پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چی بەسەر دۆخی عێراقدا دێنێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چی بەسەر دۆخی عێراقدا دێنێت؟

”دەستەی دادوەری و دادگای فیدڕاڵی هەوڵ دەدەن ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دوای رازیبوونی لایەنە سیاسییەکان بێت“

كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان لە عێراق، ته‌واوى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ دەخاتە به‌رده‌م ده‌سته‌ى دادوه‌ريى هه‌ڵبژاردنه‌كان و چاودێرانیش پێیانوایە پەسەندکردنی بەو شێوەیەی ئێستای، گرژییەکان لە عێراق زیاتر دەکات.

دوێنێ عیماد جه‌میل، ئه‌ندامى تیمى راگه‌یاندن له‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق، بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرای کرد‌، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لای ئەوان کۆتایی هاتووە و وا بڕیارە بخرێنە‌‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ى دادوه‌ريى هه‌ڵبژاردنه‌كان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ئەوەی تاوەکوو ئێستا هەیە، ئەنجامەکان بە شێوەی خۆی ماونەتەوە و گۆڕانکاری نەکراوە و دەستکاری نەکراون.

تاوەکوو ئێستا، بەپێی دوایین داتا و ئەنجامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو لایەنانەی کە ژمارەی کورسییەکانیان لە دوو کورسی زیاتر بووە، بەو شێوەیە بووە (موقتەدا سەدر: 74 کورسی، حەلبووسی: 37 کورسی، مالیکی: 36 کورسی، پارتی دیموکراتی کورستان: 33 کورسی، ھادی عامری: 18 کورسی، سەربەخۆکان: 17 کورسی، یەکێتی: 16 کورسی، خەمیس خەنجەر: 12 کورسی، ئیمتیداد: 9 کورسی، نەوەی نوێ: 9 کورسی، ئەشراقە كانوون: 6 کورسی، فالح فەیاز: 5 کورسی، ریان کلدانی: 5 کورسی، عەمار حەکیم + حەیدەر عەبادی: 4 کورسی، تەسميم: 4 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی 3 کورسیی بەدەست هێناوە.

هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق، له‌ 10ى مانگى رابردوو ئه‌نجام درا، به‌ڵام به‌هۆى بوونى ناڕه‌زایى له‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە ژماردنەوەی ده‌ستى بۆ چه‌ندین وێستگه‌ى ده‌نگدان، له‌ زۆینه‌ى شاره‌كانى عێراق، بەڵام بەپێی دوایین زانیاری، ئەنجامەکان گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە.

لەمبارەوە، د.ناسڕ هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، دەستەی دادوەری و دادگای فیدڕاڵی هەوڵ دەدەن، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دوای رازیبوونی لایەنە سیاسییەکان بێت، تاوەکوو ئەو گرژییانەی دروست بوون و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ئەنجامەکان قبووڵ ناکەن، بڕەوێتەوە، بەڵام ناشتوانرێ دەستکاریی ژمارەی کورسیی لایەنەکان بکرێت و کورسسیان بۆ زیاد و کەم بکرێت تاوەکوو ڕازی بکرێن، گوتیشی: ”ئەگەر بێت و ئەنجامەکان هەر بەو شێوەی ئێستا بن، بێ گومان ئەگەری زۆرە گرژییەکان زیاتر بن، بەڵام ئەوەش هەیە، ئەو لایەنانەی دۆڕاون، ئێستا دەزانن ئەگەر بێت و گرژییەکان لەوەی ئێستا زیاتر بکرێن، زیانی زیاتر دەکەن، کورد گوتەنی (زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە)“.

ئەو پەرلەمانتارەی کورد، جەختی لەوەش کردەوە، کە لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن قبووڵکردنی ئەنجامەکانیان وا بۆ ئاسان نییە، چونکە هەموومان دەزانین لە عێراقدا هزری دیموکراسی بەو شێوەیە گەشەی نەکردووە، بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندیی سیاسییە، کە دەبێت ئەو بارودۆخە نوێیە قبووڵ بکات، تاوەکوو دۆخەکە لەوە خراپتر نەبێت.