له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (باس‌نیوز) د.خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له رووسیا، باس له گرنگیی هاتنی نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ لای سه‌رۆك بارزانی ده‌كات، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، كه رووسیا ده‌توانێت رۆڵی گرنگ له ناوچه‌كه‌دا ببینێت.
(باس‌نیوز) هاتنی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ لای سه‌رۆك بارزانی واتای چییه و گرنگیی رووسیا بۆ كوردستان له چیدایه؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: رووسیا به‌رژه‌وه‌ندیی له‌گەڵ كوردستاندا هه‌یه، من چه‌ند ساڵ له‌وێ بووم، له ساڵی 1983 وه‌ك قوتابی له‌و وڵاته بووم، نوێنه‌ر بووم و شتی زۆرم له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی رووسیا و كوردستان نووسیوه، رووسیا تا ساڵی 1950 تاكه هاوپه‌یمانی كورد بووه، ئه‌وه به‌پێی قسه‌ی گه‌وره سیخووڕێكی رووسی، كه یه‌كێك له گه‌و‌رەترین سیخووڕه‌كانی رووسیایه، له كتێبه‌كه‌ی خۆی نووسیویه‌تی و دواتر وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك میسر به رێگای سۆسیالیستی پێش كه‌وتن، دواتر دژایه‌تیی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل هاته پێشه‌وه، رووسیا لایه‌نگریی له به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كرد، له كوردستان عێراقیش شۆڕشی بارزانیی نه‌مر دروست بوو، رووسیا تا حه‌فتاكان پشتیوانی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو، كه شۆڕش توەوشی نسكۆ بوو و به‌رژه‌وه‌ندیی رووسیا له‌گه‌ڵ عێراق زیاتر یه‌كی گرته‌وه.
ئێستا كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دیفاكتۆ مامه‌ڵه ده‌كات، كورد له رۆژئاواش ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و له باكوور و له ئێرانیش كاریگه‌رییان هه‌یه، بۆیه رووسیا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كورد رۆڵی لە ناوچه‌كه هه‌یه و له ڕابردوودا ئه‌زموونی هه‌یه له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كانی كورد، ئه‌و بیرۆكه‌ی هه‌بووه كه كورد له مهاباده‌وه تا ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، تا كه‌مه‌ربه‌ندێك دروست بكات و عه‌ره‌ب نه‌توانێت له‌وه زیاتر هه‌ڵكشێت، توركیاش زیاتر به‌ره‌و ئاسیای ناوه‌ڕاست نه‌ڕوات، رووسیا ئه‌و بیرۆكه‌ی هه‌بووه و ئه‌مه‌یان باس كردووه و به‌ڵگه‌نامه هه‌یه، كه رووسیا ویستوویه‌تی به‌هۆی كورده‌وه ئه‌و كه‌مه‌ربه‌نده دروست بكات و رێگاكه كورت بكاته‌وه.
(باس‌نیوز) رۆڵ و پێگەی سه‌رۆك بارزانی لە دیدی رووسیاوە چۆنه؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: سه‌رۆك بارزانی، رۆڵی گرنگ و به‌هێزی له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا هه‌یه و رووسیا سه‌رۆك بارزانی به مه‌رجه‌عی كوردان ده‌بینێت و له‌ناو سه‌رجه‌م حزبه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان باش ده‌زانێت، كه بارزانی توانای كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌یه، توانای جووڵاندنی شه‌قامی هه‌یه، رووسیا ئه‌مه باش ده‌زانێت، هاتنی ئه‌م نوێنه‌ره‌ی سه‌رۆكی رووسیا بۆ لای سه‌رۆك بارزانی گرنگ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت سه‌رۆك بارزانی قسه‌ی له‌سه‌ر گۆڕانكارییەکانی ناوچه‌كه چییه، به‌تایبه‌تی رۆژئاوای كوردستان، كه گرنگه رای سه‌رۆك بارزانی وه‌ربگرن، كاك مه‌سروور گوتی پێویسته نەخشەرێگەیه‌ك بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان دابنرێت و دیار ببێت، كه مافه‌كانی كورد چیین، ئه‌مانه به‌گشتی گرنگ بوون و بابه‌تی سه‌ره‌كین كه كورد و رووسیا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و كوردیش ده‌بێت ئاگادار بێت و هۆشیار بێت كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌كاندا ده‌كات، چونكه چینیش هه‌یه، ئه‌ویش به‌هێزه و له %65 نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌كار ده‌هێنێت، عێراق بۆ چین زۆر گرنگه و كوردستانیش سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی غازه، بۆیه گرنگیی كوردستان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.
