با هەولێر بکەینه ژوانگەی هونەرمەندان و ئەدیبان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
شەهرام میرزایی 04/12/2021

با هەولێر بکەینه ژوانگەی هونەرمەندان و ئەدیبان

کاتێک بیسمارک له سەدەی نۆزدەی زایینیدا ویستی بنەماکانی ئەڵمانیای ئەمڕۆ بنیات بنێت، لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر ڕووبەڕوو بووەوە. خەڵکێکی له یەکتر دابڕاو، یەكجار زۆر دوژمنانی دەرەکی، نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی، ئابوورییەکی داڕماو و له هەمووی خراپتر نائومێدییەکی له‌ڕادەبەدەر، که له ناخی کۆمەڵگای ئاڵماندا ڕیشەی کردبوو، بەڵام ئەو دەیزانی، که لە بەرامبەر ئەرکێکی مێژوویی و قوناغێکی هەستیاردا ڕاوستاوه و دەبێ بڕیاری لەسەر بدات، بڕیارێک که جیهانی ئێمەی هەژاند و ئەڵمانیای کرد بەو وڵاته‌ی که ئێستا نموونەی جیهانێکی پێشکەوتوو و زلهێزێکی بڕیار بەدەسته.

ئەو گەورەپیاوه لەسەر "هیچ" ڕانەوەستابوو و له "هیچ"یش دەستی پێ نەکرد، بەڵکوو لەسەر بنەمای کولتوور و ئەدەب و هونەر و ئەخلاقی کۆمەڵگاکەی دەستی کرد به چاکسازی و ئافراندن. چاکسازی له ئابووری و سیاسەت و هەروەها ئافراندنی مرۆڤێکی نوێ له‌سەر بنەمای کولتوور و ئەدەب و ئەخلاقی ئەڵمانی، بۆیه پەروەردەی وڵاتەکەیان له ڕیشەوه گۆڕی و چوارچێوەیەکی نوێیان داڕشت که منداڵانی ئەڵمان هەتا ئەمڕۆ لەسەر بنیاتی ئەو چوارچێوەیە پەروەرده دەبن. ئەو باش دەیزانی که تەنیا چاکسازی وەڵامدەر نییه و دەبێ مرۆڤێکی نوێ بۆ جیهانێکی نوێ بخولقێنێ، کەواته چاکسازی و ئافراندنی مرۆڤایەتی بۆ جیهانی چاککراو "لازم و مەلزووم"ی یەکترن.

هەنووکە ئێمەی کورد که له سەدەی بیست و یەکدا دەژین، زۆربەی گیروگرفتەکانمان وەکوو ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەیه، له زۆر شوێن لە یەکتر دەچین و هەروەها ئاوات و خولیاکانمان لە یەک ڕاستایه، کە ئەویش بنیاتنانی وڵاتێکی پێشکەوتوو و خۆشبژێوە، وڵاتێک، که بتوانێت بەرهەمهێنەر بێت و سەرێک بێت له‌نێو سەراندا، کولتوورەکەی گەشه بکات و بەرهەمی جیهانیی هەبێت، ئابوورییەکەی لەسەر پێی خۆی بێت و ببێته ناوەندێکی بازرگانی و بەرهەمهێنانی بەرهەمی پیشەیی، زانکۆکانی ببنه شوێنی باس و وتووێژ و مشتومڕی زانستی و ئافراندنی شتی نوێ.

له وڵاتێکی وەهادا، ئێمه تەنیا بەکارهێنەر نین، بەڵکوو بەشی زۆری داهاتی وڵات له بەرهەمهێنان دابین دەکرێت، بەرهەمهێنانی ئابووری، بەرهەمهێنانی پیشەیی، بەرهەمهێنانی کولتووری، بەرهەمهێنانی زانست و... تد. ئەمه شتێکی سەیروسەمەره نییه و مێژووی جیهان بەڕوونی به ئێمه دەسەلمێنێت، که چۆن ئەم ئاوات و خولیاگەله بەدی دێن.

یابان نموونەیەکی دیکەیه، کە دەسەڵاتی هۆز و خێڵ، شەڕی ناوخۆیی، کولتووری دواکەوتوو، ئابوورییەکی داڕماو و حکوومەتێکی ناکارامه ئەو وڵاتەی بەرەو ڕووخان دەبرد، بەڵام (میجی) کاتێک له نیوەی سەدەی نۆزدەی زایینیدا دەسەڵاتی گرتە دەست، باوەڕی به نەتەوەکەی و داهاتوو هەبوو، بۆیه لەژێر گوشارێکی یەكجار زۆری ناوخۆیی و دەرەکی، لەکاتێکدا که چواردەوری به دوژمن تەندرابوو، دەستی کرد به چاکسازی و ئافراندن و به باوەڕێکی پتەو و به پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ و زانا و بەرپرسیار بەرامبەر به ویژدان و نەتەوە و نەوەی داهاتوو، هەوڵی بۆ خولقاندنی یابانێكی نوێ دا و له ماوەی نزیک به چل ساڵ، توانی ببێته هۆی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی، که له مێژوودا به "کودەتای میجی" بەناوبانگه و بنەمای وڵاتێک دابمەزرێنێت، که له ڕێگای بەرهەمه پیشەیی و کولتوورییەکانییەوە، جیهان بگرێتە دەست، یابانێک که تەنانەت بۆمبی ناوەکی نەیتوانی لەنێوی ببات، چونکه (میجی) تەنیا له بیری پیشه و ئابوورییەکی به‌هێزدا نەبوو، بەڵکوو له ڕێگای ئافراندنی مرۆڤی پەروەردەکراو و بەرپرسیار، یابانی ئیمڕۆی خۆڵقاند.

