كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لایەنە شیعییە ناكۆكەكان هەوڵی ئاشتبوونەوە دەدەن

بڕیارە سبەی سەدر و مالیكی كۆببنەوە

لایەنە عەرەبیە شیعییە ناكۆكەكان لەسەر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق هەوڵی ئاشتبوونەوە و لێكدی نزیكبوونەوە دەدەن، لەمبارەیەوە بڕیارە سبەینێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی كە لە هێزە شیعیە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن پێكهاتووە، بۆ خوانێكی ئێوارە میوانداری موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر بكات.

سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند ساڵێك دەچێت هەریەك لە ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی لە ڕكابەرایەتییەكی توندی یەكتردان، بەڵام بڕیارە سبەینێ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ موقتەدا سەدردا لە خوانی ئێوارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماڵی شیعی كۆبێتەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماڵی شیعی لەو هێزە شیعییانە پێكهاتووە كە دەنگەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو لەم هەڵبژاردنەی پەرلەماندا كەمی كردووە و لە بەرانبەریشدا ڕەوتی سەدر سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە، تا ئێستاش هەریەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماڵی شیعە و ڕەوتی سەدر سوورن لەسەر ئەوەی یەكلایەنە حكوومەتی داهاتووی عێراق بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند هێزێكی تری كورد و عەرەبی سوننی پێكبێنن.

بەپێی میدیاكانی عێراق، كۆبوونەوەكەی سبەینێ لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ئەنجام دەدرێت و تەواوی لایەنەكانی عەرەبی شیعە بەشداری تێدا دەكەن و ئامانجی سەرەكی لێی، ئاشتكردنەوەی لایەنە عەرەبیە شیعیە ناكۆكەكانە، بۆ ئەوەی بتوانن لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ بگەنە ڕێككەوتن.