‫نۆستالیژیای بەعسێتی و خەیاڵبەندانی سویدی‬
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ماجید نووری 06/12/2021

‫نۆستالیژیای بەعسێتی و خەیاڵبەندانی سویدی‬

‫لە سوید، ئەو دەرماڵە و هاریكارییانەی بە قوتابییان دەدرێت، بریتین لە گوژمە پارەیەك، كە قوتابییان وەك قەرز لەبەرامبەر هەشت كاتژمێر دەوامی تەواوی ڕۆژانەیان لە (سی ئێس ئێن)ی وەردەگرن، پێویستە پاش تەواوكردنی خوێندن، بە مانگانە و لە ماوەی چەند ساڵێكدا، بەشی هەرەزۆری ئەو پارەیە بگەڕێننەوە. خۆ ئەگەر قوتابییەكەش نەكەوتە سەر وەزیفەی كار و ئیشی پێ نەدۆزرایەوە، پێویستە خانەوادەكەی پارەی قەرزەكە بگەڕێنێتەوە. خۆ ئەگەر خوێندنیشی پێ تەواو نەكرێت، هەمدیسان پێویستە بە كاتێكی خێراتر و زووتر، هەموو پارەكە بەو بانكەی لێی وەرگرتووە بداتەوە.

ئەم قەرزەش ئەو قوتابییانە دەگرێتەوە، كە توانای دارایی خانەوادەكانیان نزمە، یان قوتابییەكە دایك و باوكی نەبێت، یان ئەگەر قوتابییەكە خۆی یان خانەوادەكەی كار و كەسابەتی تریان هەبێت، بەڵام دەسكەوتی مانگانەیان بەشی خوێندن نەكات. هەروەها ئەگەر قوتابی كەرەستە و كەلوپەلی ناوماڵی نەبێت، لەو حاڵەتەدا قەرزێكی تری بۆ كڕینی كەرەستە و كەلوپەلی ئاسایی ناوماڵ پێ دەدرێت، هەموو ئەو قەرزانەش بۆ خۆیان قازانج و سووی خۆیان هەیە، ئەگەرچی كەم و ڕێژەییش بن. قوتابی لەدوای تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی، یان خوێندنی زانكۆیی، چ ئەوەی دوای خوێندن لەدەرەوە یان ناوەوەی سویدیش نیشتەجێ بێت، هەر بە گێڕانەوەیان پابەند دەكرێت.‬

‫ئەو قەرزە بۆ وڵاتێكی وەك سوید، كە لەم ساتەی تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنایەشدا بودجەی ساڵانەی بریتییە لە ( 105ملیار كرۆن- واتە نزیكەی 120 هەزار ملیۆن دۆلار) هیچ كاریگەرییەك ناخاتە سەر توانای گشتیی دارایی وڵات، بەڵام چەند ڕۆژێكە، هەندێك كوردی نیشتەجێی سوید، بە مەبەستی هاندانی قوتابییان و تێكدانی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، كە تێكچوونی بارودۆخی هەرێم قازانجی زۆری تێدایە بۆ ئەو كەیسانەی خۆیان، كە بەهۆیەوە مافی پەناهێندەییان لە سوید پێ وەرگرتووە، بەو شێوەیە، زانیارییەكانی دەرماڵە و قەرز وەرگرتنی قوتابییانی سویدی وەك خۆی باس ناكەنەوە و نیوەناچڵانە دەیخەنە ڕوو.

