كۆتایى ده‌ردودوو!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
خەڵات عومەر 05/12/2021

كۆتایى ده‌ردودوو!

به‌شى بیسته‌م

سڵاو؟
هیچ وه‌ڵامێک مه‌ده‌ره‌وه‌!
له ‌ڕاستیدا من ئه‌م زنجیره‌ نووسینه‌م بۆ ئه‌وه‌ نه‌نووسى، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى غه‌مه‌كانى تۆ بده‌مه‌وه‌، خۆم ئه‌وه‌نده‌ ده‌ردودوو و غه‌مم هه‌یه‌، ئه‌مه‌وێت ڕازى دڵم باس بكه‌م!
ئه‌مه‌وێت پێت بڵێم، هه‌ر نووسه‌رێك ڕازى دڵى خۆیت بۆ باس نه‌كات، درۆت له‌گه‌ڵ ده‌كات و باوه‌ڕى پێ مه‌كه‌، هه‌رچیى ده‌ڵێت قسه‌ى قۆڕه‌، نووسه‌ر خۆى بیماره‌ و ڕازى ده‌ردودووى دڵى خۆى ده‌رده‌بڕێت.

نووسه‌ر ئه‌گه‌ر باسى خۆیت بۆ نه‌كات، هه‌ر هیچ نییه‌، من ئێستا باسى خۆمت بۆ ده‌كه‌م، باسى خراپیى دنیایه‌كت بۆ ده‌كه‌م، كه‌ شایه‌نى ژیان نییه.
ده‌ردودوو وا ده‌ورى داوین، ئه‌م ژیانه‌ شایه‌نى هیچ نییه.
وه‌ره‌ با قسه‌یه‌كى دۆستانه‌ بكه‌ین و بزانین، بۆ حاڵى خۆمان چى بكه‌ین؟
هاوڕێ، كه‌س وه‌ك من و تۆى به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌.
له‌ جیهان و ڕۆژگارێكدا ده‌ژین، پڕ ده‌ردودووه‌، ده‌رمانمان پێ ده‌فرۆشن، ده‌رمان نییه‌ و چاره‌سه‌ر نییه‌ و خۆى ده‌ردودووه‌.

خۆى كۆرۆنا نه‌خۆشى نه‌بوو، ده‌رزیمان لێ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رده‌كه‌ نه‌گرین، ده‌رده‌كه‌ ناگرین، به‌ ده‌رمانه‌كه‌ ده‌مرین، هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆشیان ده‌وێم ده‌ڵێن "تۆ چ ده‌ردت نییه‌، به‌س ده‌رمانه‌كه‌ وه‌رگره‌"‍
هاوڕێ، هاوسه‌ر، هاوده‌رد، ئه‌مه‌ خۆشه‌ویستی نییه‌!
له‌ ڕۆژگارێكداین، خۆشه‌ویستییشیان فرۆشتووه‌، تۆ چوزانى خۆشه‌ویستى كاڵا نییه‌؟
هاوڕێ كتێبى زۆرم خوێندووەته‌وه‌، به‌ڵام كتێب خوێندنه‌وه‌ هه‌ر هیچ نییه‌، به‌شێك له‌و كتێبانه‌ى خوێندوومنەتەوه‌ ژه‌هر بوون، داواتان لێ ده‌كه‌م كتێبى ژه‌هراوى مه‌خوێننه‌وه.

له‌ ڕۆژگارێكداین، كه‌ كتێب ژه‌هر بێت، به‌ته‌ماى سوود له‌ چى ببینێت؟
من نامه‌وێت نائومێدت بكه‌م، به‌ڵام نائومێدت ده‌كه‌ن و منیش نائومێد ده‌كه‌ن. ماوه‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانى قوتابخانه‌ى (فرانكفۆرت) و تێزه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌ییه‌كه‌یان بووم، ئه‌وه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ى ئێستا‌ لایه‌نگریانم و بۆچوونیانم لا په‌سه‌نده‌، (یورگن هابرماس) گه‌وره‌ترین فیلۆسووفى زیندووى ئێستاى جیهان، له‌ سه‌ردارانى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕایه‌كى پڕجوانى سه‌باره‌ت بە (پیشه‌زاى ڕۆشنبیرى)یه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت "ڕۆشنبیری و كولتوورێك دروست ده‌كه‌ن، كه‌ تۆ باوه‌ڕ به‌ شتێك بهێنیت، كه‌ هیچ پێویستت پێى نییه‌".

بۆ نموونه‌، ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه‌ چییه‌، كه‌ ته‌له‌فۆنى زیره‌كه‌ و ئه‌گه‌ر پێت نه‌بێت سه‌رزه‌نشتت ده‌كه‌ن، ئاخر چ زیره‌كییه‌ك له‌وه‌دایه كه‌ ته‌له‌فۆنێك مرۆڤایه‌تیى گێل كردووه‌؟
جارجار ئه‌گه‌ر ڕێك بكه‌وێت گه‌شتێك ده‌كه‌م بۆ ده‌شت و ده‌ر، چه‌ند گه‌نج و جوانێكى تێدایه‌، جار هه‌یه‌ به‌هاره‌، جارى تر پاییزه‌، ئه‌و سروشت و چیا و كێو و كه‌مه‌رانه‌ى وڵاته‌كه‌ هى ئه‌وەن له‌گه‌ڵیدا عه‌شق بكه‌یت، سه‌راسیمه‌ى ئه‌وه‌ ده‌بیت شیعر به‌ باڵایدا هه‌ڵبده‌یت، ئه‌م كوڕوكاڵ و گه‌نجه‌ له‌به‌ر ته‌له‌فۆنه‌ زیره‌كه‌كانیان ئاگادارى هیچ نین، نازانى چى بڵێیت؟
به‌ شتێكه‌وه‌ سه‌رقاڵیان كردوون، كه‌ شایه‌نى سه‌رقاڵی نییه‌.
جا به‌ كێ ده‌ڵێیت، بۆ منداڵه‌كانى خۆت وا نین؟
به‌ڵێ وان!
به‌ڵام تۆ وا مه‌به‌!

