دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت قەیرانەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 30/11/2021

دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت قەیرانەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە

لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت زەحمەتتر و ئاڵۆزتر دەبێت، بە جۆرێک، بەشێک لەو لایەنانەی دوای هەڵبژاردنەکان دەنگەکانیان کەم دەکات، دان بە دەرەنجامەکاندا نانێن، یاخود هەموو هەوڵی خۆیان بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان، لەپێناو شکستپێهێنانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی دەخەنە گەڕ، ئەمەش وای کردووە، لایەنەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، میکانزمی سیاسەتکردن بەجۆرێک بگرنەبەر، کە جیاوازە لە وڵاتانی تر، بەو مانایەی، هەڵبژاردن لەجیاتی ئەوەی هەمووان بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی سیاسی لەدەوری یەک مێز کۆبکاتەوە، بەپێچەوانەوە، دەکەونە دژایەتیکردن و تۆمەتبەخشینەوە بە یەکتر، ئەمەش بازنەی لێکترازانی نێوان لایەنەکانی فراوانتر کردووە، بۆیە هەڵبژاردن قەیرانەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو بە ستایل و فۆڕمێکی دیکە بەردەوامییان پێ دەدات.

لەدوایین هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، سەرەڕای رێژەی کەمی بەشداریی هاووڵاتییان لە پڕۆسەکە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە، لەدوای ساڵی 2003ەوە تا ئێستا، ئەم هەڵبژاردنە بە باشترین هەڵبژاردن لە قەڵەم دراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشووتر نزیکە لە راستی و دروستی، چونکە هەندێک لایەنی نێو پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بۆیان دەرکەوت، کە شەقام لە ئەدای کارکردنیان ڕازی نییە و ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی داخوازی و کۆژانەکانی شەقام. ئەو لایەنانە دوای دەرکەوتنی دەرەنجامەکان، تووشی سەدمەی سیاسی بوونە، بۆیە بە هەموو جۆرێک ڕێگریی دەکەن لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت. بە مانایەکی تر، هەوڵەکانیان لەپێناو شکستپێهێنانی نەک هەر پێکهێنانی حکوومەت چڕ کردووەتەوە، بەڵکو مەبەستیانە پایەکانی ئەو سیستمە سیاسییە ناسەقامگیرەی کە هەیە، بەتەواوی پەک بخەن.

لەدوای 2003وە، ئەو مەبدەئەی کاری پێکراوە، بریتی بووە لە سیستمی تەوافوقی لەنێوان پێکهاتەکان بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان، بەجۆرێک، سێ پێکهاتەی سەرەکی (عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە، کورد) هەر سێ پۆستی، سەرۆک وەزیران (بۆ عەرەبی شیعە)، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (بۆ عەرەبی سوننە)، سەرۆک کۆمار (بۆ کورد)، بە شێوەی تەوافوقی بەڕێوە بردراوە، بەڵام ئێستا کێشە و ناکۆکییەکان لەوە فراوانتر بوونە، کە پێشتر لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکە دروست دەبوو، چونکە ئێستا گرفتەکان لەنێو یەک پێکهاتە بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، لەنێو ماڵی عەرەبە شیعەکان ناکۆکی و جیاوایی قووڵ لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دروست بووە. بەگشتی، گەورەترین لیستی براوەی هەڵبژاردنەکان، کە لیستەکەی موقتەدا سەدرە، لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەدایە نەک تەوافوقی سیاسی، لەبەرامبەردا، لایەنەکانی دیکە وەک دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، بەپێچەوانەی سەدر بیر دەکەنەوە و لایەنگریی لە حکوومەتی زۆرینەی سیاسی دەکەن. ئەم دوو روانگە جیاوازە بۆ بابەتی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق، پڕۆسەی سیاسی بەرەو رووی ئالینگاریی گەورە دەکاتەوە، بە جۆرێک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا لایەنەکان پێیدا تێپەڕ دەبن، دەتوانین پێشبینی دوو خاڵی گرنگ بکەین، ئەوانیش؛
یەکەم: پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت لە عێراق درێژە دەکێشێت و لایەنەکانی نێو ماڵی عەرەبە شیعەکان ناتوانن بگەنە ئەنجام یان فۆڕمێکی هاوبەش، بۆ ئیدارەدانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، درەنگکەوتنیش لە پێکهێنانی حکوومەت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و هەمیش قەیرانی تر بە شێواز و فۆڕمی دیکە دەردەکەون.

دووەم: درێژەکێشانی ماوەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، دەرگای هێزە ئیقلیمییەکان واڵاتر دەکات، بۆ ئەوەی ئەجێندا و بەرژەوەندییەکانی خۆیان زیاتر بخزێننە نێو پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر ئەوەی، لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا ڕەچاوی ئەوە نەکرێت، کە کام لیست یان لایەن زۆرترین دەنگی شەقامی بەدەست هێناوە، لەبەرئەوە، ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان زەمینە دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی قەیرانەکان بەجۆرێک قووڵ ببنەوە، کە بارودۆخی وڵات بەرگەی نەگرێت.