(باس‌نیوز) وا باس ده‌كرێت کە رووسیا له ناوچه‌كه رۆڵێكی ناڕوونی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له رۆژئاوای كوردستان، سه‌ره‌تا پشتیوانیی ده‌كردن، دواتر لێیان كشانه‌وه، خاڵی دواتر، سه‌رۆك بارزانی چه‌ند خاڵێكی بۆ ئیداره‌دانی رۆژئاوای كوردستان خسته روو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رووسیا زیاتر كاری له‌سه‌ر بكردبایه باشتر ده‌بوو؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: رەوشی كوردستانی رۆژئاوا زۆر ئاڵۆزه، ده‌سه‌ڵات بە جۆرێكه، په‌كه‌كه له‌وێ رێڕه‌وی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و گرێدراوی زۆر هێزی ده‌ره‌كییه، رووسیاش هه‌موو كارته‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه دانانێت، راسته قسه له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده و هه‌سه‌ده‌دا ده‌كات، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی ره‌نگه ته‌نیا رووسیا نه‌بێت، هێزی دیكه‌ش له ناوچه‌كه هه‌ن، له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و شاندی رووسیا باسی رۆژئاوای كوردستان كراوه، ئێستاش گفتوگۆ زۆرن سەبارەت به‌وه‌ی كورد بگه‌ڕێته‌وه بۆ سووریا چ مافێكی ده‌بێت و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئێستا ده‌ستووری نوێی سووریا ده‌نووسرێته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر كورد ده‌ستپێشخه‌ریی نه‌كات، رووسیا یه‌كسه‌ر ئاماده ده‌بێت ماف بداته كورد به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن كورد له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌شدار ده‌بێت یان نا؟ نوێنه‌رانی كورد له رۆژئاوا، كه زیاتر گوزارشت له په‌كه‌كه دەکەن، یاری له‌سه‌ر په‌ته‌كه ده‌كه‌ن، رووسیاش سه‌ری له‌وه ده‌رناچێت، خۆیان پێمان ده‌ڵێن، كه كورده‌كان لێره شتێكمان پێ ده‌ڵێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه سووریا شتێكی دیكه ده‌ڵێن.
(باس‌نیوز) رووسیا ده‌توانێت چ رۆڵیێكی لە هەرێمی كوردستان هەبێت؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: ده‌ریای ناوه‌ڕاست به‌ده‌ست ئه‌وانه، كه به‌ره‌و ئه‌ورووپا ده‌ڕوات و پێگه‌ی سه‌ربازیی رووسیا له‌وێیه، بۆیه به‌ڵێ رووسیا ده‌توانێت رۆڵی له ئابووریی كوردستانیشدا هه‌بێت. ئێستاش ململانێی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ كورد هه‌موو كارته‌كان نه‌درێته ده‌ست لایه‌نه‌كان، بۆ نموونه له رۆژئاوا ئه‌گه‌ر هه‌موو كارته‌كانیان داوه‌ته ده‌ست ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وه رووسیا و ئێرانیش له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، هاوكێشه‌كه ئاوایه، ئێران وڵاتێكی گرنگه له ناوچه‌كه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جیهان هه‌یه، توركیاش گه‌وره‌ترین شوێنی ستراتیژی و جوگرافیی ئاسیا و ئه‌ورووپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مانه هه‌بێت، رووسیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر توركیاش هه‌یه و په‌یوه‌ندیی قووڵیان هه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات نه‌وت و غاز له رێگای توركیاوە هه‌نارده بكات، ئه‌گه‌ر توركیا نه‌بێت به سووریاوه هه‌نارده بكات، رۆڵی رووسیا له ناوچه‌كه‌دا گرنگه. دواتریش رووسیا له عێراق رۆڵی هه‌یه، چه‌ك ده‌فرۆشێته عێراق و دۆخی عێراقیش له‌بار نییه، بۆیه رووسیا ده‌وێت بزانێت دۆخه‌كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.
