ئەو قاڵبە زێڕانە دەرماڵەی چەند قوتابیی تیا دەبێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 30/11/2021

ئەو قاڵبە زێڕانە دەرماڵەی چەند قوتابیی تیا دەبێت؟

لە (باسنیوز) خوێندمەوە كە لە ھۆتێل لالەزاری سەر گردەكەی سەرچناری سلێمانی، دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە قاڵبە زێڕدا گیراوە كە ویستراوە ببرێتە دەرەوەی ھەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتن، ھەر بە گوێرەی ئەو ھەواڵەی (باسنیوز)، ئەو زێڕانە لای لاھوور جەنگی بووە، بەڵام لە ژێردەستی دەرھێنراوە و ئێستا لەژێر دەستی بافڵ تاڵەبانیدایە، ئەوە لە كاتێكدایە كە قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگەكان داوای خەرجكردنەوەی دەرماڵەكانیان دەكەن.

نازانم بڕی ئەو قاڵبە زێڕانە چەند كیلۆ بوون، بەڵام كە بەدوای نرخی زێڕی عەیار 24دا گەڕام كە لەو باوەڕەدام ھەمان عەیاری زێڕەكەی ژێزەمینەكەی ھۆتێل لالەزار بێت، نرخی یەك كیلۆ لەو زێڕە، زیاتر بوو لە 57 ھەزار دۆلار، واتە (نزیكەی 6 دەفتەر دۆلار)، ئنجا كە ڕادەی مامناوەندی یان تێكڕایی دەرماڵەی مانگانەی قوتابیانم وەرگرت، دەیكردە 67 ھەزار دیناری مانگانە بۆ ھەر قوتابیەك، ھاتم ئەو 6 دەفتەر دۆلارەم دابەش كرد بەسەر 67 ھەزار دیناردا كە بە دۆلار دەكاتە 44 دۆلار، سەرئەنجام كردیە 1363 قوتابی، كەواتە نرخی تەنیا یەك قاڵبی یەك كیلۆیی لەو زێڕەی لالەزار، بەشی دەرماڵەی یەك مانگی 1363 قوتابیی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات.

جا ھەروەك ئاماژەم پێ دا، ئەوە حساب و كتابی تەنیا یەك كیلۆ لە زێڕەكەی لالەزارە، ئەگینا ئەگەر بۆ نموونە ئەو زێڕانە یەك تۆن بن، واتە 1000 كیلۆ، ئەو كاتە ئیتر با قوتابیان بەتایبەتی قوتابیانی بەشەكانی ماتماتیك و فیزیا و كۆمپیوتەر كە ئێمەمانان پێشتر پێمان دەگوت علووم حاسیبات! خۆیان ئەم حساب و كتابە بكەن و ئنجا دواتر ڕوو بكەنە ئەوانەی ژێرزەمینی ھۆتێلەكانیشیان كردووە بە شوێنی شاردنەوەی سەروەت و سامانە نامەشرووعەكانیان و ئەم پرسیارانەیان ئاراستە بكەن:

1- ئەرێ بەڕاست، تۆ ھاوسەرۆكی بە حساب حزبێكی سۆشیال دیموكرات بوویت، یان دوكانی زێڕەنگەرییت ھەبوو لە جادەی كاوەی سلێمانی؟

2- تۆ كە ھاوسەرۆكی یەكێتی بوویت، خۆ ئەوە بە مانای ئەوەیە تۆ نیو مام جەلال بوویت، باشە كە دەتگوت ڕێبازی مام جەلال و ئێستاش ئەم قسە و دروشمە بۆ لەخشتەبردنی داماوەكانی ناو یەكێتی بەكار دەھێنیت، ئایا ئەو ڕێبازە شاردنەوەی زێڕی تیا بوو كە بە پارەی نامەشرووعی خەڵك كۆ كرابێتەوە؟ ئەی ژێرزەمینی چ ھۆتێلێكی مام جەلال قاڵبە زێڕي تیا شاردرابووەوە؟

3- لە چ مادە و بڕگەیەكی پێڕەوی ناوخۆی یەكێتییدا ھەیە یان ھەبووە، كە بەرپرسانی باڵای یەكێتی مافی ئەوەیان ھەیە و دەتوانن بازرگانی و قاچاخچێتی بە زێڕەوە بكەن و قاڵبە زێڕ لە كون و كەلەبەری ھۆتێلەكانی سلێمانیدا بشارنەوە؟

4- ھەر بەڕاستی ئێوە چین و بۆچی پێناسەیەكی خۆتانمان بۆ ناكەن؟ بەڵام پێناسەكە تەبا و گونجاو بێت لەگەڵ ئەو ھەڵسوكەوتە جوانانەتان؟