كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 29/11/2021

چارەسەری کاڵکان بۆ گەنجان

لەناو 43یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەكەكە، كە ھەر خودی دامەزراندنەكەی ھەزار و یەك گومانی لەسەرە! لەناو كۆچی ھەندێك لە گەنجان بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا، لەناو داواكاریی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ دەرماڵە و ھەندێك پێداویستیی دیكەیان، دۆران کاڵکان، ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە دەڵێت: ''وەرنە ناو ڕیزەكانی گەریلا و دەبێت ھەموو گەنجێكی كورد، بە كوڕ و كچەوە بێنە لای ئێمە و ببن بە گەریلا!''

جا ئێوە سەیری ئەم کاڵکانە بكەن و بزانن كە وەك حزبەكەی چەند لە واقیع و بگرە چەند لە حەزارەت دابڕاون، سەیر كەن و بزانن كێشەكانی گەنجان چین و كەچی کاڵکان چ پێشنیازێك بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی گەنجان دەكات!

1- جارێ پێش ھەرشتێك کاڵکان بە گەنجان دەڵێت، نە ئیش بكەن و نە بخوێنن، ئیش ھیچ نییە و خوێندن ھیچ نییە و تەنھا ئیشێكی گونجاو و لایەق بە گەنجان ئەوەیە كە بچن بۆ لای دۆران کاڵکانی پەكەكە و ببن بە چەكداری پەكەكە، چونكە پەكەكە باشترین و گەورەترین پرۆژەی كەرتی تایبەتە! بۆ بازرگانی و وەبەرھێنان و پەكەكە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ئەوەندە دەرفەتی كاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە كە ژمارەی گەنجان ھەرچەند بێت لەناو ئەو پرۆژە گەورەیەی وەبەرھێنانی پەكەكەدا جێگەیان دەبێتەوە! واتە كورت و پوخت کاڵکانەكەی پەكەكە بە گەنجانی كورد دەڵێت..

2- وەرنە لای پەكەكە بۆ ئەوەی بەشێكتان لە سەرزێڕی، سنووری نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا بكەین بە چەكدار و چەكی نیشانەشكێنتان بدەینێ بۆ ئەوەی پێشمەرگەی كوردستانی پێ شەھید بكەن، جا لای پەكەكە چ ئیشێك بۆ گەنجان لەوە باشترە؟!

3- وەرنە لای پەكەكە بۆ ئەوەی بەشێكی ترتان بنێرینە شنگال و لەگەڵ برادەرانی میلیشیا عێراقییە لەیاسادەرچووەكان بتانخەینە یەك سەنگەرەوە بۆ ئەوەی دەست لەناو دەست نەھێڵین ئاوارەكانی شنگال بگەڕێنەوە شنگال. جا ئیش ھەیە بۆ گەنجان لەم ئیشە باشتر بێت؟!

4- وەرنە لای پەكەكە بۆ ئەوەی بەشێكی ترتان دابەش بكەین بەسەر سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ لە زنجیرە چیاكانی مەتین و حەفتانین و بەرواری باڵا و ئاسۆس و مامەندە و بەشێكی تریشتان بۆ گۆخڵان و چەمی شلێری پێنجوێن بنێرین بۆ سەرانەسەندن لە كاسبكاران و جووتیارانی ناوچەكە و ئەوەشی مایەوە دەیاننێرین بۆ سەرتەكی بەمۆ لە گەرمیان، جا ئایا ئەم ئیشە بۆ گەنجان لە ھەزار خوێندن و بڕوانامە باشتر نییە؟

5- منی دۆران کاڵکان لەسەرەتاوە پێم گوتن كە پەكەكە پرۆژەیەكی وەبەرھێنان و بازرگانیی گەورەیە و جێگەی ھەموو گەنجانی تیا دەبێتەوە، بۆیە ئەوەش دەڵێم كە دەتوانین بەشێكی ترتان بنێرین بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و لەوێ بارەگای حزبە نەیارەكانی پەكەكە بەتایبەتی ئەنەكەسەی پێ بسووتێنین.

6- ئەگەر لەم ھەموو دابەشكردنەی كچان و كوڕانی گەنج بەسەر ئەو دەڤەرانەدا ھەندێك كچ و كوڕ سۆزی خۆشەویستیی مرۆڤانەیان بۆ یەكتر ھەبوو، دڵنیا بن ئێمەی پەكەكە ھەر خۆمان دەیانكوژین بۆ ئەوەی لەو شاخانەی كوردستان قەل و داڵ بیانخوات و 4 ھەتا 5 مانگ دوای كوشتنیان، ھەواڵی كوشتنەكانیان بلاو دەكەینەوە و دەڵێین ئەوە لە بەرخودانی فاشیزمەكان و نۆكەرانیاندا شەھید بوون! بۆیە تكا لە گەنجان دەكەم بێنە ناو ئەم پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرھێنانەی پەكەكە و ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست خۆتان مەدەن!