كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نانی پیرۆز خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی دهۆكی بەدەستهێنا

 

فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز، لە دەرهێنانی ڕەوانشاد رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دهۆكی بەدەستهێنا.

فیلمی دیكۆمێنتی نانی پیرۆز، ئەم بەرهەمە كوردییە، لە بەشی پێشبڕكێی بەڵگەفیلمەكانی سینەمای كوردی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دهۆك و لە دوو سانسی جیاوازدا لە هۆڵی سینەمایی دهۆك مۆڵ لە شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان نمایشكرا و لەلایەن ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و ڕەخنەگرانی سینەمایی و هەروەها بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێكرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی سینەمای كوردی ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دهۆك بەدەستبێنێت.

خاتوو ئیلاهە نەوبەخت، ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە ستافی نانی پیرۆز وەكوو بەرهەمهێنەری هاوبەش وەرگرت و لە وتەیەكی كورتدا گوتی: ڕۆحی ڕەوانشاد ڕەحیم زەبیحی شاد بێت و زۆر خۆشحاڵین كە نانی پیرۆز خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دهۆكی وەرگرت و بەختەوەرین لەوەی كە ئەم فێستیڤاڵە، ئەو دەرفەتەی ڕەخساند كە تیایدا ژیانی ڕاستەقینەی كۆڵبەرەكان بخرێتەڕوو و بتوانین دەنگی كۆڵبەرە بێدەنگەكانیش ببیستین.