كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، هاوشێوەی حکوومەتەکەی مالیکی دوا دەکەوێت

 

لەگەڵ ئەوەی لایەنە عەرەبیە شیعەکان میکانیزمی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن، بەڵام بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئاسان نییە و ئەگەری ئەوە هەیە، هاوشێوەی حکوومەتەکەی نووری مالیکی دوا بکەوێت، چونکە ئەو نەخشە سیاسییە نوێیەی دوای هەڵبژاردن دروست بووە، کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی حکوومەت دەبێت.

دوو بەرە جیاوازەکە کۆ دەبنەوە

وا بڕیارە بۆ جارێکی دیکە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە ناڕازییە عەرەبیە شیعەکان، لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، لە نەجەف کۆ ببنەوە، کە بەپێی میدیا عێراقییەکان، کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، لە بارەگای موقتەدا سەدر دەبێت و بە کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ناو براوە، کە وا بڕیارە تیایدا میکانزمی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق تاوتوێ بکرێت.

ناكۆكیی نێوان سەدر و مالیکی

كەناڵی (العربیە) بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی سەركردەكانی لایەنە عەرەبە شیعەکان لە ماڵی هادی عامری، سەركردەی بەرەی حەشدی شەعبی، ناكۆكی لەنێوان سەدر و مالیكی توند بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی دەمەقاڵێ و شەڕەقسە، بەڵام هادی عامری بێدەنگ بووە.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، جیاوازییە قووڵەکەی نێوان سەدر و مالیکی و هەردوو بەرە جیاوازەکە ئەوەیە، رەوتی سەدر كە هەڵبژاردنەكەی بردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەدایە حكوومەتی زۆرینە پێکبێت، بەڵام لایەنەكانی دیكەی عەرەبی شیعە، بەتایبەتی نووری مالیکی، حكوومەتی زۆرینە رەت دەكەنەوە و لەگەڵ ئەوەدان حکوومەتی نوێی عێراق، هاوشێوەی ئەوانی دیکە بە سازان بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ناكۆكیی نێوان سەدر و مالیکی مێژوویەکی کۆنتری لە پرسی حکوومەتی تەوافق و زۆرینەدا هەیە، کە لە سەرەتاکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە، ئەو دوو سەرکردەیە هێزە چەکدارەکانیان لە چەند ناوچە و شارێکی عێراق رووبەڕووی یەکتر کردووەتەوە، کە تاوەکوو ئێستاش ئەو ناکۆکییەیان لەگەڵ یەکتردا ماوە، ئێستا لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراقدا، موقتەدا سەدر، کە 73 کورسی و نووری مالیکی 33 کورسیی بەدەست هێناوە، بەڵام ژمارەیەک لایەنی عەرەبی شیعەی دیکەش کە گرێدراوی حەشدی شەعبین و لە بەرەی نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسادان، ئەوە وای کردووە، پێگەی نووری مالیکییش بەرامبەر بە سەدر بەهێز بێت، کە ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت داناوە، چونکە هەر بەرەیە و داوای جۆرێک لە حکوومەت دەکات و هیچ لایەنێک نایەوێ لە عێراقدا ئۆپۆزسیۆن بێت.

لەمبارەیەوە، رۆژنامه‌ى (ئێندپێندنت)ی بریتانی له‌ راپۆرتێكدا پێشبینیى خۆی کردووە، کە پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووی عێراق، هاوشێوه‌ى كابینه‌ى دووه‌مى نوورى مالیكى دوا بكه‌وێت، كه‌ ئه‌وكات پێكهێنانى نۆ مانگى خایاندووە.

بەڵام رۆژنامه‌كه‌ ئاماژەی بەوە داوە، ئه‌مجاره‌یان وه‌كوو جارى پێشوو نییه كه‌ دواکەوتنەکە په‌یوه‌ندیى به‌ ئاراسته‌ یاساییه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، بەڵکوو ئه‌م جاره‌یان په‌یوه‌ندیى به‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌تى سیاسى و ناكۆكیى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ تێڕوانینى ره‌وتى سه‌در، كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌، پێداگریى له‌سه‌ر حكوومه‌تى زۆرینه‌دا ده‌كات.
هاوکات، رۆژنامه‌ى (مه‌دا)ش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ده‌نگى ناڕه‌زایى له‌ دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى حكوومه‌تى ته‌وافوقى لە عێراقدا هه‌یه‌.

لەمبارەیەوە سیاسەتوان، د.مەحموود عوسمان بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، پێشبینی وایە، حکوومەتی نوێی عێراق دوا بکەوێ، بەڵام مەرج نییە بەشێوەیەی حکوومەتی نووری مالیکی بێت، کە نۆ مانگی خایاندووە، لەوانەیە چەند مانگێکی پێ بچێت، گوتیشی: ”ئەو دانیشتنە بۆ چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانە، کە ئایا بە دەنگدان دیاریی بکەن یان بە شێوەی دیکە، ئەگەر بێت و لەوەدا بگەن بە ئەنجام، ئەوا پێکهێنانی حکوومەتەکە دەست پێدەکات، بەڵام ئەوەش کاتی زۆری دەوێ“.

لەبارەی گرژیی نێوان سەدر و مالیکی، د.مەحموود ڕایگەیاند، ناکۆکییەکە کۆنە و ئێستاش هەیە، کاتی خۆی کە مالیکی سەرۆک وەزیران بووە، پەلاماری کەسانی سەر بە سەدری داوە لە بەسڕە و گرتوونی و ئازاری داون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو گرژییانە بەردەوام بن و بمێننەوە، گوتی: ”لەم هەڵبژاردنەی دواییدا هەم سەدر و هەم مالیکی کورسییان هێناوە، ئەوەش رەنگە کاریگەریی لەسەر گرژییەکەی نێوانیان زیاتر بێت کە هەردوو لاش لە بەرەی جیاوازن، بەڵام سەدر بەهێزترە و پێشتریش مالیکی ئەزموون کراوە و دەزانرێ چۆن بووە، ئێستاش چاوی لەوەیە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، رەنگە ئەوەشیان هۆکارێکی گرژییەکانی نێوانیان بێت“.