كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حوسێن قائیدى: ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی هاوکاریمان ناکات

"حكوومه‌تی عێراق بەڵێنی هارکاری دا، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ نەکردووە“

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی ئاشکرای دەکات، ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هاوکار نییە بۆ گەڕاندنەوەی کوردانی ئێزدیی رفێندراو لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

حوسێن قائیدى، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی رێکخراوی یونیتات، پرۆژەیەکی نوێ بۆ ئەرشیفکردنی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش جێبەجێ دەکات و هەموو ئەو دەردەسەرییانەی کوردانی ئێزدیی رفێندراو بینیویانە، بەشێوەیەکی زانستی دۆکیومێنت دەکرێن.

حوسێن قائیدی هەروەها رایگەیاند: تا ئێستا سێ هەزار و 550  رفێنراوی کوردی ئێزدى لە هه‌ردوو ره‌گه‌ز رزگار کراون و هێشتا چاره‌نووسى زیاتر لە دوو هەزار و 700 رفێنراوی دیکە دیار نییه‌، بەڵام ”تاوەکوو یەک رفێنراو مابێت، گەڕان و بەدواداچوون بۆ رزگارکردنیان هەر بەردەوام دەبێ“.

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی ئاشکراشی کرد، کە زانیارییان لەبارەی بوونی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لە عێراق، سووریا و هەندێک وڵاتی دیکەدا پێگەیشتووە، ”ئێمە وەک نووسینگەی رزگاکردنی رفێندراوان، بەردەوام بەدواداچوون دەکەین و ئەگەر بزانین رفێندراوێک لە شوێنێک هەیە، هەموو هەوڵی خۆمان بۆ رزگارکردنی دەدەین“.

حوسێن قائیدی جەختی لەوە کردەوە، کچ و کوڕانی رفێندراوی کوردی ئێزدی لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستاندا هەن، بەڵام ”دەسەڵاتدارانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هاوکارمان نین بۆ رزگارکردنیان، ئەمە هۆکار بووە کە تا ئێستا رفێندراوان لەناو کەمپی هۆل بمێننەوە، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش هاوکار نییە، زۆر جار داوامان کردووە، شاندیشمان لە چەندین کەسایەتیی کوردی ئێزدی پێکهێنا و چوونە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بە دەستبەتاڵی گەڕانەوە“.

حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ رزگارکردنی رفێندراوان نەناوە

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی راشیگەیاند: لە ساڵی 2014ـەوە ‌تا ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی نەناوە، ”زۆر جار داوا لە بەغدا کراوە هاوکاریی پرۆسەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بکات، بەڵام نەیکردووە، تا ساڵی 2015 من وەکو به‌رپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، لەگەڵ خەیری بۆزانی، بەرێوەبەری كاروباری ئێزیدیەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بەفەرمی داوامان لە حکوومەتی عێراق کرد هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکات بۆ رزگارکردن و گەڕاندنەوەیان، حکوومەتی عێراق بەڵێنی پێداین هاوکاریمان بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی نەکردووین و بەڵێنی خۆی بەجێ نەهێناوە“.

هەروەک حوسێن قائیدی ریگەیاند، پرسی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بابەتێکی مرۆییە و هیچ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە، پێویستە هەموو لایەک هاوکار بن بۆ رزگارکردنیان، ”ئێمە لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رژدین لەسەر کارکردن بۆ رزگارکردنی هەموو رفێندراوانی کوردی ئێزدی“.