حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە کاراکردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنیی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە کاراکردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنیی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە چەندین جار حکوومەتی عێراقییان لە بۆشایی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان ئاگادار کردووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داعش ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە.

د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکومەتی فیدڕاڵی ئاگادار کردووەتەوە لەو بۆشاییە ئەمنییە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هەیە کە بەھۆیەوە ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە توانیویەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەو ناوچانە خۆی رێکبخاتەوە و ، ببێتە ھەڕەشە بۆسەر دانیشتوانی ناوچەکە".

جوتیار عادل راشیگەیاندووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەرچی زووی کارا کردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی حکوومەتدا هاتووە "لێرەوە پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەین و هیواى زوو چاکبوونەوەش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین".

شەوی ٢٧ لەسەر ٢٠٢١/١١/٢٨، لە ناوچەی تەپی تەڵانی سنووری کوڵەجۆ، بۆمبێکی چێندراوى تیرۆرستانی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی ھێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە، و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.