بەباڵابڕینێک بۆ کۆپەڕە گرنگەکەی فازڵ جاف
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەڵوێست نەریمان 06/12/2021

بەباڵابڕینێک بۆ کۆپەڕە گرنگەکەی فازڵ جاف

(ئەزموونی‌ ڕیژیسۆرێک.. میتود و ئێستاتیکای تیپی شانۆی ئارارات) ئەم کۆپەڕە دەتوانین بڵێین درێژەی ‌کۆپەڕی کتێبی (ڕێژیسۆر و نماییش لەسلێمانیەوە بۆ ستۆکۆڵهم)ە، نووسەر تێیدا بۆ یەکەم جار، وەک دەرهێنەرێکی کورد باس لە ئەزموونی هونەریی خۆی لە پرۆسەی هونەر و تەکنیکەکانی دەرهێنانی شانۆیی دەکات.

لەم کۆپەڕەدا، ئاشنای ئەزموونی ڕیژسۆرێک دەبین کە لە تاراوگەدا لەگەڵ چەند شانۆکارێکی کورد تیپی شانۆی ئاراراتی پێکهێناوە و وەک ڕیژیسۆر و وەرگێڕ و دراماتۆرگ کاری شانۆیی کردووە.

کۆپەڕەکە تەواوی ڕەوتی هونەریی تیپی شانۆی ئارارات دەگرێتە خۆ، کە چۆن گرووپێک شانۆکاری کورد لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، لە شاری ستۆکهۆڵم ئەم تیپەیان دروست کرد و چەندین نماییشیان بەرهەم هێنا.

لەم کۆپەڕەدا بە پلەی یەکەم باس لە ئەزموونی خودی د.فازڵ‌جاف دەکرێت وەک ڕیژیسۆر، بەڵام کۆپەڕەکە هاوکات شێوازی کارکردنی ئەو گرووپە شانۆکارە کوردە دەخاتە ڕوو، کە لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا توانییان لە شاری ستۆکهۆڵم و چەند شارێکی تری سوێد، چەند بەرهەمێکی شانۆیی، بە میتود و شێوازێکی تایبەت نماییش بکەن.

د.فازڵ‌ جاف لەم کتێبەدا باس لە ئەزموونی خۆی دەکات وەک ڕێژیسۆری تیپی شانۆیی ئارارات، هاوکات تاوتوێی ئەو میتود و تەکنیک و کەرەستانە دەکات کە لە نماییشەکانی تیپەکەدا پیادەی کردوون. لە شانۆی کوردیدا، ئەمە یەکەم جارە شانۆکارێک بێت کۆپەڕێک لە سەر تەکنیک و میتودی کارکردن و چۆنێتیی ‌مەشق‌ و ئەمجامدانی سینۆگرافیا و ڕووناکی بە شێوەیەکی زانستییانە و دیدگەیەکی بابەتییانە بنووسێت.

نووسەر لەم‌ کۆپەڕەدا دوو قۆناغی کارکردنیمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەزموونی قۆناغی یەکەم: ئەزموونی ڕێژیسۆرە پێش خوێندنی شانۆ لە سوید و بەریتانیا و ڕووسیا.

ئەزموونی قۆناغی ‌دووەم: ئەزموونی پاش خوێندنی ئەکادیمی و بەدەستهێنانی شارەزایی ئاکادیمی و ئەزموونی، وەکوو دەرهێنەر و ڕاهێنەری میتودی دەرهێنەری جیهانی فسیڤۆلود مییرهۆڵد.

نووسەر ئەزموونەکانی خۆیمان ‌زۆر وردی بە زمانێکی ڕەوان ‌و شیرینی کوردی بۆ دەگێڕێتەوە، شێوازی گێڕانەوەی چێژبەخشە، بە جۆرێک وا لە خوێنەر دەکات دەست لە خوێندنەوەی کتێبەکە هەڵنەگرێت تا کۆتایی.

نووسەر لەم‌ کۆپەڕەدا تەنیا سەرکەوتنەکان تۆمار ناکات، خۆی ناکا بە مەعسووم و هەموو کارەکانی بە سەرکەوتوو دابنێت، بەڵکوو دەتوانین بڵێین ئەمە بۆ یەکەمین جارە دەرهێنەرێکی شانۆیی کورد بەو شێوەیە باسی شکستەکانی خۆییمان بۆ بکات، باسی ئەو کۆسپ و ڕێگرانەش دەکات کە هاتوونەتە ڕێی.

