دەستەی دهستپاکیی عێراق ڕایگەیاندووە، لە تەندرستیی پارێزگای دیوانیە 460 راپۆرتی ساختەی تەندروستی كە بە پارە و بەرتیل بۆ راییكردنی مامەڵە كراوە، ئاشكرا بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 30/11/2021 دەستەی دهستپاکیی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا كە كۆپییەكیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە ئاشکرای کردووە، بە سەدان راپۆرتی ساختەی تەندروستی کە لە پارێزگای دیوانیە کراون، دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە راگەیاندراوەكە هاتووە: "تواندراوە 460 راپۆرتی ساختەی تەندروستی لە هۆبەی لیژنەی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستیی دیوانیە ئاشكرا بكرێت، ئەو راپۆرتانە بۆ فەرمانگە جیاوازەكان نێردراون و بە ساختەكاری مامەڵەی خەڵكی پێكراوە".
جەخت لەسەر ئەوەش كراوەتەوە، ئەو راپۆرتە ساختانە بۆ خانەنشینی و مامەڵەی هاتوچۆ نێرداون و بە پارە و بە بەرتیل بە نایاسایی دروست كراون، بەتایبەت لەڕێگەی لیژنەی پزیشكییەوە.