ژنێكى ئیسپانى، كه‌ زاناى بایۆلۆجى بوو، لێیان پرسى بۆچى ئێوه‌ى زانایان هیچ چاره‌سه‌رێكتان بۆ ده‌رده‌ كۆرۆنا پێ نییه‌؟
له‌ وه‌ڵامدا گوتى: "بۆ داواى چاره‌سه‌ر له‌ من ده‌كه‌یت، من مووچه‌كه‌م 1500 یورۆیە،  بڕۆ داواى چاره‌سه‌ر له‌ میسى و ڕۆناڵدۆ بكه‌"
ئه‌و شارستانییه‌تانه‌ى ڕێز له‌ زانا و بیرمه‌ند و فیلۆسووفانى ناگرن، شایه‌نى هیچ نیین، جگه‌ له‌ ده‌ردودوو.

به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆره‌ بۆ من و تۆش هاوڕێ، ئێمه‌ زۆر تاوانبار نین بۆ ئه‌وه‌ى به‌م ده‌رده‌ بچین!
چاره‌ چییه‌؟
ئێمه‌ هیچ تاوانمان نه‌كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ى مرۆڤین، به‌ڵام ده‌بێت له‌و ڕاستییه‌ بگه‌ین، كه‌ مرۆڤبوون خۆى له‌ خۆیدا تاوانێكى گه‌وره‌یه‌، بێ زه‌حمه‌ت كێ به‌ تۆى گوتووه‌ چه‌قه‌ڵ مه‌به‌؟
كه‌س به‌ منى نه‌گوتووه‌، به‌ڵام سه‌ر بڵند كه‌ و بڵێ من مرۆڤم و چه‌قه‌ڵ نیم، هیچ ئاگاشم له‌ چه‌قه‌ڵبوون نییه‌، كه‌ باشتره‌ له‌ مرۆڤبوون!

لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت په‌یامێك بۆ چه‌قه‌ڵه‌كان بنێرم "ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگوباستان خراپه‌، وا بكه‌ن وه‌كوو ئێمه‌ى مرۆڤ نه‌بن، كه‌ سروشتێكى به‌خشنده‌ و میهره‌بانتان هه‌یه‌ له ‌خۆتانى تێك مه‌ده‌ن".
من ده‌زانم نه‌ چه‌قه‌ڵ و نه‌ مرۆڤه‌كانیش وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه‌، به‌ڵام په‌یامێك تۆمار ده‌كه‌م "ته‌فرەمان دەده‌ن، ده‌ستمان ده‌بڕن، درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، هه‌موو یه‌ك ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و تۆزه‌ به‌خته‌وه‌رى و خۆشییه‌ى هه‌مانه‌، لێمان بستێنن، له‌ به‌رگرى به‌ولاوه‌، له‌ پێكه‌وه‌بوون و خه‌باتى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ولاوه‌ هیچمان نییه‌، ڕاستییه‌ك هەیە ده‌بێت بیزانین، ئێمه‌ به‌ته‌نیا هیچمان نییه‌ و ئه‌وان بۆیه‌ به‌هێزن، چونکە پێكه‌وه‌ن.

هه‌موومان له‌ ماڵه‌كانمان دانیشتووین، وا ده‌زانین ده‌یبه‌ینه‌وه‌، ئه‌وان له‌ كۆشكه‌كانیاندان و به‌س یه‌كگرتوون، بۆیه‌ ئێمه‌یان تووشى ئه‌م نابوونه‌ییه‌ كردووه‌!
هاوڕێ ده‌ردودوو نییه‌، من و تۆ هیچ خراپه‌مان نییه‌؟
پێت بڵێم ده‌ردودوو و خراپه‌ چییه‌؟
ئه‌وه‌یه‌ من و تۆ پێمان وایه‌ باش و ساغڵه‌مین!
كۆتایى ده‌ردودوو ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ى كه‌ نه‌خۆشین، خه‌بات بكه‌ین بۆ ساغڵه‌مى.

 هاوڕێ بزانه‌ ئه‌م ده‌ردودووه‌ى ئێمه‌ هى كۆمه‌ڵه‌ نه‌خۆشێكن، كه‌ حه‌زیان له‌ پاره‌یه‌! ئه‌گه‌ر له‌و نه‌خۆشانه‌ى، نه‌ گوێم لێ بگره‌ و نه‌ نووسینم بخوێنه‌وه‌، هاوڕێ باوه‌ڕ بكه‌ كه‌ حه‌زت له‌ پاره‌یه‌ نه‌خۆشیت.
ئه‌گه‌ر توانیت واز له‌ نه‌خۆشیى پاره‌په‌رستى بهێنیت، ده‌زانم وازت له‌ ده‌ردودوو هێناوه‌!
هاوڕێ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت پێ ناكرێت، هیچم بۆ مه‌نووسه‌ و وه‌ڵامت ناده‌مه‌وه،‌ گله‌ییش مه‌كه‌!
چووم دره‌ختێك بچێنم، ئه‌م دنیایه‌م پێ چاك ناكرێت، به‌س دره‌ختێكم
 بۆ ده‌چێندرێت.
ده‌ردودوو نابڕێته‌وه‌، به‌س خۆ ده‌كرێت به‌شێك نه‌بم له‌ دروستكردنى ده‌ردودوو.