ئێمه مەحکوومین به چاکسازی و ئافراندن

کاتی خۆی وەزیری جەنگیی بەریتانیا، له ناوەڕاستی دووەم شەڕی جیهانی دەڕواته لای چەرچل، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و داوای لێ دەکات که له بودجه‌ی بەشی کولتوور و هونەر و ئەدەب کەم بکاتەوە و بودجه‌ی سەربازیی وڵاتەکەی زیاد بکرێت، چونکه "ئێستا کاتی شەڕە و سەربازەکانمان پێویستیان به پارەی زۆرتره"، چەرچلیش، که وەکوو هەمیشه سەرقاڵی کێشانی جگەرەکەی بوو، لەژێر چاوەوە سەیری وەزیری جەنگیی کرد و گوتی: "کوڕم ئێمه بۆ پاراستنی کولتوور و هونەر و ئەدەبیاتەکەمانه، که شەڕ دەکەین، ئێستا تۆ دەتەوێ بە دەستی خۆمان تەور لەو داره بدەین".

ئێمه ناتوانین وڵاتێکی پێشکەوتوو بدۆزینەوه، که لەسەر بنەمای پتەوکردنی ئەدەب و فەرهەنگ و هونەر و ئەخلاقی کۆمەڵگەکەی دانەمەرزابێت، هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو، پێش ئەوەی به تەکنەلۆژیا و زانستەکەی شانازی بکات، شانازی به هونەر و ئەدەب و کولتووره پێشکەوتووەکەیەوە دەکات، چونکه پێی وایە، تەنیا کاتێک دەتوانێت نەتەوەیەکی زیندوو و بەرهەمهێنەری هەبێت که "سامانە مانایییەکەی"، که هەڵقوڵاوی ناخی نەتەوەکەیه، بەهێز بێت.

ئێستا ئێمەی کوردیش له جەرگەی دۆخێکی زۆر هەستیاردا ڕاوستاوین، چواردەورمان به دوژمن تەندراوه و به هەموو شێوەیەک هەوڵ ئەدەن، که گەورەترین ئەزموونی حوکمڕانی و بەڕێوەبەریی کورد تێک بدەن، دۆخی ئابووریمان به هۆکاری قەیرانه جیهانییەکان و بڕینی بودجه باش نییه، پیلانگەلێکی زۆر بۆ بەلاڕێدابردنی هزری خەڵک و نائومێدکردنیان
له ژیان لەئارادایه و... هتد، بەڵام بەو وەسفه، حکوومەت له دوو ساڵی ڕابردوودا بڕیارێکی زۆر هەستیار، گرنگ و مێژوویی دا، بۆیه بڕیاری "چاکسازی" بوو به گەورەترین خاڵی بەرچاوی کارنامەی حکوومەت به سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، تاکوو مێژوو لەبیری نەکات که له
جەرگەی قەیرانەکاندا کورد دەستەوئەژنۆ ڕانەوەستا و بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا.

لەم دوو ساڵەدا، حکوومەت هەموو هێز و توانای خۆی لەسەر بەرپەرچدانەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و پووچەڵکردنەوەی پیلانه دژه نەتەوەییەکان سەرف کرد و بە شایەدیی مێژوو، زۆر سەرکەوتووانه
هەڵسوکەوتی کرد، بەڵام لەم نێوانەدا، تا ڕادەیەکی زۆر پێشبردنی کولتوور و ئەدەب و هونەری وڵاتەکەمان لەبیر کرا و لەبیرمان کرد بەبێ ئەو سێ کۆڵەکەیە، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نایەت، بەڵام ئەمه بەو واتایە نییه، که حکوومەتی کوردستان ئاگاداری ئەم گرنگییه نییه، بەڵکوو نابێت
لەبیری بکەین که هەر حکوومەتێکی دیکەیش له جیهاندا له جێگای ئێمه بوایە، هەر ئەو دژەکردەوەیەی دەبوو، که ئێمه هەمانبوو، چونکه ئێمه دوای شەڕی داعش و ڕووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەری 2017 و بڕینی بودجه، شەڕی مان و نەمانمان کرد.

