داعش بۆشایی ئەمنی بۆ هێرشكردنە سەر پێشمەرگە دەقۆزێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

داعش بۆشایی ئەمنی بۆ هێرشكردنە سەر پێشمەرگە دەقۆزێتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە: بۆشایی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە 560 كیلۆمەترە

 لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێتەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: مەودای بۆشایی لەنێوان هەردوو هێڵی سوپای عێراق و پێشمەرگە زۆرە و درێژییەكەی 560 كیلۆمەترە”.

ئەو باشاییە ئەمنییەی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەیە، بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، وای كردووە، داعش بۆ هێرشكرنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە بیقۆزێتەوە و لە چەند شەوی رابردوودا بەهۆی ئەو هێرشانەوە، هەشت پێشمەرگە شەهید بوونە.

رێڤینگ هرۆری، سەرۆکی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، مەترسیی داعشیش بەردەوامە و رۆژانە هێرش دەکاتە سەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق".

ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە هەماهەنگیی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت، گوتیشی: "داواكارییەكەش بۆ ئەوە بوو، بۆ ئەوەی بە هەمووان پێکەوە بتوانن رێگری لە داعش بکەن و ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لەو ناوچانە نەهێڵن، تاوەكوو ئێستاش هەندێک هەنگاو نراون، بەڵام وەکو پێویست نین و لە ئاستی ئەو مەترسییانەدا نین، كە هەن".

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەخت دەكاتەوە، بۆ ئاسایی بوونەوەی ناوچە كوردستانییەكان و نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی، باشترین هەنگاو گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكە، گوتیشی: “ئەگەر بمانەوێت بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی ببێتەوە، دەبێت هەماهەنگیی هەبێت و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی ببێتەوە و دووبارە ژیان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، ئەگەرنا رۆژبەڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێت".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق وەرگرتووە، لەو ماوەیەدا لە رێگەی دووربینی حەراری و بە قەناس هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە زیادی كردووە و بەداخەوە چەند پێشمەرگەیەك شەهید و بریندار بوونە".

ئاماژەی بەوەش دا، مەودای بۆشایی لەنێوان هەردوو هێڵی سوپای عێراق و پێشمەرگەدا زۆرە و درێژییەكەی 560 كیلۆمەترە، گوتیشی: "لە ماوەی داهاتوودا، دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەچنە ئەو ناوچانە، بەڵام بۆشاییەكە و سنوورەكە زۆرە و پێویستی بە هێزی زیاتر هەیە".

 

جەبار یاوەر جەختیشی كردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان بەڵێنیان داوە، لە رووی پێویستییەكان و ئامێر و چەك و تەقەمەنییه‌وه‌، هاوكاریی ئەو دوو لیوا هاوبەشە بكەن، كە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا خەریكە تەواو دەبێت، گوتیشی: "جگە لەو بەڵێنە، بەڵێنشیان داوە لە كاتی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبەش، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش، لە رێگەی ئاسمانەوە هاوكاریی لیوا هاوبەشەکان بكەن"