زۆریی ژمارەی حزب، سلێمانیی ماندوو کردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زۆریی ژمارەی حزب، سلێمانیی ماندوو کردووە

چاودێرێکی سیاسی: حزبەکانی سلێمانی دەرەنجامی رق و کاردانەوەن بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان

لەگەڵ هاتنە پێشەوەی هەر هەڵبژاردنێک، حزبێکی نوێ لە سلێمانی دەردەکەوێ، بەڵام بە گوتەی چاودێران، لەبری خزمەتکردنی شارەکە، یان پەرەسەندنی پرۆسە و كولتووری دیموكراتی، زۆریی ژمارەی حزب، سلێمانییان ماندوو کردووە.

حزبەکان و سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی

لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدایە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە 30 ئەیلوولی 2022، کە بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، هەر لە ئێستاوە ململانێی توند کەوتووەتە ناو حزبەکانی سلێمانی و لەمەودوا هەر پرسێک و چالاکییەکی مەدەنی و سیاسی لەو شارەدا هەبێت، ئەوا حزبەکانی سلێمانی، بەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن، بەخێرایی کێبڕکێی سواربوونی شەپۆلی خەڵکە ناڕازییەکە دەکەن، هەروەکوو ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی قوتابییان بۆ داواکردنی دەرماڵە لەو شارە رووی دا و تاوەکوو ئێستاش سواربوونی ئەو شەپۆلە ناڕەزاییە لەلایەن ئەو حزبانەوە هەر بەردەوامە.

ململانێ بۆ سەروەت و سامان، یان بەرژەوەندیی خەڵک؟

بە بڕوای چاودێران، ئەوەی خەڵکی سلێمانیی ماندوو کردووە ئەوەیە، حزبەكان لەسەر جەستەی ماندووی سلێمانی کە نەک بۆ خزمەتكردنی شارەکە، بەڵكوو بۆ دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان و گەیشتن بە دەسەڵات لەو شارە، لە ململانێیەکی تونددان. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش، هەر هەڵبژاردنێک بێتە پێشەوە، کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی لەناو ئەو حزبانەی کە هەن، لە پەنای دژایەتیی بە ناوی گەندەڵی و ئەستۆپاکیکردن بۆ خۆیان، حزبی دیکە دادەمەزرێنن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار لە سلێمانی بە (باسنیوز) دراون، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵێکی دیکەی جیابووەوە لە یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و نەوەی نوێ، بەرنامەی داڕشتنی حزبێکی نوێیان هەیە، کە بەناوی رەوتێکەوە پشتیوانیی لە کۆمەڵێک کەسی سەر بە خۆیان بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام هەر لە ئێستاوە، لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوەندی میدیایی و دەستخستنە ناو ناڕەزاییەکانی خەڵک، کاندیدەکانیان دەناسێنن کە ئەوەش شارەکە بۆ جارێکی دیکە، لەبری خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستییەکان، بەرەو ململانێ و بەیەکدادانی زیاتر دەبات.

لەمبارەیەوە، عوسمان گوڵپی، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”حزب ئەگەر لەسەر بنەمای پرەنسیپ و بەرژەوەندیی گشتی بنیات بنرێت، هیچ كات زۆر و كەمی كاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر ناوچەكە دروست ناكات، بەڵام بەداخەوە، لە ڕابردوودا بەشێك لەو هێزە سیاسییانە، بەتایبەتی لە سلێمانی، بوونەتە تەنێكی ماندووكەر كە كاریگەریی گەورەیان چ لە بێهیواكردن و چ لە بێمتمانەبوون جێ هێشتووە، چونكە ئەو هێزانە بەشێكی زۆریان زەروورەت نەبوون، بەڵكوو كاردانەوە بوون، واتە لێكەوتەی ناكۆكیی نێوخۆیی حزبیی دیکە بوون و سەریان لەم حزبە نوێیانەوە دەرهێناوە، کە ئەمەش تێكەڵ بووە بە ڕقی ڕابردوو و شەڕی كۆنەقین، کە بەرژەوەندیی تێیاندا زاڵ بووە“.

راشیگەیاند، هەر بەو هۆیەشەوە بووە کە ئەو هێزانە نەیانتوانیوە ببنە بەشێك لە پرۆسەیەكی سیاسیی گەشەكردوو، بەڵكوو وێڕای زیادكردنی ژاوەژاو و ململانێی بێسوود، بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵك باوەڕی بە كاری حزبیی لاواز ببێت، گوتیشی: ”ئەگەر حزبی نوێ دووبارە لەسەر بنەما و كاری ڕابردوو لەدایك بێت، ئەوە روونە دەبێتە ئەزموونێکی دیکەی شكستخواردوو، بەڵام ئەگەر پرۆژەیەكی سیاسیی نوێی خاوەن ڕوئیای ڕوون و خاڵی لە ململانێی ڕابردوو بێت و هەڵگری ڕق و کینە نەبێت، ئەوا بوونی نابێتە بارگرانی، هەرچەند ئێمە كێشەی كەمیی حزبمان نییە، بەڵكوو كێشەی فرەحزبیی بەرژەوەندیخوازانەمان هەیە، کە ئەوەش هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانیی ماندوو کردووە“.