كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: بە هەماهەنگیی میلیشیاکان نەبێت، داعش ناتوانێت هێرش بكاتە سەر پێشمەرگە

''هۆكار ئەم ڕووداوانەی ئێستا بۆ 16ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە و ئەوان ئەم بەزمەیان نایەوە''

فەرماندەیەكی پێشمەرگە مەترسییەكی گەورە ئاشكرا دەكات كە لە ناوچەیەكدا بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كەمە، بەڵام تیرۆریستان لەپشت هێزە عێراقییەكانەوە دێن و هێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 5/12/2021، موقەدەم مەریوان، فەرماندەی پێشمەرگە لە كوڵەجۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوەی كە لە ناوچە كوردستانییەكاندا دەگوزەرێت، تەعریب و تۆقاندنی كوردە، دەنا منداڵێكی شەش ساڵان چ تاوانێكی كردووە تا بكوژرێت، تەنیا گوناهەكەی ئەوەیە کە كوردە، دەشبینین تیرۆریستانی داعش لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا دێن و پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەكەن”.

گوتیشی: “ئێستا لە سەنگەرەكانی ئێمە لە كوڵەجۆ، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە كەمە و تیرۆریستان لەپشت سوپای عێراقەوە دێن، واتا ئێمە ئێستا لە كوڵەجۆین، سوپای عێراق لە تەپە سپییە و لە تەپە سپییەوە تاكوو دەگاتە سنووری شارەبان، ئەو نێوانە چۆڵە، كەواتە ئەو بۆشاییە ئەمنییە لەپشت سوپای عێراقەوەیە، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە هێزە عێراقییەكان ئەگەر ڕێگەیان بۆ داعش نەكردبێتەوە، ناتوانن ئەو هێرشانە بكەن، ئەوەش واقیعە".

ئەو فەرماندەیە زیاتر روونی کردەوە: داعش ماوە و نەفەوتاوە، كە پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیش داوە، هەر پێشمەرگە بووە بەرگریی كردووە، بۆیە ئەو داخەیان لە دڵدا ماوە و هەر دەرفەتێكیان بۆ ڕێك بكەوێ، پەلاماری كورد دەدەن، هەڵبەتە تاكتیكی شەڕیان گۆڕیوە، پەلامارێكی تیرۆریستی دەدەن و دەگەڕێنەوە و ترس و تۆقاندن دەچێنن.

جەخیشی کردەوە: “ئەو داعشانە بە ڕۆژ لە بەرگێكدان و بە شەویش لە بەرگێكی تردان، ئەوانە ئێستا هەرچیی باخ هەیە لە سنووری نێوان كوڵەجۆ بۆ گوڵاڵە، ماڵە عەرەبی تێدایە و شارەزای شوێنەكەن، تەنانەت ئێمە دوێنێ لەپشت سەنگەرەكانمانەوە بە كامێرای حەراری بینیمان چوار كەس چوونە ناو باخێكەوە، كە بەدوایاندا چووین، پیاوێكی عەرەبی هاوردەی لێ بوو، کە ناوی لای دەزگا ئەمنییەكانیش نییە و گوتی پاسەوانی ئەم باخەم، خاوەن باخمان بانگ كرد، گوتی نایناسم، ئیتر ئەو عەرەبانە بەگشتی كێشەن”.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “لە سنوورەكەی ئێمە، لە كوڵەجۆوە بۆ گوڵاڵە، دەیان ئەفسەری سەردەمی بەعسی لێ بووە و بەعسی بوون و ئامادەن بە پارەیەكی كەم خەڵك بكوژن، هەر ئەوانەن داعشن و ئیتر دۆخەكە بەگشتی ناخۆشە”.

موقەدەم مەریوان، فەرماندەی پێشمەرگە لە كوڵەجۆ، گوتیشی: “پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پێشمەرگە لە دواین شوێنی چیای حەمرین بوو، ئەو كاتە پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی دەكرد و بەدڵسۆزی كارەكان دەكرا، بەڵام سوپای عیراق ئەوە ناكات و پێشمەرگەش بە سەدان كیلۆمەتر هاتووەتە دواوە، بۆیە هۆكارەكانی ئەم رووداوانەی ئێستا بۆ 16ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە و ئەوانە ئەم بەزمەیان نایەوە، دەنا هیچ ڕووی نەدەدا”.

هەفتەی ڕابردوو، لە ماوەی شەش ڕۆژدا و لە ئاكامی چەند پەلامارێکی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری كۆڵەجۆی سنووری كفری و گوندی خدرجیجەی سەر بە قەزای مەخموور، 17 پێشمەرگە و سێ هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەك برینداریش درا و دوایین پەلاماری داعشیش بۆ سەر گوندی لهێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز بوو، كاتێك شەوی ڕابردوو، تیرۆریستانی داعش چواردەوری گوندەكەیان گرت، بەڵام دانیشتوانی گوندە، بە چەكی خۆیان پەلامارەکەی داعشیان تێك شكاند.

حەشدی شەعبی هاوئاهەنگییان لەگەڵ داعشدا هەیە

هەر لەبارەی پەلامارەکانی داعشەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 5/12/2021، د. فەرهاد كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "داعش رێكخراوێكی تیرۆریستییە و دروستكراوی وڵاتانە و ڕوونە کە كردەوەی تیرۆریستی لە زۆر شوێن دەكەن، بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان، زۆر جار حەشدی شەعبی هاوئاهەنگیی لەگەڵ داعشدا هەیە، بەتایبەت لەو ڕەبایانەی حەشد كە نزیكن لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە”.

گوتیشی: “داعش لە سنووری نەینەوا تاكوو دیالە هەن، بەتایبەت لە چیای حەمرین و رۆژ بە رۆژیش  ژمارەیان زیاد دەكات و هیچ ئۆپەراسیۆنێکیش لە دژیان ناكرێ، بۆیە ئەوان شەڕی پارتیزانی دەكەن و دەبینی بە پێنچ تا 10 تیرۆریستەوە دێن و پەلامار دەدەن و دەكشێنەوە، بۆیە پێویستە سەنگەرەكانی پێشەوە زیاتر قایمتر بكرێن، كێشەکەش ئەوەیە، کە بۆشایی ئەمنیی هەیە، لە بواری سەربازیدا هەندێ جار لە مەودای 200 مەترەوە ئەگەر بۆشایی ئەمنیی هەبێت، دوژمن پەلامار دێنێت، جا ئەگەر دەیان كیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی هەبێت، چی؟ بۆیە داعش کە پەلامار دێنێت، دەگەڕێنەوە ناو بنكەكانیان، چونکە بنكەیان دروست كردوون و سوپا و حەشدی شەعبیش دەرفەتیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی بێنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە ئازایانە دەتوانێ ڕووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە ببێتەوە”.

د. فەرهاد كەركووكی، ئەوەیشی خستە ڕوو: “پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك كەسوكارەكەی داعشن و ئەوەی كە ڕووش دەدات، دەرەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017یە، چونكە پێش ئەو خیانەتە، پێشمەرگە سەنگەری لە زەرگە و خەرابەڕووتە و مەكتەب خالید بوو، بۆیە ئەو خیانەتە گورزێكی گەورەی لە پێشمەرگە و کورد دا”.

جەختیشی کردەوە: تیرۆریستانی داعش ئێستا چەكی پێشكەوتوویان پێیە و گرنگە بزانرێت ئەو چەكانەیان لە كوێوە پێ دەدرێت، بۆیە دەبێ بە هەموو شێوەیەك خۆمان ئامادە بكەین و بەرپەرچی هەر پەلامارێکی نەخوازراوی داعش بدەینەوە.