ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
عەبدولقەهار هەولێری 30/11/2021

ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان

نووسین بۆ منداڵ کارێکی گرانە، سەلیقە و توانای زۆری پێویستە، هەتا بەرهەمەکە ئاسان بێت خۆماندووکردنی زیاتری پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا نووسەری منداڵان دەبێت شارەزاییەکی تەواوی لەسەر لایەنەکانی ژیانی منداڵ هەبێت، دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە بۆ چ قۆناغێک دەنووسێت، چونکە هەر قۆناغە و پێویستی بە جۆرە ئەدەبێکە.

ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان بریتییە لە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی ئەو دەقە ئەدەبیانەی کە بۆ منداڵ دەنووسرێن، دەرخستنی لایەنی باشی و خراپیی دەقەکە بە مەبەستی پێشخستن و گەشەپێدانی دەقەی ئەدەبی.

چەندین نووسەر لەبارەی ڕەخنەی منداڵانیانەوە نووسیوە کە لێرە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین، مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان زۆر کۆن نییە و بابەتێکی نوێیە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین نووسەر کاری ڕەخنەیان کردووە لەسەر دەقانەی کە بۆ منداڵان نووسراون.

یەکێک لەوانە (نموونە و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی منداڵانی کورد ١٩٧٤) محەمەد ڕەشید فەتاح، ئەمەش نموونەیەکە لە کارە ڕەخنەییەکانی ئەدەبی منداڵان کە باس لە چەند نموونەیەکی چیرۆکی نووسەران دەکات کە بۆ قۆناغە جیاوازەکانی منداڵان نووسراون و شیعری چەند شاعیرێک وەک کاکەی فەلاح و بێکەس و گۆران... ئەمەش بە کارێکی ڕەخنەیی دادەنرێت، ڕەخنەی لەو شاعیرانە گرتووە وا ئەدەب بۆ منداڵان دەنووسن کە پێویستە وشە و دەستەواژەکان بە شێوەیەک بن کە لەگەڵ ڕێبارە بنچینەییەکانی هەڵبەستی منداڵاندا بگونجێت و هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بۆ منداڵ بنووسێت، چونکە منداڵ ئەدەبی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوەی بۆ منداڵ دەنووسێت، دەبێت شارەزایی لە قۆناغەکانی پێگەیشتندا هەبێت.

ئەگەر بێین باس لە (سەرەتایەک دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کورد) بکەین، بەرهەمی ناهیدە ئەحمەد، ئەمەش کارێکی ڕخنەییە، لێرەدا باس لە چەند شاعیر و نووسەرێک دەکات کە بۆ منداڵان نووسیویانە، لەوانە (ع.ع. شەونم، گۆران و بێکەس و کاکەی فەلاح و زێوەر...) و چەندین شاعیری تری بەتوانا هۆنراوەیان بۆ منداڵان نووسیوە و دواتر باس لە بەرهەمە چاپکراوەکانی خودی منداڵان دەکات، ئەو منداڵانەی لە تەمەنە جیاوازەکاندا بابەتی ئەدەبی دەنووسن و باس لە حیکایەتیش دەکات کە منداڵان سوودیان لێ وەرگرتووە.

(چیرۆکی منداڵان)ی خالیدە قادر فەرەج کە هەڵسەنگاندنی بۆ چەندین چیرۆکی منداڵان کردووە لە نیوان ساڵانی (١٩٧٠--١٩٩٠) و تێیدا چەندین چیرۆکی بە نموونە هێناوەتەوە و لایەنی باشی و خراپیی چیرۆکەکانی دیاری کردووە، باسکردنی چیرۆکی منداڵان لەڕووی شێوە و ناوەڕۆک و مێژووی سەرهەڵدانی چیرۆک لە ئەدەبی عەرەبی و ئەدەبی کوردیدا.

یەکێکی تر لە کارە ڕەخنەییەکان، (منداڵ و ئەدەب)، لێکۆڵینەوەی نەوزاد عەلی ئەحمەدە کە باس لە گەشەی منداڵ دەکات و باس لەوەش دەکات کە هەر قۆناغە و ئەدەبی تایبەت بە خۆی هەیە و دواتر شێوازی نووسین لای نووسەرەکانی خۆمان کە هەر نووسەرێک شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە لە نووسیندا و هەروەها باس لە چیرۆکی منداڵان دەکات، وەک مامەڵەکردن لەگەڵ فۆلکلۆر؛ فۆلکلۆر بە واتای هەموو ئەو سامانە دێرینانە دێت کە بۆمان بەجێ ماوە، هەروەها پەروەردەکردنی منداڵان کە ئەركێکی مرۆڤایەتییە، ڕاپەڕین چی بۆ منداڵ کرد کە لەدوای ڕاپەرین کورد بووە بە خاوەنی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی خۆی.

کارێکی تری ڕەخنەیی، (شیعری منداڵان لە ئەدەبی کوردیدا)، بەرهەمی فازڵ مەجیدە کە باس لە ڕوخسار و ناوەرۆکی شیعری منداڵان دەکات لە ئەدەبی کوردیدا.

یەکێکی تر لە کارە ڕەخنەییەکانی ئەدەبی منداڵان (چیرۆکی منداڵان لە ئەدەبی کوردیدا) نووسینی ڕازاو ڕەشید سەبرییە.

یەکێکی تر کارە ڕەخنەییەکان (ڕوخسار و ناوەڕۆکی چیرۆکی منداڵان لای لەتیف هەڵمەت)، بەرهەمی مزەفەر مستەفایە کە باس لە سایکۆلۆژیی منداڵ و قۆناغەکانی گەشەی منداڵ و سەرهەڵدانی چیرۆکی منداڵان لە ئەدەبی ئەورووپا و عەرەبی و کوردیدا دەکات، هەروەها باس لە ژیانی لەتیف هەڵمەت و کات و شوێن و ڕووداو لە چیرۆکەکانی لەتیف هەڵمەت و جۆرەکانی چیرۆکی منداڵان دەکات.

(بینای هونەری چیرۆکی منداڵان لە گۆڤاری هەنگ)دا نووسراوی ڕزگار عەبدولقادر سەعیدیش کارێکی تری ڕەخنەی منداڵانی کوردە.

لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەشدا باس لە کارە ڕەخنەییەکانی ئەدەبی منداڵ کراوە، لەوانە گۆڤاری بەیان کە هەڵسەنگاندنی بۆ چەند چیرۆکێکی منداڵان کردووە و لە گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێشدا باس لە ئەدەبی منداڵانی کورد کراوە، لەوانە چەند نموونەیەکی شیعری منداڵان کە لەلایەن چەندین شاعیری بەئەزموونەوە نووسراون، لەگەڵ چەند نموونەیەکی چیرۆکی منداڵان کە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو بەرهەمە ئەدەبیانە کردووە وا بۆ منداڵان نووسراون.