كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یەكێتی ئەورووپا پەیامێک لەبارەی ئۆجەلانەوە ئاراستەی تورکیا دەکات

كۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا، لەبارەی پێدانی مافێک بە  ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پەیامێک ئاراستەی تورکیا دەکات.

كۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە توركیا کردووە ”مافی ئومێد“ بە عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بدات.

مافی ئومێد، ئەو مافەیە كە هەر كەسێک سزاكەی توند بوو و گەیشتە سزای زیندانی تاهەتایی، پێویست دەكات ئەشكەنجە نەدرێت و ئەو یاسایانەی بەسەردا جێبەجێ بكرێت كە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دیاریی كردووە.

یەکێک لەو مافانەی لە چوارچێوەی مافی ئومێد دیاری کراوە، بریتییە لەوەی دوای چەند ساڵێک لە زیندانیکردنی ئەو کەسەی بە زیندانی تاهەتایی سزا دراوە، چاو بە دۆسییەکەیدا بخشێندرێتەوە و ئەگەر پێویست بکات ئازاد بکرێت.

كۆمیتەکە رەخنەی لە توركیا گرتووە، چونکە هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئۆجەلانەوە بە دەزگا ئەورووپییەکان نەدواە و داوای کردووە تورکیا ”لە ماوەیەكی نزیكدا“ وەڵامیان بداتەوە.

نزیکەی هەشت مانگە وەزارەتی دادی تورکیا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجەلانەوە ئاشکرا ناکات و رێگەش بە پارێزەرەکانی نادات سەردانی بکەن.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 لە لایەن میتی توركیا لە كینیاوە دەستگیر کرا و گەڕێندرایەوە توركیا. دواتر دادگا بە زیندانی هەتا هەتایی سزای دا و تاوەکوو ئێستا لە گرتووخانەی ئیمڕالی زیندانی کراوە.