كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دژەتیرۆری كوردستان: پەیامی دایکە قارەمان و شێرەژنەكە ورە و گڕوتینێکی گەورە و زیاتر بە ئێمە دەبەخشێت

ئەمڕۆ هەینی دژەتیرۆری كوردستان پەیامێكی لەبارەی هێرشەكەی دوێنێ شەوی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر مەخموور بڵاوكردەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی كردەوە تیرۆریستییەكە كرد و رای گەیاند پەیامی دایکە قارەمان و شێرەژنەكە ورە و گڕوتینێکی گەورە و زیاتریان پێدەبەخشێت.

لە پەیامەكەدا هاتووە "بەداخەوە شەوی رابردوو لە ئاکامی پەلاماری دڕندانەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ، ژمارەیەك هاونیشتمانی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. لێرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین".

دژەتیرۆری كوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "چەندبارەبوونەوەی شەهیدبوونی سێ رۆڵەی دایکێک لە یەک کاتدا لە مێژووی دوور و نزیکی گەلەکەماندا، نموونەی باڵای ئەو پەروەردەیە کە دایکانی کورد رۆڵەکانیان بە گیانفیدایی و نیشتمانپەروەرانەوە پەروەردە دەکەن لە پێناو خاک و نیشتماندا، پەیامی ئەو دایکە قارەمان و شێرەژنە، ورە و گڕوتینێکی گەورە و زیاتر بە ئێمە دەبەخشێت کە مکووڕانەتر بەردەوامبین لەسەر رێباز و دۆزی باڵای گەلەکەمان و لە پێناویدا گیانفیدایی بکەین و سازش لە مافەکانی گەلەکەمان نەکەین. هاوکات پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر و باشتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكان بكات و لێپرسینەوەش لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك بکات".

هەروەها داواکارن چیتر خەمساردانە و بێباکانە تەماشای ئەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەکرێت کە خاک و ژیانی هاونیشتمانییانی خستووەتە بەر مەترسیی راستەقینە، راشیان گەیاند "داواکارین هەرچی زووە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش زیاتر بکرێت تا دەرفەت بە تیرۆریستان نەدرێت ئەو کەلێنانە بە مەبەستی مەرام و پیلانەکانیان بقۆزنەوە".