(باس‌نیوز) بیروبۆچوون و تێبینیی سه‌رۆك بارزانی له رێگای ئه‌و نوێنه‌ره‌وه ده‌برێته‌وه لای سه‌رۆكی رووسیا؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵی ئاشتیی داوه له ناوچه‌كه و به‌بێ ئه‌و هێزانه‌ی كه ئێستا باسم كرد به رووسیاشه‌وه، ناوچه‌كه گۆڕانكاریی به‌خۆوه نابینێت، ئه‌وه‌تا كۆسۆڤۆ، چونكه چین و رووسیا دانیان پێدا نه‌ناوه، نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌تی ته‌واو، بۆیه رۆڵی رووسیا له ناوچه‌كه‌دا گرنگه و ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وان پشتیوانت نه‌بن، با دژیشت نه‌بن، باشتره. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تی ئه‌ورووپا پشتیوانیی له قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستان ده‌كات، له ئاستی میللییشدا خۆشه‌ویستیی بۆ كورد هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ زیاتر كار بكرێت و هه‌نگاو بنرێت بۆ به‌هێزكردنی ره‌وه‌ندی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چونكه ئه‌مه هێزێكه پاڵ كه‌وتووه و پێویستی به هه‌ستانه‌وه هه‌یه.
(باس‌نیوز) رووسیا و كۆمپانیاكانی رووسیا ده‌توانن رۆڵیان له بابه‌تی وزە و نه‌وتی كوردستاندا هەبێت؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: بێ شك، له رووی ئابوورییه‌وه رووسیا گرنگیی زۆری هه‌یه، كۆمپانیاكانی رووسیا لێره كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه گازپرۆم كار ده‌كات، له جیهاندا گازپرۆم دووه‌م كۆمپانیای جیهان بووه، هه‌رچه‌نده به‌هۆی ئابلووقه‌وه پێگه‌ی كه‌مێك هاتووه‌ته‌وه خواره‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمپانیایه نه‌زانێت پێگه‌ی كوردستان چۆنه، چۆن كار ده‌كات؟ بۆیه كوردستان بەتوانایە و ئه‌گه‌ر كاری له‌سه‌ر بكات له رووی ئابوورییه‌وه پێگه‌ی له زۆر ناوچه‌ی دیكه به‌هێزتره، كه ده‌وڵه‌تیشن. زۆر وڵات هه‌یه وه‌ك ده‌وڵەت ئه‌و رۆڵه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان نییه، كوردستان كاراكته‌رێكی به‌هێزه له ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر كوردستان زیاتر بتوانێت رۆڵی خۆی به‌سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا ببینێت، ئه‌وا رۆڵه‌كه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، گرنگه پێگه‌ی كوردستان زیاتر هه‌ڵبكشێت و لۆبییه‌كان به‌هێز بكرێن، ئێستا هه‌رێمه‌كان ده‌توانن رۆڵی ده‌وڵه‌ت ببینن.
(باس‌نیوز) ئایا لە رووی سه‌ربازییه‌وه رووسیا ده‌توانێت هاوكاریی كوردستان بكات؟
خۆشه‌وی مه‌لا ئیبراهیم: دۆسیه‌ی ئه‌م پرسه جارێ لای هاوپه‌یمانانه و شتێكی له‌و شێوه‌یە نییه.