بەوێنە.. کۆڕیادی جەلال مەلەکشا شاعیری ناوداری کورد بەڕێوە چوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەوێنە.. کۆڕیادی جەلال مەلەکشا شاعیری ناوداری کورد بەڕێوە چوو

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە هەولێر کۆڕیادی جەلال مەلەکشا شاعیری ناوسراوی کوردی بەڕێوە برد.

کۆڕیادەکە کاتژمێر 3:30ی ئێوارە بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری جەلال مەلەکشا، نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و کۆمەڵێکی بەرچاو نووسەر و ئەدیب و جەماوەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە  هۆڵی پێشەوا لەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەستی پێکرد.

پاشان لە کۆڕیادەکەدا وتاری وتاری یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر، وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەلایەن د. سالار عوسمان خوێندرانەوە و پێگەی ئەدەبی و نووسینی جەلالا مەلەکشایان بەرز نرخاند.

دواتر فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی جەلال مەلەکشا پیشان درا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا پانێڵێکی ئەدەبی بە بەشداریی هەریەک لە د. عەدنان بەرزنجی نووسەر و توێژەر و ڕەحیم لوقمانی شاعیر و نووسەر لەبارەی شیعر و بەرهەم و پێگەی جەلال مەلەکشا نێوەندی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

دواتر وتاری بنەماڵەی جەلال مەلەکشا لەلایەن برای شاعیر بێهرووز مەلەکشاوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا چەپکەگوڵی وەفا و خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە ڕۆشنبیری و کولتوری و کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکانەوە پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری جەلال مەلەکشا کرا.

بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە سێ کتێبی جەلال مەلەکشا بەناوەکانی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان (کۆ شیعر)، جەلال مەلەکشا لە ئەدەبی کوردیدا (کۆمەڵە وتار)، گوێزەل (وەرگێڕانی چیرکێکی مەحموود دەوڵەت‌ئابادی)، بەسەر ئامادەبواندا دابەش رکا.

جه‌لالی مه‌له‌كشا شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە، لە 19-03-1951 لە گوندی "مەلەکشان"ی سەر بە شاری سنەی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لەدایک بووە، هه‌ر لە ته‌مه‌نی منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال وەك مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی ملكه‌چی زوڵم و سته‌مكاری بێت، بۆیه‌ تووشی دەرده‌سەری و ئازاری زیندانیی زۆر بووە.

سه‌ره‌تای كاری نووسینی بە شیعر، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستی پێكردووە، لەبەر هێز و به‌هره‌كه‌ی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی هه‌بێت، بووه‌تە ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).

دوای ساڵی 1979 قه‌ڵه‌می نووسینه‌كه‌ی دەگێڕێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی و لە کوردیشدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووە. بۆ ماوەی 14 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و لەو گۆڤارەدا وێڕای ئەحمەدی قازی و مارف ئاغایی خزمطیکی زۆری زمانی کوردییان کردووە.

شیعرەکانی مه‌له‌كشا، تا ئێستا بۆ سه‌ر زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سوێدی و... وەرگێڕدراون.

جەلالی مه‌له‌كشا، پاش تەمەنێکی خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی، له‌ رێكه‌وتی 2020/10/31، له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد و لەناو ئاپۆڕای جەماوەی سنە و ئەدیبانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زێدەکەی "مەلەکشان" لە نزیک سنە بە خاک سپێردرا.