حكوومەتی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا دەركرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حكوومەتی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا دەركرد

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، داوای لە هاووڵاتییان كرد بەزووترین پێكوتەی دژە پەتای كۆرۆنا وەربگرن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە لە بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوە نوێیە مەترسیدارەكەی كۆرۆنا و پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەپێویستی دەزانین داوا لە هاووڵاتییان بكەین بەپەلە پێكوتەی دژە پەتای كۆرۆنا وەربگرن".

هەروەها داواشی كردووە هاووڵاتییان بەتەواوی پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا بن، بەتایبەتیش لە بەستنی ماسك و هێشتنەوەی ماوەی نێوان خەڵك و كۆنەبوونەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.

جێی باسە ئەمڕۆ یەکشەممە سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رای گەیاندبووە كە لێژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئۆمیکرۆن دەکات، كە ناوی جۆرە نوێیەكەی پەتای كۆرۆنایە.

ئەو جۆرە نوێیەی پەتای کۆرۆنا کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ئۆمیکرۆن ناساندوویەتی، لە ئەفریقیا سەری هەڵداوە و بەهۆیەوە چەندین وڵاتی جیهان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقیا پچڕاندووە.


گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کردبوو كە هیچ حاڵەتێکی ئۆمیکرۆن لە عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت عێراق تووشی شەپۆڵێکی نوێی کۆرۆنا ببێت.