قوباد تاڵەبانی.. پاساو یان موزایەدە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 28/11/2021

قوباد تاڵەبانی.. پاساو یان موزایەدە!

ئەمڕۆ لە دیبەتێكی زانكۆی كوردستان لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نازانم بڵێم وەك پاككردنەوەی پەرێزی خۆی، یان وەك موزایەدە یان و وەك پاساوێكی نابەجێ بۆ كردارێكی نابەجێ لە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا، ئەم فەرماییشتەی فەرموو: ”بە هەزاران خوێندكار لە دژی حكوومەتەكەی خۆیان رژاونەتە سەر شەقام و داواكارییان هەیە، ئێمەی حكوومەتیش لەبری ئەوەی لێیان نزیك بینەوە و لێیان تێبگەین و هەوڵی هێوركردنەوەیان بدەین، دەچین ڤیدیۆیەكی كۆن دەهێنین و خوێندكاران تۆمەتبار دەكەین، بە سووكایەتیكردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان، بەبێ ئەوەی خۆمان ماندوو بكەین و بەدوای راستیی ئەو ڤیدیۆیەدا بگەڕێین! ئەم هەڵەیەش نەك بەسەر حكوومەت بەڵكوو بەسەر پەرلەمانیشدا تێپەڕی!“، جا حەز دەكەم دوای ئەو فەرماییشتە، سەرنج بدەن لەم بێئاگاییە و لەو هەڵانەی كە قوباد تاڵەبانی خۆیی تێكەوتووە:

جارێ سەرەتا لەسەر ئەم دێڕەی دەوەستم كە دەڵێ: ”ئێمەی حكوومەتیش لەبری ئەوەی لێیان نزیك بینەوە و لێیان تێبگەین و هەوڵی هێوركردنەوەیان بدەین!“، ئەگەر پیاوێكی كاسبكار لە تایلاند، یان مۆزیكژەنێك لە مەكسیك، یان سیاسییەك لە زیمبابۆی، ئەم قسەیەی بكردایە، بێگومان من هیچم نەدەگوت، بەڵام بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لە كوردستان دەژی، زۆر بە وردی و بەباشی ئاگاداری ئەوەیە كە هەر دوێنێ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەواوی رۆژەكەی خۆی تا ئێوارە، بۆ گوێگرتن لە گلەیی و گازاندە و رەخنەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگا حكوومیەكانی كوردستان گرت كە لە هەموو شار و شارۆچكەكانەوە هاتبوون، ئەمە جیا لەوەی بەشەناوخۆییەكانیشی بەسەر كردەوە و لەوێش گوێی لە هەموو داخوازییەكانی خوێندكاران گرت و چەند بەڵێن و بڕیارێكی باشیشی دا، باشە ئەگەر ئەمە هەوڵی خۆ نزیككردنەوە و گوێ لێگرتن و هێوركردنەوە نەبێت، ناوی دەنێی چی؟ جا نازانم كاك قوباد هەر بۆ موزایەدە ئەمەی گوت، یان ئاگای لە كاروباری حكوومەتەكەی نیە! یان خۆی بێئاگا دەكات!

دێمە سەر ئەم دێڕە جەهەنەمیەی قسەكانی قوباد تاڵەبانی: ”دەچین \مەبەستی حكوومەتە\ ڤیدیۆیەكی كۆن دەهێنین و خوێندكاران تۆمەتبار دەكەین، بە سووكایەتیكردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان، بەبێ ئەوەی خۆمان ماندوو بكەین و بەدوای راستیی ئەو ڤیدیۆیەدا بگەڕێین!“. دەزانم بۆ فڕێدانی ئەم قسەیە، قوباد تاڵەبانی یەك سەرچاوەی هەیە، ئەویش ئەوە بوو كە كەسێك بە ناوی (بەرهەم كاكەزاڵ) گوایە قوتابیی زانكۆی ئەمریكییە لە سلێمانی، لە پۆستێكی فەیسبووكدا، نووسیویەتی: ”ئەم ڤیدییۆیە كۆنە و هی نۆ مانگ لەمەوبەرە و ئاڵاكە رەشەبا خستووێتی و ئەو خوێندكارانە دەیانەوێ لایبدەن لەسەر جادەكە!“

