كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەران: له‌و كابینه‌یه‌دا زۆر پڕۆژه‌ی پیشه‌سازی و كارگه‌ی زۆر باش مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌

"به‌ گه‌نجان ده‌ڵێم دواڕۆژی گه‌نجان له‌ كوردستان گه‌شتره‌ و پێویست به‌ كۆچ ناكات"

ئەحمەد رێكانی، سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، له‌ گفتوگۆیه‌كی (باسنیوز)دا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌لی كار و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، چه‌ند پرسێك ده‌خاته‌ ڕوو. رایده‌گه‌یەنێت، ”كابینه‌ی نۆیه‌م پشتگیریی له‌ وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنەرانی خۆماڵی كردووه‌. ده‌شڵێت: ”به‌ گه‌نجان ده‌ڵێم ده‌رفه‌تی كاركردن لێره‌ زیاتره‌ و دواڕۆژی گه‌نجان له‌ كوردستان گه‌شتره‌، هیچ پێویست به‌ كۆچ ناكات“.

سه‌ره‌تا باسی له‌وه‌ كرد، 90%ی پڕۆژه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، وه‌به‌رهێنه‌رانی خۆماڵی ده‌یكه‌ن، گوتیشی: "ئێستا 90%ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان خۆماڵیین و كوردن، له‌ هه‌ندێك پڕۆژه‌ی وه‌كوو نه‌وت و غازدا نه‌بێت وه‌به‌رهێنه‌ران بیانین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ستراتیژییه‌تی حكوومه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزاره‌، لەمبارەوە ئاماژەی بەوە کرد: ”له‌م كابینه‌یه‌دا زۆر پڕۆژه‌ی پیشه‌سازی و كارگه‌ی زۆر باش مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌، وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیش هه‌مووی خۆماڵیین، ئێستا له‌ هه‌ولێر چه‌ندین پڕۆژه‌ و كارگه‌ی باشی پیشه‌سازی كراونه‌ته‌وه‌ و كاری باش كراوه‌، هیوادارین له‌ لایه‌ن حكوومه‌تەوە پشتگیریی زیاتر بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی پیشه‌شازی و كشتوكاڵی و گه‌شتیاری به‌هێزتر بكرێت".

ئەحمەد رێكانی، پشتیوانیی له‌ پڕۆژه‌یه‌كی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوبه‌شكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی، گوتیشی: "به‌دڵنیایی، پڕۆژه‌ی تێكه‌ڵاو و هاوبه‌ش باشتره‌ له‌ پڕۆژه‌ی دیکە، پڕۆژه‌ی تێكه‌ڵاو هه‌ندێك لایه‌نی تێدایه‌، پێویستیت به‌وه‌ هه‌یه‌ حكوومه‌ت له‌گه‌ڵت بێت، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ پڕۆژه‌یه‌ قازانجی هه‌یه‌ بۆ وڵات و بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانیش، ئێمه‌ پشتیوانیی ئه‌و كاره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و زۆر پێمان باشه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت بۆ بازاڕ و ئابووریی كوردستان".

سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەران، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، كابینه‌ی نۆیه‌م پشتیوانیی وه‌به‌رهێنان بووه‌ و یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌میش پشتیگیریكردن بووه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی تایبه‌ت و پشتیوانیكردنی وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی، دەشڵێ: ”حكوومه‌ت وێرای كێشه‌ و گرفته‌كان، پشتیوانیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك دۆخ هه‌بووه‌ وای كردووه‌، كاریگه‌ریی پێگه‌ و رۆڵی وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌متر دیار بكه‌وێت".

رێكانی، ئه‌وه‌شی باس كرد، له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌باره‌، گوتیشی: "دۆخه‌كه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری كورد و عه‌ره‌ب و بیانی له‌باره‌، کە كار و پڕۆژه‌ بكات و كێبڕكێی به‌هێز هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری ئێمه‌ش مافی هه‌یه‌ بچێت له‌ شاره‌كانی عێراق وه‌به‌رهێنان بكات، به‌ڵام ده‌بێت هاوسه‌نگیی هه‌بێت، پڕۆژه‌كانی كوردستان په‌ره‌یان پێ بدرێت و پڕۆژه‌ش له‌ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقدا بكرێت".

سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان كارگه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌، به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌ڕوات، راشی گەیاند: "پڕۆژه‌ی پیشه‌سازیمان هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر، سه‌رتاسه‌ری عێراق له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی سوودمه‌ندە، ئه‌و كارگه‌ پیشه‌سازییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ زۆر شوێنی دیکە بڕواپێكراو و جێی متمانه‌ی بازاڕی عێراقن". دڵنیاییش ده‌داته‌ گه‌نجان، كه‌ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌: "به‌ گه‌نجان ده‌ڵێم ده‌رفه‌تی كاركردن لێره‌ زیاتره‌ و دواڕۆژی گه‌نجان له‌ كوردستان گه‌شتره‌، هیچ پێویست به‌ كۆچ ناكات".

ئەحمەد رێکانی ئاشكراشی كرد، دوای پرسی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە، وەكوو یەکێتیی وەبەرھێنەران پڕۆژەیەیان هەیە و كاری لەسەر دەكەن، بۆ ئەوەی هاوكار بن بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بڕەخسێنن، گوتیشی: "وەكوو وەبەرهێنەران، بە چەند شێوازێكی جیاواز دەمانەوێـت دەرفەتی كار بۆ گەنجان و بێكاران بڕەخسێنین، بۆ ئەوەش، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگارەكان و وەزارەتی بازرگانی و پلاندانان لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی بتوانین كارێك بكەین، زۆرترین هەلی كار بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی پڕۆژەكەش باشتر بێت، داوامان كردووە پێداچوونەوە بە باج و رسوومات و كرێی كارەبادا بكرێت".

لەکۆتاییدا ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنان سەبارەت بە پرۆژەکە روونی كردەوە، پلان و پڕۆژەكە بەجۆرێكە، لە هەموو ئەو پڕۆژانەی كاری تێدا دەكرێت 50%ی هەلی كار زیاد بكرێت، گوتیشی: "دەمانەوێت 50%ی هەلی كار لە هەموو پڕۆژەكان زیاد بكەین و وەبەرهێنەرانیش خوازیارن حكوومەت لەم كارەدا هاوكارییان بكات". رەتیشی كردەوە، زۆربەی دەستی كاری ئێستا بیانی بن و ئاشکرای کرد، رێژەی کرێكاری بیانی بەگشتی لە كوردستان ناگاتە 20%، هەموو دەرفەتی كارەکەی دیکە بۆ خەڵكی خۆمانە".