نووسەر باسی ئەوەمان بۆ دەکات چۆن تیپی ئارارات بۆ ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ مەشق و ڕاهێنان ‌و پڕۆڤەیان چەندین تێکست کردووە، بەڵام پێش نماییشکردنیان لەگەڵ ئەکتەرەکان دەگەنە ئەو بڕوایەی کە نماییش‌ نەکردنی باشترە لە نماییشکردنی!

نووسەر دەڵێ: ”هێندە بە خەڵکمان گوتبوو پڕۆڤەی شانۆیی دەکەین و بەم زووانە نماییشەکەمان پێشکەش دەکەین، لە ئەنجامدا نماییش نەدەکرا! خەڵک بە جۆرێ لێمان بێهومێد بوون، تا گەیشتە ئەوەی بە لافیتەیەک لەپێش هۆڵی نماییشێک بە زمانی کوردی بنووسن دەرهێنەرەکە مردووە و ئەکتەرەکان ڕۆیشتوون گۆڕی بۆ هەڵبکەنن.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم کۆسپانە نابنە ڕێگر لە بەردەم سەرکەوتنەکانی تیپی شانۆی ئارارت و دەرهێنەرەکەیدا، ئەوان لە کۆتاییدا بەسەر تەواوی تەنگوچەڵەمەکاند زاڵ‌ دەبن‌.
دەرهێنەر بە نماییشی (گێژەن)ی نووسەری پۆڵۆنی سلاڤومیر مروژیک تاسە و چاوەڕوانی ئامادەبوان و بینەران دەشکێنێ و ئەوانیش لە هۆکار و نهێنیی نماییش نەکردنی چەند ساڵەی ڕێژیسۆر و تیپەکە تا ڕادەیەک تێدەگەن.

نووسەری کتێبەکە پێمان دەڵێ: ”مەرج نییە هەموو پرۆڤەیەک کۆتاییەکەی نماییشی لێ ‌بەرهەم بێت، بەڵکوو پرۆڤە و ڕاهێنان و مەشقی بەردەوام شانۆکار بەرەو پێش و سەرکەوتن دەبات.

نووسەر لەمیانەی ئەزموونی دوورودرێژی خۆیەوە، وەک ڕێژیسۆر، بە شانۆکاری گەنج دەڵێ: ”تەنیا بە ئەزموونی بەردەوام سەرکەوتن مسۆگەر دەکەیت، بۆیە سەرەڕای هەموو کۆسپ و ئاستەنگێک نابێت بوەستیت و لە پرۆسەی داهێنان سارد ببیتەوە“.

هەر بۆیە ئەم کۆپەڕە، بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای کاری‌ هونەریدان و دەیانەوێ ببن بە ڕێژیسۆر گەلێک سوودبەخشە، چونکە نووسەر خۆی ڕاهێنەرێکی نێونەتەوەیی شانۆ و زمانی جەستەیە. شانۆکاران دەتوانن سوود لە ئەزموون و دونیابینیی ڕێژیسۆرێک ببینن کە هەرگیز لە گەڕان سۆراخ و خوێندن و خۆپێگەیاندن تاکوو ئێستاش بەردەوامە و کۆڵی نەداوە، نووسەر، وەک ڕیژیسۆرێکی پڕ ئەزموون ئێمەی شانۆکارانی گەنج فێر دەکات چۆن کەڵک لەشکستەکان وەربگرین و بیانخەینە خزمەت سەرکەوتنەکانمانەوە.

لەم کۆپەڕەدا، نووسەر ئەکادیمیانە و زانستیانە باس لە چۆنێتیی هەڵبژاردنی تێکست ‌و ڕاهێنانی پێش پرۆڤە و سەرمەشق و پرۆڤە دەکات، نووسەر باس لە پانتایی نماییش و سینۆگرافیا و ڕووناکی و موزیک دەکات.

نووسەر یەکەم ڕیژیسۆری کوردە کە پاشتر بەرهەمی شانۆیی تیپەکەی، تیپی شانۆی ئارارات، لە تاراوگەوە دێنێتەوە بۆ کوردستان، لە هەولێر و سلێمانی نماییشی دەکەن.

پاش خوێندنەوەی ئەم کۆپەڕە بۆت دەردەکەوێت کە ئەگەر شانۆکارێک بیەوێ ببێت بە ڕێژیسۆر مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە، هونەری دەرهێنانی شانۆیی هەوڵ ‌و ماندووبوون و خۆپێگەیاندنی دەوێ، عیشقی ‌شانۆ دڵگەورەیی و خۆڕاگریی دەوێ، گوێنەدان بە تانە و تەشەر و ڕەخنەی بێبنەما و کۆڵنەدانی دەوێ، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین پەیەمەکانی نووسەر.