سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان: هەرگیز لەسەر رەخنە و راوبۆچوونى جیاواز سزاى ئەندامانمان نەداوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان: هەرگیز لەسەر رەخنە و راوبۆچوونى جیاواز سزاى ئەندامانمان نەداوە

 

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان روونکردنەوە لەبارەی تۆمەت و قسەى نەشیاوی چەند پارێزەرێک دەدات کە گوایە لەسەر کۆمێنتێک سزا دراون.

ئەمڕۆ شەممە 4/12/2021، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: "چەند رۆژێکە، چەند پارێزەرێک کە ژمارەیان لە پەنجەکانى یەک دەست تێپەڕ ناکات، لە سۆشیال میدیا هێرشێکى ناڕەوایان کردۆتە سەر سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و خودى بەڕێز سەرۆکى سەندیکا، تۆمەت و قسەى نەشیاو دەبەخشنەوە، وا نیشان دەدەن کە تەنیا لەسەر کۆمێنتێک سزا دراون و خۆیان بە بێتاوان لە قەڵەم دەدەن".

ئەوەش خراوەتە روو: "ڕایدەگەیەنین کە هەرگیز سەندیکاى پارێزەران، سزاى ئەندامانى نەداوە لەسەر ڕەخنە و ڕاوبۆچوونى جیاواز. بەڵکو بەپێچەوانەوە، دەرگاى واڵا بووە و دەبێت، بۆ گشت ڕایەکى جیاواز و ڕەخنەیەکى بنیاتنەر کە لە بەژەوەندیى و خزمەتى پارێزەران و جێبەجێکردن و سەروەریى یاسا دابێت".

دەقی روونکردنەوەیەکە:

چەند رۆژێکە، چەند پارێزەرێک کە ژمارەیان لە پەنجەکانى یەک دەست تێپەڕ ناکات، لە سۆشیال میدیا هێرشێکى ناڕەوایان کردۆتە سەر سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و خودى بەڕێز سەرۆکى سەندیکا، تۆمەت و قسەى نەشیاو دەبەخشنەوە، وا نیشان دەدەن کە تەنیا لەسەر کۆمێنتێک سزا دراون و خۆیان بە بێتاوان لە قەڵەم دەدەن.

بۆ بەرچاوڕوونى پارێزەرانى خۆشەویست، ئەو ڕوونکردنەوەى خوارەوە بە پێویست دەزانین:

لاى هەمووان ئاشکرایە، کە پارێزەران توێژێکى رۆشنبیر و ئاستبەرزى کۆمەڵگان و پێویستە پارێزەر، هەمیشە پێشەنگ بێت لە گوفتار و کردەوە و هەڵسوکەوتەکانى.

هەر کۆمەڵگایەک پارێزەران تیایدا نموونەى باڵا بن لە مەعریفەت، رۆشنبیریى و هەڵسوکەوتى ڕاست، کۆمەڵگایەکى بەهێز و تەندروستە.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە دامەزراوەیەکى یاساییى و فەرمى هەرێمى کوردستانە، بەپێى یاساى پارێزەرایەتیى و یاسا بەرکارەکان لە هەرێمى کوردستان کار دەکات. ئەرکى رێکخستنى پیشەى پارێزەرایەتیى و ئەرک و ماف و ئەندامەکانییەتى. بۆیە ئەوانەى ئەندامن لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بەپێى یاسا، ئەرک و مافیان لەو چوارچێوەیەدا هەیە.

یەکێک لە ئامانجەکانى یاساى پارێزەرایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە (17)ى ساڵى (1999)ى هەموارکراو، کە سەندیکاى پارێزەران لەسەریەتى جێبەجێى بکات، پێڕەویکردنى دیموکراسى و بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیریى پارێزەرانە، هەروەک لە بڕگەکانى ماددەى (2)ى یاساکە دا هاتووە.

ڕایدەگەیەنین کە هەرگیز سەندیکاى پارێزەران، سزاى ئەندامانى نەداوە لەسەر ڕەخنە و ڕاوبۆچوونى جیاواز. بەڵکو بەپێچەوانەوە، دەرگاى واڵا بووە و دەبێت، بۆ گشت ڕایەکى جیاواز و ڕەخنەیەکى بنیاتنەر کە لە بەژەوەندیى و خزمەتى پارێزەران و جێبەجێکردن و سەروەریى یاسا دابێت.

بەداخەوە، ئەو پارێزەرە بەڕێزانە، کە هەریەکەیان بەشێوازێک سزا دراوە، بەڵام لەچوارچێوەى یاساى پارێزەرایەتیى و یاسا بەرکارەکان، نەک لەلایەن سەرۆکى سەندیکاى پارێزەران، بەڵکو بە کۆى دەنگى گشت ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران. ئەمەش لەبەر ئەوەى گوفتار و هەڵسوکەوتەکانیان، تاوانى دروست کردووە.

ئایا دەکرێت پارێزەر، درک بەوە نەکات کە ئازادى و ڕەخنە سنوورى خۆى هەیە و بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپ و یاسایەک، شەلم کوێرم ناپارێزم، ناو بزڕێنێت و تەشهیر بەم و بەو بکات و دواتریش بڵێ: لەسەر کۆمێنتێک سزایان داوم!

