەند پیاو دەكاتە هاوسەری خۆى؟

دیارە ئەگەرچی (مەزدەك) پەیامەكەى بەو شێوەیە نەخستە ڕوو، تا سامانی گشتی ئازاد بكات و ژنانیش وەك پیاوان مافی فرەیان هەبێت، بەڵام دواجار وا كەوتەوە، ڕاستییەكەی (مەزدەك) پێى وابوو، ناكرێت كەمینەیەك دەست بەسەر داهات و سامانی زۆرینەی كۆمەڵگادا بگرن، چونكە ئەو سامانەی بەرپرسان و خاوەن موڵك و دەرەبەگ و بازرگانان پێكەوەیان ناوە، بەشێكی لەسەر خوێن و هێز و بازووی كاسبكار و جووتیار و زەحمەتكێشان بنيات نراوە. هەروەها باوەڕشی وابوو، وەك چۆن پیاوان مافی ئەوەیان هەیە چەند ژنێك بهێنن، ئەوا ژنانیش مافی ئەوەیان هەیە شوو بە چەند پیاوێك بكەن.

لەم (دوو) پەیامەشیدا ئامانجی ئەوە بوو، لەلایەك ڕێگری لە قۆرخكاریی داهات و سامانی وڵات بكات لەلایەن كەمینەیەكی دەسەڵاتدارەوە، لەلایەكی دیكەوە ڕێگری لە فرەژنی بكات لەلایەن پیاوەكانەوە، بەڵام دواتر بابەتی فرەپیاوی بۆ ژنان، كۆمەڵگای ساسانیی لێ هاتە دەنگ و خراپ بەسەر پەیامەكانیدا شكایەوە. هۆیەكەش ئەوە بوو، كە بۆ ئەو سەردەمە، قورس بوو، باس لە فرەپیاوی بۆ كچان و ژنان بكرێت.

هەروەها (مەزدەك) ویستی لە ڕێگای ئەو (دوو) پەیامەوە زۆرینەی كۆمەڵگا لەسەر حیسابى كەمینەكەى ڕازی بكات، بەوەی زۆرینەی كۆمەڵگا هەژار و كەمینە دەسەڵاتدار و ساماندار بوون. هەروەها پیاوانیش وەك ڕەگەزی نێر، تەواوی ئازادییەكانیان لە كچان و ژنان، واتە ڕەگەزی مێ سەندبوو، بۆیە ویستی بەو (دوو) پەیامە و وەك ئەركی ئایینى، زۆرینەى كۆمەڵگا ڕازی بكات و مافەكانیان لە كەمینە بۆ وەربگرێتەوە، بەڵام كێشەی گەورە ئەوە بوو، كە لەلایەك گەیاندنی ئەو (دوو) پەیامە بۆ وەها ڕۆژگارێك سەخت و دژوار بوو كە زۆرینەیان نەخوێندەوار و باوەڕداری ئایینەكانی تر بوون.

لە لایەكی دیكەوە، پەیڕەوانی توانای گەیاندنی ئەو پەیامەیان وەك خۆى نەبوو، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، هەژارانیان كرد بەگژ خاوەن موڵك و ساماندارەكان و دواجار بێسەروبەری و پاشەگەردانیی كۆمەڵگای لێ كەوتەوە. لەلایەكی دیكەوە، شووكردنى چەند كچێك بە چەند پیاوێك، یان كۆكردنەوەی چەند پیاوێك لەلایەن ژنێكەوە، نەك هەر بۆ باوك و پیاوەكان سەخت و قورس و قبووڵنەكراو بوو، بەڵكوو بۆ خودی كچان و ژنانی ئەو سەردەمەش سەخت و دژوار بوو.

بەتایبەت بۆ كۆمەڵگای كوردى و كوردستانی لەو سەردەمەدا، كە كۆمەڵگایەكی خێڵەكی و هۆزایەتی و تیرەگەری و ناوچەگەری بوو. ئەمەو سەرباری باڵادەستیی سیستەمی دەرەبەگایەتی و باڵادەستیی ئایینەكانی وەك (جوو، زەردەشتی، مەسیحی، مانى)، لەپاڵ بوونی ئایینەكانی (ئێزدی و كاكەیی) بەسەر كوردستانەوە، چونكە هیچ یەك لەو ئایینانە، پەیامەكەی مەزدەكیان نەك هەر قبووڵ نەبوو، بەڵكوو بە دژی خواستی خودا و پێچەوانەی ئایینەكەیان و كۆمەڵگاكەیان دەزانی.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەو توێژە هەژار و زەحمەتكێشانەی كۆمەڵگای كوردی وەك پێكهاتەكانی ترى نێو ئیمپراتۆڕیی ساسانی، كە بەدەست ستەم و چەوساندنەوەی بەرپرسانی ساسانی و دەرەبەگ و خاوەن موڵك و بازرگان و پیاوانی ئایینییەوە گیریان كردبوو، بە پەیامەكەی مەزدەك خۆشحاڵ بوون و پشتیوانییان لێ كرد، بۆیە بەشێكیان باوەڕیان پێ هێنا و بوونە پەیڕەوکاری.

تەنانەت لە هەندێ ناوچە، بەتایبەت شارەكان، پشتیوانیی لێ كرا، بەڵام گوندنشینەكان بەهۆی نەخوێندەوارییان و باڵادەستیی خاوەن موڵك و دەرەبەگەكان لەلایەك و پیاوانی ئایینى لەلایەكی دیكە بەسەریانەوە، نەیانتوانی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە و باوەڕ بە پەیامەكە بهێنن. هەر بۆیە ئەوانەی لەو دۆخە تووڕە و نیگەران بوون، پەیامەكەی مەزدەكیان قۆستەوە و لە ڕێگای بەتاڵانبردنی سەروماڵى دەرەبەگ و خاوەن موڵك و بازرگانان، باوەڕیان بە ئایینەكە هێنا.