پارێزگاری هەولێر: لە پەلامارە دڕندانەکەی دوێنێ شەو ١٣ پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پارێزگاری هەولێر: لە پەلامارە دڕندانەکەی دوێنێ شەو ١٣ پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قوربانییانی دوێنێ شەوی پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعشی لە بناری چیای قەرەچوخ ئاشکرا کرد و دەشڵێ" لەکاتێکدا زۆر بەتووندی ئیدانەى ئەو پەلامارەى تیرۆرستییەى تیرۆرستانى داعش دەکەین، داواکارین زۆر بەخێرایی پەلەبکرێت لە گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست".


لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە "بەداخەوە، شەوی رابردوو دووبارە بەقۆزتنەوەى ئەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ى کە له‌نێوان هێزى پێشمەرگەى کوردستان و سوپای عێراقدا هەیە لە ناوچه‌كه‌دا، تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان داو و لەئاکامى ئەو پەلامارە دڕندانەیەشدا، 13 شه‌هید له‌ هاووڵاتیان و پێشمه‌رگه‌ و ژمارەیەکیش بریندار بوون".

ئومێد خۆشناو دەشڵێ: "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ڕادەگەێنین بۆ کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی گوندی خدر جیجە، خۆمان بەهاوبەشى هاوخەمیان دەزانین و داواکارین لە خوداى گەورە گیانی شەهیدان بەبەهەشتى خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت و هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برينداران ده‌خوازين.

پارێزگاری هەولێر راشیدەگەیەنێت: "لەکاتێکدا زۆر بەتووندی ئیدانەى ئەو پەلامارەى تیرۆرستییەى تیرۆرستانى داعش دەکەین، داواکارین زۆر بەخێرایی پەلەبکرێت لە گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ بەهێزکردن و تۆکمەکردنى هەماهەنگیی نێوان هێزى پێشمەرگەى کوردستان و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە ئەمنییە کە هەیە و دەستکردن بەئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ کۆتایهێنان بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و بەرگرتن لە هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بۆسەر هاوڵاتییانى ئەو ناوچەیە و پارێزگاریکردن لە ژیانی پێشمەرگە".