نابینایەك تا ئێستا سێ ئامێری پەخشی رادیۆی دروست كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نابینایەك تا ئێستا سێ ئامێری پەخشی رادیۆی دروست كردووە

یادگار: باشترین هاوڕێی نابینایان رادیۆیە

نابینایەك، بەهۆی خولیای بۆ رادیۆ و تەكنۆلۆژیا و قووڵبوونەوەی بۆ ئامێرە ئەلكترۆنییەكان، سێ ئامێری پەخشی رادیۆ دروست دەكات. ئاماژە بەوەش دەدات، كە باشترین هاوڕێی نابینایان رادیۆیە.

یادگار كەریم، لەدایكبووی 1969 گوندی مورتكەی گەورەیە، دەرچووی 1997 -1998ی كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێرە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی چاو، دەرمانی گیاییان پێداوە و نابینا بووە. وەك باس دەكات، لە منداڵییەوە خولیای ئەلكترۆنیات، رادیۆ، ئامێری بچووك و كارەبایی بووە، لە هەموویان زیاتریش خولیای رادیۆ بووە، بەردەوام كردووەیەتییەوە، بۆ ئەوەی بزانێ چی تێدایە، دواتر خۆی بەستوویەتییەوە.

ئەو نابینایە، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەدات، كە لە تەمەنی منداڵیدا لە گوند بووە، شارەزای گشت رادیۆكان بووە و پەخشەكانیانی زانیوە، بۆیە خەڵكی گوند هاتوونەتە لای، بۆ كردنەوەی پەخشی رادیۆكانی (دەنگی كوردستانی عێراق، گەلی كوردستان، رادیۆی حزبی شیوعی، رادیۆی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران، رادیۆی خەبات، رادیۆی كۆمەڵە). دەڵێ: ”خەڵك نەیاندەتوانی ئەو پەخشانە ببیننەوە، چونكە لەسەر شەپۆڵی كورت بونو، لەناو شاخیش بوون و جێگایان دوور بوو، زۆرجاریش تەشویشیان دەخستە سەری، ئینجا خەڵكی گوندی رادیۆیان دەكڕی و دەیانگوت تۆش ئەو پەخش و ئێزگانە ببینەوە، منیش شەپۆڵەكان شارەزا ببووم و دەمدیتنەوە“.

دوای ئەمانە، یادگار، حەزی بۆ پەخش و دروستكردنی ئێزگە چووە، بەهۆی ئەوەی، كە شارەزاییەكی زۆریشی لەبارەی رادیۆیەوە دەست كەوتووە، هەر لە گوند لە چەند ئامێرێكی ئەلكترۆنی پەخش دروست دەكات، بەڵام پەخشەكان هەر چەند مەترێك رۆیشتوون، دواتر وردە وردە پەرەی پێ داون و گەیاندوویەتی بە چەند كیلۆمەترێك، دەڵێت: ”لەكۆتایی ساڵانی نەوەدەكات، زۆر لەو بوارە پێشكەوتم، چونكە زۆر تاقیكردنەوەم لەسەر پەخشی گەورە كرد و ئامێرم دروست دەكرد، لە ساڵی 1999 پەخشێكم دروست كرد، زۆر سەركەوتوو بوو، کە لە هەولێر و دەوروبەری تا قوشتەپەی دەڕۆیی، كە ئێزگەكەیان لەناو پەیمانگای نابینایان بوو، رادیۆكەش هەر سەر بە پەپمانگای نابینایان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بوو“.

ئەو نابینایە، ئەوە دەخاتە ڕوو، پەخشی رادیۆكەی لە پارچەی كۆنی تەلەڤزیۆنی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو دروست كردووە، بەتایبەت بۆ شەپۆلی AM و لە بۆنە تایبەتییەكانیان پەخشیان كردووە، بەتایبەت ساڵیادی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان، بۆنە نیشتمانییەكان، زۆربەی كادیرەكانیش نابینا بوونە، دەشڵێت: ”پێم وانییە نەك لە كوردستان، بەڵكو لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش، كەسێكی دیکەی نابینا هەبێت، ئامێری پەخشی رادیۆی دروست كردبێت“.

یادگار كەریم، ئامێری پەخشی رادیۆی تەنیا بۆ پەیمانگاكەی خۆی دروست نەكردووە، بەڵكو چەندین ئامێری پەخشی دروست كردووە، وەك رادیۆیەك بۆ زانكۆی سەڵاحەدین، دواتر بۆ كۆلێژەكەی خۆی، كۆلێژی یاسا، لە رۆژی زانكۆش ئامێری پەخشێكی دیكەی دروست كردووە، وەك باسیش دەكات، لەسەرەتاوە پەخش و رادیۆیەكان هەر خۆی دروستی كردوون، ”لە سفرەوە دەستم پێ دەكرد، تەنیا هاوكارێكم هەبوو، كە بە كاویە پارچەكانی بۆ لەحیم دەکردم، بەڵام ئێستاش نەخشەکەم لەبیر ماوە و حیساباتی كۆندێسە، لامپاكان، شەپۆڵ و كریستاڵ، هەموویم لە یادە، چونكە لە منداڵییەوە هاوڕێی رادیۆم، ئێستاش بێ رادیۆ ناتوانم هەڵکەم، چونکە باشترین هاوڕێی نابینایان رادیۆیە“.