كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا درێژ ناکەینەوە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیەنێت. وادەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا درێژ ناکەینەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەییەکە رایگەیاندووە: دوایین وادەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رۆژی 31-12-2021ـە.

لیوا تەحسین خەفاجی هەروەها رایگەیاندووە: وادەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری کراوە و ئەو وادەیە ”قابیلی درێژکردنەوە نییە و هیچ نیازێکیش بۆ دواخستنی ئەو وادەیە دواخستن نییە“.

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەو رۆژە بەدواوە، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی مەشقپێدەر و راوێژکاری دەگۆڕێت.

لە مانگی 7ـی ئەمساڵ هەردوو حکوومەتی ئەمریکا و عێراق لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تا رۆژی 31-12-2021 رێککەوتوون و دوای ئەو وادەیە، ئەرکی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەبێتە راوێژکاری و مەشقپێکردن بە هێزە عێراقییەکان.

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە بوونێکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نیشان داوە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، لە ئەگەری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای وادەی دیاریکراو، ئەوا چەکدارانی میلیشیاکان بە چەک رووبەڕوویان دەبنەوە.

پێشتر گوتەبێژی میلیشیای کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا  بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندبوو: 23 هەزار خۆبەخشیان بۆ هاتنە ریزی میلیشیاکەیان و شەڕ دژی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای 31-12-2021ـەوە، ئامادە کردووە.

دوای کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و جێگری سەرۆکی دەستەی. حەشدی شەعبی، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لەسەر خاکی عێراق، دا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.