فەرەنسا: جەنگی داعش جەنگی هاوبەشمانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

فەرەنسا: جەنگی داعش جەنگی هاوبەشمانە

كۆنسوڵخانەی فەرەنسا پەیامێكی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی پەلامارەكەی مەخموور كرد



ئەمڕۆ هەینی كۆنسوڵخانه‌ی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی په‌لاماری گوندی خدرجیجه‌ له‌ نزیك مه‌خموور كرد و رای گه‌یاند جه‌نگی دژی داعش جه‌نگی هاوبه‌شمانه.

كۆنسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (تویته‌ر)ەوە رای گه‌یاند "سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی هه‌ردوو گه‌نجه‌كه‌ و برا بچووكه‌كه‌یان ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ گونده‌كه‌ی خدرجیجه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ شه‌هید كران. سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی ئه‌و ده‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستیی داعش شه‌هید كران و هاوسۆزیش بۆ برینداره‌كان ده‌رده‌بڕین".

كۆنسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا دووپاتی كردووەتەوە كە جه‌نگی دژی داعش جه‌نگی هاوبه‌شمانه‌، ئه‌م هێرشه‌ قێزه‌وه‌نه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ جه‌نگ دژی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئێمه‌ رژدین له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌و جه‌نگه‌ به‌ هاوشانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.

شه‌وی رابردوو، چه‌كدارانی داعش په‌لاماری چه‌ند گوندێكی سنووری قه‌زای مه‌خمووریان دا و له‌ ئاكامی ئه‌و په‌لاماره‌دا، له‌ گوندی خدرجیجه‌ی سنووری مه‌خموور سێ هاووڵاتی و 10 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و پێنج هاووڵاتییش بریندار بوون.

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017وە، له‌و ناوچانه‌دا بۆشایی ئه‌منی دروست بووه‌، بۆ پاراستنیان حكوومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خه‌ریكن دوو لیوای هاوبه‌ش پێكبهێنن، تا كۆتایی بەم بۆشاییەی ناوچەكە بێنن، كە بووەتە پێگه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان.