كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دوا گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بێلاڕووس رێک دەخرێت

هێڵی ئاسمانیی عێراق دوا گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بێلاڕووس رێک دەخات.

ئەمڕۆ سێشەممە 30-11-2021، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە: ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانی عێراق دوا گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا، رێک دەخات.

هەروەک وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر، کە بەشی زۆریان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە.

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەماهەنگی و ئاسانکاریان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران کردووە و تا ئێستاش کۆچبەران بە چەند گەشتێکی ئاسمانی گەڕێندراونەتەوە.

پێشتر لە رۆژی 28-11-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق  رایگەیاندبوو: تا ئێستا هەزار و 894 کۆچبەری نایاسایی بە پێنج گەشتی ئاسمانی گەڕێندراونەتەوە.

هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لێ دەکەن.

بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.