كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی: كوردانی كەڵهور بەهۆی خراپیی دۆخیی ئەمنییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە

بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی ڕایدەگەیەنێت، كوردانی كەڵهور بەهۆی خراپی دۆخیی ئەمنیی ناوچەكەیان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

عەبدولحوسێن قەرەلوسی ناوسراو بە (حاكم شاهۆ)، بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: كوردانی كەڵهوڕ لە سنووری مەندەلی لە كاتی ڕژێمی بەعس ڕاگوێزران بۆ شارەكانی ناوڕاست و باشوری عێراق و بەشێکیان دەرکران و نێردرانە ئێران و رژیم دەستی بەسەر زەویوزارەکانیاندا گرت.

حاکم شاهۆ جەختی لەوە کردەوە، کوردانی کەڵهوڕ ”بەهۆی كوردبونیانەوە قوربانیی یەكجار زۆریان داوە و ئێستاش دوای دەیان ساڵ و بەهۆی خراپیی دۆخیی ئەمنییەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

حاکم شاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ژمارەیەك لە كوردانی كەلهوڕ گەڕانەوە مەندەلی بەتایبەت هاووڵاتیانی گوندی حەمیدشەفی گەڕانەوە، بەڵام هەر لەو گوندە 15 كەسیان شەهید بوون و بەهۆیەوە خەڵکەکە دووبارە ئاوارە بووەوە.

بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێی مەندەلی هەروەها رایگەیاند: مەترسی و هەڕەشەکانی هەردوو رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و داعش هۆکاری سەرەکیی ئاوەدننەبوونەوە و نەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی سنووری مەندەلی بوو.

حاكم شاهۆ ئەوەشی خستە ڕوو، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییە خراپەوە، بەشێکی کەم لە هاووڵاتییانی كوردی كەڵهوڕ لە سنوورەکە ماون.

مەندەلی لە ساڵانی سییەكانی سەدەی ڕابردوو كراوەتە قەزا و یەكێك بووە لە كۆنترین قەزاكانی عێراق و كوردستان، بەڵام بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە لە ساڵی 1989ەوە كراوە بە ناحییە و ئێستاش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای بەلەدروزە، پێشتر مەندەلی قەزا بووە و بەلەدروز ناحییە.

مەندەلی کە یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، بەڵام حكوومەتی خۆجێیی دیالە هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەو ناوچەیە جێبەجێ ناکات.