سەندیکاى پارێزەران، ڕایدەگەیەنێت کە ئەو سزایانە، تەنیا لەسەر کۆمێنتێک نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێک پێشێلکارییى و ناوزڕاندن و کارى نایاساییە و بۆ ئەو مەبەستە تەواوى بەڵگەکان لە سەندیکا کۆکراوەتەوە و هەر پارێزەرێکى بەڕێز ئارەزوو بکات، دەتوانێت سەردانى سەندیکا بکات و نیشانى دەدەین.

ئەمە جگە لەوەى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران، دواى هاتنى پەڕاوى لێکۆڵینەوەى دادگا، لەسەر بەشێک لەو پارێزەرانە، ڕەزامەندى نیشان داوە تاکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمەش بەپێى ماددەى (٢٣)ى یاساى پارێزەرایەتى، کە دادخواز لەو پەڕاوانە، سەندیکاى پارێزەران نییە. بەڵکو هاووڵاتیى ئاسایین.

یاخود پارێزەرى بەڕێز هەیە، کە دواى وەرگرتنى گوفتارى سکاڵاکار و بەڵگەکان، دەرکەوتووە مافى بریکاردارەکەى خواردووە یاخود پێشێلکارى ئەنجام داوە، لەلایەن لیژنەى بەرزەفتى سەندیکا سزادراوە، کە ئەو لیژنەیەش بە یاسا کار دەکات، هێرشى ناڕەوا دەکاتە سەر سەندیکا و وا نیشان دەدات، قوربانییە!

بەبیر هەمووانیش دەهێنینەوە، کە گشت بڕیارەکانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، شیاوى تانەلێدانن لە دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان و سەندیکا پابەندە بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگاى پێداچوونەوە، بە پەسەند کردن بێت یاخود ڕەتکردنەوە.

نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت، کە ڕەزامەندى سەندیکا بۆ دادگاى لێکۆڵینەوە و سزادانەکانى لیژنەى بەرزەفتیى و ئەنجومەنى سەندیکا، دواى پەسەندکردن لە دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم، پلەى بنبڕ وەردەگرێت و دەچێتە وارى جێبەجێکردن.

بەشێک لەو پارێزەرە بەڕێزانە، سەندیکا بە هەدەردانى سامانى پارێزەران تۆمەتبار دەکەن یاخود گوایە داهات و خەرجییەکان لەژێر چاودێرى کەس دا نییە، بەبیریان دەهێنینەوە کە بەپێى یاساى پارێزەرایەتیى، دیوانى چاودێرى دارایی، چاودێرە بەسەر داراییى سەندیکا، ساڵانە لەرێگاى لیژنەکانییەوە، سەردانى سەندیکا دەکەن و وردبینى لە ژمارە و داتا و داهات و خەرجییەکان دەکەن و راپۆرت بەرز دەکەنەوە. خۆشبەختانە لەماوەى ساڵانى رابوردوو چەندین دەستخۆشیى و پێزانینمان لەلایەن دیوانى چاودێری داراییى بەدەست گەیشتووە، لە رێک و پێکى کارەکان و ژمێرەى دروست و شەفافییەتى داهات و خەرجى. ئەمە جگە لەوەى کۆى داهات و خەرجییەکان دواى پێشکەشکردنى راپۆرتێکى داراییى، لەلایەن کۆنگرەى پارێزەرانەوە پەسەند کراوە.

دووپاتى دەکەینەوە، سەندیکاى پارێزەران بە دامەزراوەییى کار دەکات و بڕیارەکانى لە رێگاى ئەنجومەن و لیژنەکانەوە لەچوارچێوەى یاسا دەردەکات و هەمیشەش ڕێز لە ڕا و ڕاى بەرانبەر دەگرێت.

هەریەک لەو پارێزەرە بەڕێزانەش، پێشتر بەجۆرێک لە جۆرەکان ئامۆژگارى کراون و دەرفەتیان پێ دراوە لە حاڵەتى ترى هاوشێوە و تەنانەت هەندێکیان بەڵێنیشیان داوە، کە کارێک نەکەن ببێتە هۆى لەکەدار کردنى خۆیان و ئەوانى دیکە. بەڵام بەداخەوە، ئەوەى ئێمە نەماندەویست ڕووبدات، ڕوویدا. ئەگەر بۆ هەموو گوفتار و ڕەفتارێکیش، سزا نەبێت، دەبێتە پاشاگەردانیى و زیان بە ناوبانگى سەندیکا و ئەندامەکانی تریشمان دەگات.

بۆیە هیوادارین، ئەو پارێزەرە بەڕێزانە، رێگاکانى یاساییى و تانەى دادوەری بگرنە بەر، کە سەندیکا ملکەچى تەواویان دەبێت و وێراى ئەوەى دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆى یاساییى و ژیرانە و ڕاوبۆچوونى جیاواز، نەک چاک کردنەوەى هەڵە بە هەڵەى تر و زەقکردنەوەى چەوتییەکان، بەپێچەوانەوە بە بەردەوامبوونیان لەو هێرش و تۆمەتانە، بە مافى خۆمانى دەزانین پەنا ببەینە بەر دادگاى لێکۆڵینەوە و سکاڵاى سزاییى لەسەر هەر کەسێک لەو پارێزەرە بەڕێزانە بجوڵێنین، کە تۆمەتمان ئاڕاستە دەکات و هەوڵى ناوزڕاندنى سەندیکا و ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران دەدات.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان