كە ھۆشت لەدەست دا، ھەر دەبێ ئەم قسانە بكەیت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 04/12/2021

كە ھۆشت لەدەست دا، ھەر دەبێ ئەم قسانە بكەیت!

كارگێڕێكی مەڵبەندی قەرەچووخی یەكێتی، كە خۆی وەك فەرماندەی خۆبەخش ناساندووە! تایبەت بە پەلامارە تیرۆریستییەكەی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە، دەڵێت: ”پارتی لە چیای قەرەچووخ لەگەڵ تیرۆریستان ڕێك كەوتووە كە لەو دەڤەرە لەگەڵ چەكدارانی داعش تەقە لە یەكتر نەكەن!“ دوای ئەمیش، تەڤگەری ئازادیی سەر بە پەكەكە، ھەمان بەیت و بالۆرەی ئەو كارگێڕ و فەرماندە خۆبەخشەی! یەكێتی لێ دەداتەوە و دەڵێت: ”گومانمان لە پارتی ھەیە و دەبێ لێكۆڵینەوە بكرێت!“.

من حەقم بەسەر پارتی و یەكێتیەوە نیە، بەڵام حەقم بەسەر كوردستانەوە ھەیە، بۆیە كاتێك كە لێدوانی زۆر نامەنتیقی و دوور لە عەقڵم گوێ لێ دەبێت یان دەبینم، ناتوانم بێدەنگ بم، تۆ وەرە پلەت لە حزبدا كارگێڕی مەڵبەند بێت، كەچی ئا ئەوھا كار بگێڕیت! یان پەكەكەی خاوەنی تەڤگەر كە خۆیان ھەتا ئێستا ھەر داعشئاسا چەندین پێشمەرگەی كوردستانیان شەھید كردووە، كەچی ئێستا باسی ئەوە دەكەن: ”با لێكۆڵینەوە بكرێت لەسەر ئەو پێشمەرگانەی كە داعش لە گوندی خدرجیجە شەھیدی كردوون!“ جا بۆ ئەوەی ئەو كارگێڕەی یەكێتی و تەڤگەر لەئاست خۆیاندا و لە شەرماندا ببن بە قەترەیەك ئاو، ئەم پرسیارانە بە پێویست دەزانم:

1- لە كەیەوە ئەو ناوچانەی كە داعش تەراتێنی تیا دەكەن چۆڵ بوون و بۆشایی ئەمنییان تیا دروست بووە؟ لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 واتە لە كاتی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یان ڕۆژێك پێش ھێرشی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە؟

2- ئەگەر پارتی ڕێككەوتنی لەگەڵ داعش كردبێت كە تەقە لە یەكتر نەكەن! ئەی چۆن دەھێڵێت پێشمەرگە بچن بە ھانا و فریای خەڵك و بە ھانای پێشمەرگەی دیكەی كوردستان لەو دەڤەرانەی مەخموور و قەرەچووخ؟ خۆ ئەمە پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەیە! ئەی چۆن پێشمەرگەی لێ شەھید دەكرێت؟

3- كێ بوون ئەوانەی كە بە ڕێككەوتن! چەكدارانی داعشیان لە سلێمانیەوە بە چەندین كاروان تەسلیم بە ڕاكان جبووریی خزمی داعشەكان كردەوە؟ ئایا ئەوە خائینانی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی نێو یەكێتی بوون یان خەڵكی تر؟ ئەی ئایا ھەتا ئێستا بۆ خەڵك مەعلوومە كە ئەو داعشانە لە بەرامبەر چی تەسلیم بە ڕاكان جبووری كرانەوە؟

4- ئەی كاتێك داعش پەلاماری گوندی خدرجیجەی دا، ئایا ئەو كارگێڕ مەڵبەندەی یەكێتی كە بە خۆیشی دەڵێت (فەرماندەی خۆبەخش!) لە كوێ بوو؟ بۆچی نەچوو بۆ خدرجیجە و لەپێناوی خەڵكی ئەو گوندەدا خۆی ببەخشێت؟ ئەی ئەو خۆبەخش نیە؟