بەڵام ئێستا که سەربەرزانه پیلانەکانمان پووچەڵ کردووەتەوە، حکوومەتیش به جدی سەرقاڵی ئاوڕدانەوەیە لە کولتوور، ئەدەب، هونەر و ئەخلاقی کۆمەڵگە، بۆیه بەڕێز مەسرور بارزانی، له وتووێژێکدا لەگەڵ (سکای نیوز)دا گوتی: "سەرەڕای هەموو ئەوانه، دەستمان به چاكسازی كردووە و توانیومانە خۆمان ڕابگرین، تەنیا ئەوەش نەبوو، توانیمان دەست به پڕۆژەكانیش بكەینەوه و ڕەوشی كوردستان له ڕووی ئابووری و ئەمنییەوه پێش بخەینن، ئێستا له نیوەی ڕێگەداین“.
مەسرور بارزانی، له درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە و گوتی: "هیوادارین له ئاستێكی باشدا بین، هیواخوازین كوردستان لەسەر ڕێگەی ڕاست بێت و بەرەو پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو بنێین".

ئێستا له نیوەی ڕێگەدا، حکوومەت هەوڵی خۆی بۆ بنیاتنیانی کوردستانێکی نوێ تەرخان کردووه، بۆیه شان به شانی گەشەسەندنی ئابووری، دەیەوێت مرۆڤێکی نوێ له کوردستان پەروەرده بکات که ئەرکی بەرەوپێشبردنی وڵات لەئەستۆ بگرێت، بۆیه مەسرور بارزانی، له کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرهەمهێنەران له ڕۆژی دووشەمە، 30ی تشرینی دووەمی 2021ی زایینی، جەختی لەوە کردەوه و گوتی: "کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و فێرکردن دەدات، بەڵام پێویستە بایەخ بە دروستکردن و پەروەردەکردنی
مرۆڤی بەتوانا و لێهاتوو و نیشتمانپەروەریش بدرێت و هەموومان کار بۆ زیاتر پێشخستنی کوردستان بکەین، لە هەموو بوارەکاندا". کەوایە چاکسازی و ئافراندنی مرۆڤی بەرپرسیار و بەتوانا، دەبێ شان به شانی یەکتر بن، تاکوو کوردستان له ڕێگای دروستی خۆی و له کاتی گونجاودا به ئامانجەکانی بگات.

هەولێر توانای هەیه ببێته شارێکی هونەری و ئەدەبی

بەڕێوەچوونی دوو فیستیڤاڵی ئەدەبیی مەزن له کەمتر له یەک مانگدا له هەولێری پایتەخت، دڵی هەموو ئەدەبدۆستان و ئەڤیندارانی هونەر و کولتووری کوردیی له هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورەدا شاد کرد. پێشوازیی بەرچاوی خەڵک لەو دوو فستیڤاڵه و هەروەها دەنگدانەوی
بێوێنەیان له ئاستی کوردستانی گەورە، پیشانی دا، که هەولێر بێجگه لەوەی که پایتەختی بڕیارە کوردستانییەکانە، دەتوانێت ببێته مەکۆ و ژوانگەی ئەڤیندارانی ئەدەب و کولتوور و هونەری کوردییش.

هەولێر نابێت تەنیا سمبولی پێشکەوتنی ئابووری و پیشەیی کوردستان بێت، ئەم پارێزگایه توانای ئەوەی هەیه که ببێته ئاوێنەی هەموو کوردستان له بواری کولتوور و ئەدەب و هونەر و ببێته شارێکی هونەری و ئەدەبی، که شەقامه گەورەکانی به شوێنه کولتوورییەکان ڕازاوەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان له ساڵانی ڕابردوودا هەتا ئێستا، بەڕوونی پیشانی داوه، که
حكوومەتی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکانه و دەتوانێت سەرفەرازانه قەیرانەکان تێپەڕێنێت و بگاته کەناری ئارام.

ئەگەر دەمانەوێت نەوەی داهاتوومان نیشتمانپەروەر و بەرپرسیار بن، دەبێت به هەموو هێزمان هەوڵی پتەوکردنی (سامانه مەعنەوی)یەکەمان بدەین و نابێت لەبیری بکەین، که زۆرینەی قەیرانه کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، که تووشی بووینه، به هۆکاری پەراوێزخستنی سامانه مەعنەوییەكانمان بووە. ئەگەر ئێمه مرۆڤی بەرپرسیار و نیشتمانپەروەرمان دەوێت، ئەمه تەنیا ڕێگایه و هەولێریش لەم هەوڵەدا دەبێ ببێته ناوەند و ژوانگەی هونەر و کولتوور و ئەدەبی کوردی و لێرەدا ئاڕاستەکانی بزاڤی کولتووریی کوردستانی دیاری بکرێن و ڕێگایان پێ پیشان بدرێت.