كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خورماتوو لە سایەی حەشدی شەعبی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر زیادی كردووە

"مادە هۆشبەرەكان تەنگی بە قوتابخانەكان هەڵچنیوە"

لە سایەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، كڕین و فرۆشتن بە ماددە هۆشبه‌رەكان له‌ خورماتوو زیادی كردووە، بە تایبەت لە ناو قوتابخانەكان، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ڕایدەگەیەنێت، هەفتانە چەند كەسێك بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیر دەكەین، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە دەخاتە ڕوو، كڕین و فرۆشتن بە مادە هۆشبەرەكان تەنانەت لە ناو قوتابخانەكانیش دەكرێت.

پۆلیس: لە ماوەیەكی دیاریكراودا 250 كەسمان بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان دەستگیر كرد

ئەمڕۆ سێشەممە 7/12/2021، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان زیادی كردووە و هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سنوورەكان كراوەن و چاودێری ورد نییە بۆیە ماددە هۆشبەرەكان دێننەوە ژورەوە و ئەوەش بەهۆی گەندەڵی ئیدارییەوەیە".

گوتیشی، لە ماوەیەكی دیاریكراودا 250 كەسمان لە خورماتوو دەستگیر كرد بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە و ئێستاش هەفتانە چەند كەسێك لە خورماتوو دەستگیر دەكەین هەر بەهۆی ئەو تاوانەوە و ڕەنگە ئێستا دۆخی خورماتوو لە زۆر شوێنی تری عێراق باشتر بێ و ئێستاش لیستێكمان لایە كە ناوی دەیان كەسن لە ناو خورماتوو بەڵگەمان لایە كە ماددە هۆشبەرەكان بەكاردەهێنن و بازرگانی پێوە دەكەن و هەوڵی دەستگیركردنیان دەدرێت.

ئەوەشی گوت، كێشەیەكی تر هەیە، كە ئەویش ئەوەیە رۆژانە ئەو هەموو ئۆتۆمبێلانە دێنە ناو خورماتووە خۆ ناكرێ ئۆتۆمبێل بە ئۆتۆمبێل پشكنینیان بۆ بكرێ لە بازگەكان و ماددە هۆشبەرەكانیش كێشیان كەمە و ڕەنگە لەناو ئۆتۆمبێلەكانیان بیشارنەوە و بیهێننه‌ ناو شاره‌وه‌، بەڵام ئێمە لەسەر زانیاری دەڕۆین ئەو كەسانە دەستگیر دەكەین كە لە ناو خورماتوو ئەو ماددانە بەكار دەهێنن یاخود بازرگانی پێوە دەكەن.

هاوكات، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی پێشوی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دیارە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئەو پاشاگەردانییەی لە سنووری خورماتوو هەیە، كاریگەری لەسەر هەموو كۆمەڵگا كردووە، چی لەرووی كۆمەڵایەتی یاخود سەربازی و لەهەمان كاتدا كاریگەری خستووەتە ناو قوتابخانەكان ئێستا تووشی گرفتێك بوونە بەهۆی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ناو قوتابخانەكان و كاریگەری لەسەر قوتابخانەكان دروست كردووە و ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە لە ڕاستیدا".

به‌لەناو قوتابخانەكان ماددەی هۆشبەر دەفرۆشرێتە قوتابیان

گوتیشی گەنجێكی زۆر ئاڵوودەی ئەو ماددەیە بوونە بەتایبەت نەتەوەكانی تر، بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەكانی ئێمە زیاتر لە ناو قوتابخانەكان ئەو ماددانە دەفرۆشنە قوتابییەكان و ئێستا ئەوەش بووەتە گرفتێكی سەرەكی، بەتایبەت لە خورماتوو.

كەسانی سەر بە حەشدی شەعبی لە شارەكانی باشووری عێراقەوە ماددەی هۆشبەر دەهێنن

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) كە لە سەرچاوەیەكەوە وەری گرتووە، ئەوانەی كە مادە هۆشبەرەكان دێننە ناو خورماتوو كەسانی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبین و لە بازگەكان رێگەیان لێ ناگیرێت و زیاتر لە شارەكانی باشووری عێراقەوە ئەو ماددانە دەهێننە ناو خورماتوو و ئەوانیش لە رێگەی چەند كەسێكەوە لە ناو خورماتوو ساغی دەكەنەوە و هێزە ئەمنییەكانیش ناتوانن بازرگانەكانی مادە هۆشبەرەكان دەستگیر بكەن بەهۆی ئەوەی پشتیان بە حەشدی شەعبی قایمە.

ئەوەش زاندراوە كە ئەو مادانە زیاتر لە ناو پێكهاتەی توركمانی شیعەی قەزاكە كڕین و فرۆشتن و بازرگانی پێوە دەكرێت و كەمتر گەنجانی پێكهاتەكانی تر ئالودەی ئەو مادانە بوونە.

گەنجێكی دانیشتوی گەڕەكی ئیمام ئەحمەدی خورماتوو كە نەیویست ناوی بهێنین و ئەو گەڕەكە گەڕەكێكی توركماننشینە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە سێ شوێنی گەڕەكەكە شوێنی كێشانی نەرگیلە كراوەتەوە و هەر لەو شوێنانە مادەی هۆشبەریش بەكار دەهێنرێت".

گوتیشی، بابەتی بازرگانیكردن و بە كارهێنانی مادە هۆشبەرەكان لە خورماتوو ئێستا زۆر زیادی كردووە و بووەتە قسەو باسی ڕۆژانەی خەڵك، بەڵام هێزە ئەمنییەكانیش هیچ كاردانەوەیەكی وایان نییە بۆ كۆتایهێنان بەو دیاردەیە.