ئەگەر هەرێمی كوردستان وەك پۆڵەندای بكردایە چی دەقەوما؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 02/12/2021

ئەگەر هەرێمی كوردستان وەك پۆڵەندای بكردایە چی دەقەوما؟

وەك ڕێكارێكی پێویست كە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی خۆیانەوە ھەیە و بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی كۆچبەرانی نایاسایی لە بیلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا، سەرۆكی حكوومەتی پۆڵەندا لە رۆژی 2– 9-2021 ئیمزای لەسەر مەرسوومی ڕاگەیاندنی (باری لەناكاو) كرد. زۆر بەكورتی (باری لەناكاو) بە مانای ئەوە دێت، كار بە ھیچ یاسا و بڕیارێك ناكرێت كە بۆ باری ئاسایی دانراون، بەو یاسا و بڕیارانەشەوە كە گشت ئازادیەكان دەپارێزن.

ھەر لەبەر ھەمان ھۆكار، پۆڵەندا لە 1–12-2021 ماوەی باری لەناكاوی بۆ سێ مانگی تر درێژ كردەوە، ئەوە لە پۆڵەندا كە لە 1–5-2004وە بە فەرمی بووەتە یەكێك لە دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتیی ئەورووپای لانك و پارێزەری دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و دادپەرورەری.

دە ئنجا با بزانین، ئەگەر بۆ نموونە و تەنیا وەك گریمانەیەك، گریمان ھەر لەبەر ھەمان ھۆكار و پاساوی پۆڵەندا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەنێوان خۆی و ھەر دەوڵەتێكی دراوسێ یان خۆی و عێراقدا، باری لەناكاوی ڕابگەیەندایە و نەیھێشتایە یەك پەنابەر و ئاوارە، بێنە ھەرێمی كوردستان، ئاخۆ لە ھەرێمی كوردستان چی دەقەوما؟ بە حوكمی پێشینەی سیاسەت و ھەڵسوكەوتەكانیان، پێشبینیی ئەم حاڵەتانەم دەكرد:

1- دە پازدە كەسی كەمپینچی، بە ناوی (ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیەوە!)، دەستیان دەكرد بە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی و دەیانگوت: ”ئێمەی چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕایدەگەیەنین كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەورەترین پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ دەكات!“.

2- ئەبووبەكر ھەڵەدنی و عومەر گوڵپی دەیانگوت: ”حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆچی ڕێگە لە ھاتنی پەنابەر و ئاوارە دەگرێت بێنە ھەرێمی كوردستان؟ دیارە حكوومەت بیری چووە یان نازانێت كە (يا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) ئەی ئیتر بۆچی حكوومەت ناھێڵێت ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بێن بۆ ئەوەی تەعاروفێك لەگەڵ یەكتر بكەین و لە نزیكەوە یەكتر بناسین؟“.

3- عەلی حەمەساڵح دەیگوت: ”نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و حكوومەت ڕۆژانە نزیكەی 500 ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەگەر ئەوەندە سەد ملیار دیناری داھاتی ناوخۆیشی بخەینە سەر، بێجگە لە خۆمان ئەو ئاوارە و پەنابەرانەشی وەك گوڵ پێ دەژیێنین و لانی كەم نەك لە چادر، بەڵكوو دەتوانین شوقەیەكی 100 مەتری بۆ ھەر خێزانێكی ئاوارە و پەنابەر دابین بكەین!“.

4- كاروان گەزنەیی دەیگوت: ”تەنا بە داھاتی مەرزی حاجی ئۆمەران دەتوانین یەك ملیۆن ئاوارە بەباشی بەخێو بكەین، بۆیە حەق وایە لەسەر ئەوەی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باری لەناكاوی ڕاگەیاندووە و ناھێڵێت ئاوارە و پەنابەر بێنە ھەرێمی كوردستان، پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی تایبەت بەم بابەتە بكات و لێپرسینەوە لە حكوومەت بكات، ئەگەر پێویستیشی كرد ئیمزا بۆ كۆبوونەوەی لێسەندنەوەی متمانە لە حكوومەت كۆ بكەینەوە!“.

5- پەرلەمانتارێكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێش دەیگوت: ”ئیتر ھیچ داوودەزگایەكی ھەرێمی كوردستان بە كەڵكی ھیچ كۆبوونەوە و گفتوگۆیەك نەماوە و ئێمە بایكۆتی گشتی ڕادەگەیەنین و ئیتر شەقام دەجووڵێنین، ھەر لە شەقامی سەرشەقامەوە بگرە ھەتا شەقامی سەركارێز و ئیتر بڕۆ پیایدا ھەتا شەقامی مەولەوی و برایم پاشا و سالم و دارۆغا و ئازادی و سی مەترییەكەی لای ماسی فرۆشەكان و تووی مەلیك و سەركەوە ھەتا دەگەیتە نزیك چاڤی لاند!“.

6 - ڕەحمان غەریبی میترۆ بەیاننامەیەكی دەردەكرد و دەیگوت: ”ئەم باری لەناكاوە چیە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە و بەم ھۆیەوە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ناتوانن بچن ڕووماڵی بارودۆخی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بكەن كە دەیانەوێت بێنە ھەرێمی كوردستان؟ حەتمەن ئەمەش پێشێلكردنی سەرەتاییترین مافی ئازادیی ڕاگەیاندن و گواستنەوەی زانیاریە بۆ ھاووڵاتیان“. جا ھەر بۆ زیاتر گەورەكردنی ئیشەكە دەیشیگوت: ”وێنەیەك لەم بەیاننامەیەش دەنێرین بۆ ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور!“ و ھەر بۆ زیاتر قەبەكردنی بابەتەكە و بۆ ئەوەی بترسین و ڕۆحمان بچێت! لەناو بەیاننامەكەدا بە ئینگلیزییش ناوی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنووری دەنووسی واتە (Reporters Without Borders).