بۆ نموونە، كابرا لێرە ئەندام پەرلەمانی پێشووی سوید بووە، هەر كێشەیەك لە كوردستان ڕوو بدات، ئیتر لێرەوە ئەم خۆی نماییش دەكات و قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و دێت بەراوردكاری لەنێوان سویدێكی دەوڵەمەند، كە زیاتر لە دووسەد ساڵە تاقە یەك جەنگی بەخۆوە نەبینیوە، لەگەڵ هەرێمێكی نادەوڵەتی، كە كەوتووەتە نێوان چوار دەوڵەتی دیكتاتۆری خۆرهەڵاتی ناوینەوە، دەكات. ئەو بەراوردكارییانە چ بە مەبەستی سوودگەیاندن بێت، بە ئەجێندای دەوڵەتە داگیركارییەكانی دراوسێی هەرێم، یان لە خۆنماییشكردن و نافامی لە خستنەڕووی مەعریفە و زانیاریدا بێت، گرنگ هیچیان لەبەر ئەوەیان نییە بۆ خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندیی قوتابییان دڵسۆزانە خەمخۆر و دڵسووتاویان بن؛ پشێوی و تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانیش دەكەوێتە ئەستێڵكی بەرژەوەندییە کەسییەكانی خۆیانەوە.‬

‫هەندێك كەسایەتیی دیکەیش ئێستا لە ناوخۆی كوردستانەوە، كە لە زەمانی ڕژێمی سەدامدا، چ بەهۆی بەعسایەتییان، یان بەهۆی ئەوەی ئەوسا دەستیان بە كڵاوی خۆیانەوە گرتبوو با نەیبات، حاڵ و گوزەرانیان تا ئاستێك لە سەلامەتی و لە باشیدا بووە، ئەمانەیش دێن، بێ ئەوەی وردەكارییەكان بخەنە ڕوو، بە بێئینسافانە دۆخی ئەوسای قوتابییەتیی خۆیان لەو زەمانەدا بە دۆخی ئێستا بەراورد دەكەنەوە، بە مەرجێ، لەو زەماندا ساڵانە كۆی ژمارەی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە بیست هەزار قوتابی تێنەدەپەڕی، كە ئێستا نۆ تا دە هێندە زیاتری ئەو ژمارەیە قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا هەن.

ئەو زەمانە هەمووی هەر زانكۆیەك بە ناوی سەڵاحەدین و چەند پەیمانگایەكیش هەبووە، ئێستا بە دەیان زانكۆ و پەیمانگا هەن، ئەو كاتە سەدام بە هەزاران گوند و ناحیە و قەزای لە كوردستان ڕووخاندبوون و هەموو دانیشتوانی كوردی لە چەند شار و ئۆردوگایەك كۆ كردبوونەوە، ئەو كاتە هەرچیی ئیمزای بەعسایەتی نەكردایە، یان بەرگی جەیشی شەعبی نەپۆشیبایە، هەر بۆی نەبوو بێتە ناو هەندێ زانكۆشەوە. ئەو كاتە ناو بە ناو، بە دەستە دەستە قوتابیانی كورد، یان فەرمانی زیندانیی هەتاهەتاییان لەسەر دەسەپێنرا، یان چەندینیان لێ لەسێدارە دەدران و گوللەبارن دەكران.

ئەوكات عێراق بە هەزاران ملیۆن دۆلاری قەرزی لە دنیا وەردەگرت و تا ئێستایش عێراق وەك دەوڵەت، قەرزی ئەو زەمانەی لەسەر ماوەتەوە و نەوەكانی ئێستا دەیدەنەوە. ئەوكاتە قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان، كە بڕوانامەیان بەدەست دەهێنا، هەموویان ڕاپێچی بنكەكانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی دەكران و تەندووری شەڕەكانی قادسییە و ئوملمعارك و شەڕی تریان پێ گەرم دەكرا. ئێستا هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خستووەتە گەڕ، تا بەئاشتییانە چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ دراوسێكانیدا بكات.

ئێستا ئەگەر هەرێمی كوردستان قەرزیشی لە ساڵانی پێشوودا كردبێت، لەبەر ئەوە بووە كە چەندین ساڵ حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بودجەی لە هەرێم بڕیبوو، قەرزەكانیشی لەپێناو پێدانی مووچەی خەڵكیدا كردووە، ئەم ڕاستی و زانیارییانە وا باس ناكەم، تا ببنە بیانوو بۆ پێنەدانی دەرماڵە بە قوتابییان، وەك چۆن كەسانی دیکە بەراوردكارییەكان دەكەن، تا بۆ تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستان هۆكار دروست بكەن.‬