جارێ حەز ئەكەم هەم كاك قوباد و هەم خوێنەرانی بەڕێز، بە تەواوی سەیری ئەم ڤیدیۆیانە بكەن كە لەگەڵ ئەم وتارە بڵاو دەبێتەوە، لەوێ بەوردی دەردەكەوێت كە ئەو كەسانە نەك هەر ئاڵای كوردستان دەخەنە ژێر پێیان و ئۆتۆمبێلەكانیشەوە، بەڵكوو ئاڵاكە دەسووتێنن و جنێوی زۆر ناشرین بە ئاڵاكە و بە كوردستانیش دەدەن، من داوای لێبوردن لە هەموو كوردستانیەكی دڵسۆز و لە خوێنەران دەكەم كە دەنگی جنێوەكان وەك خۆی بڵاو دەكەمەوە، ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە تا هەموان بزانن قوباد تاڵابەنی بەهەڵەدا چووە، یان دەیەوێ موزایەدە بكات، یان پاساوی نابەجێ بێنێتەوە، چونكە بە ئاشكرا دیارە، رەفتارەكە كۆكردنەوەی ئاڵایەكی كەوتوو نیە، بەڵكوو ئەوپەڕی سووكایەتیە بە ئاڵای كوردستان.

لەلایەكی ترەوە، كاك قوباد دەڵێی ئاگای لە رەوش و دۆخی سۆشیال میدیای كوردی نیە! دەڵێی نازانێ ئەوانەی لە كوردستان مۆبایلی زیرەكیان پێیە و هێڵی بەردەوامی ئەنتەرنێتیان هەیە و مودمینی سۆشیال میدیان و بەردەوام وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو دەكەنەوە، تەبیعەتیان چۆنە؟ ئەرێ من لە قوباد تاڵەبانی و هەموو خوێنەرانی ئازیز دەپرسم: تۆ بڵێی مۆبایل بەدەستانی كوردستان، هێندە قایمگر و سڕپارێز بن، نۆ مانگی تەواو ڤیدیۆیەكی ئاوهایان لا بێت و بڵاوی نەكەنەوە؟ تووخوا ئەمە بە عەقڵی چ عاقڵێكدا دەچێت؟

هەر بۆ روونكردنەوەی زیاتر و بۆ ئەوەی كە بیسەلێنم قسەكانی كاك قوباد راست نین و ڤیدیۆكە تازەیە، دیمانەی خوێندكارێكی خۆپیشاندەری كوردستانپەروەر و هێژا لەگەڵ ئەم وتارە بڵاو دەكەمەوە، كە لەنێو خۆپیشاندانەكانی سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوودا، سەركۆنەی ئەو رەفتارە دەكات و دەڵێ: ”ئەوانەی دوێنێ سووكایەتیان بە ئاڵای كوردستان كرد، لە ئێمە نین و خوێندكاری خۆپیشاندەر كاری وەها ناكات، ئاڵا سیمبولی ئێمەیە“، كەواتە ڤیدیۆكە تازەیە و كارەكە كراوە و لەنێو خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەشدا كراوە.

دێمە سەر ئەو دێڕەی قسەكانی قوباد تاڵەبانی كە دەڵێت: ”ئێمەی حكوومەت خوێندكاران تۆمەتبار دەكەین!“ دیسان ناچارم بڵێم جێگری سەرۆكی حكوومەتەكەمان ئاگای لە كاروباری حكوومەت نیە یان خۆی بێئاگا دەكات، ئاخر حكوومەتی هەرێمی كوردستان نە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا و نە لە زاری سەرۆكی حكوومەت و نە لە زاری وتەبێژی حكوومەتەوە، هیچ یەكێك لەوانە (خوێندكار و قوتابیان)یان بە سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان تۆمەتبار نەكردووە، بەڵكوو روون و راشكاو گوتیان: ”دەزانین خوێندكاری خۆپیشاندەر ئەوە ناكات، بەڵكوو كەسانێكی گێرەشێوێن بە ئەجیندای سیاسیی خەڵكی تر، دێن و لە پەنا خۆپیشاندانەكاندا سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان دەكەن“، جا حەز ئەكەم قوباد تاڵەبانی و هەموو خوێنەرانی بەڕێزیش، لە ئەنتەرنێتدا بگەڕێنەوە سەر ئەو وتارانە، تا هەموان بزانن، قسەكانی قوباد تاڵەبانی راست نەبوون و لەجێ نەبوون و مەبەستی تری لەپشتەوە بوو! وەڵاهوو ئەعلەم!