مه‌سرور بارزانى.. ئه‌ندازیارى چاكسازى و گه‌شه‌پێدانى كوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
شێخ تاهیر شووشى 27/11/2021

مه‌سرور بارزانى.. ئه‌ندازیارى چاكسازى و گه‌شه‌پێدانى كوردستان

هه‌موومان ده‌زانین هه‌ڵبژاردنى گشتیى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ كاتێكى ناله‌بار و هه‌ستیار له‌ ساڵى 2019 ئه‌نجام درا، ئه‌ویش دوای له‌ناوبردنى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و خۆڕاگرى و پشوودرێژیى میلله‌تى كورد و هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم، به ‌ئامانجى نه‌هێشتنى فشاره‌ ئابوورى و سیاسییه‌كانى وڵاتانى ده‌وروپشت، له‌مه‌ڕ ده‌رهاوێشته‌كانى خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ر.

ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان جێی بایه‌خ بوو، به‌ سه‌ركه‌وتنى پارتى دیموكراتى كوردستان و به‌ده‌ستهێنانى 45 كورسیى په‌رله‌مان و جارێكى تر پارتى سه‌لماندى، كه‌ جێى متمانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌. سه‌ركه‌وتنى پارتى ئەوکات و ئێستاش، ماناى سه‌ركه‌وتنى ئیراده‌ى زۆربه‌ى چین و توێژه‌كانى كوردستانه‌ و وه‌ڵامێكى به‌هێز و كاریگه‌ریشە بۆ دوژمنان و خیانه‌تكاران، هه‌روه‌ها پشتگیرییه‌كى ته‌واو و بێوێنه‌یه‌ لە پاراستنى ماف و قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ خۆى له‌ خۆیدا سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یە بۆ پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و بیروباوه‌ڕى كوردایه‌تى و نیشتمانپه‌روه‌رى.

ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ، مافى به‌ پارتى دیموكراتى كوردستان دا كابینەی نۆیەمی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان پێکبهێنێ، ئه‌وه‌ بوو سه‌رۆكى هه‌رێم، رێزدار نێچیرڤان بارزانى، به‌ڕێز (مه‌سرور بارزانى)ی راسپارد بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت و دوای ماوه‌یه‌كى كورت په‌رله‌مانى كوردستان، به ‌زۆرینه‌ى ده‌نگ متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى و پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ى و كابینه‌ى نۆیه‌م پێكهێنرا.

ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌تى نوێى هه‌رێم زه‌نگێكى دڵخۆشكه‌ر بوو بۆ هه‌موو توێژ و چینه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، چونكه‌ سه‌ره‌تایه‌كى گرنگ بوو بۆ زیاتر چه‌سپاندنى حوكمى یاسا و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى و فه‌راهه‌مكردنى دادى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ سه‌رتاسه‌رى كوردستان.
هه‌ر له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند پرۆژه‌یه‌كى چاكسازى و خزمه‌تگوزارى و ئابووریى پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كران و دوای گه‌نگه‌شه‌ و مشتومڕێكى زۆر له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، په‌سه‌ند كرا.

به‌رنامه‌ى كارى بەڕێز مه‌سرور بارزانى و حكوومه‌ته‌كه‌ى، ته‌نیا له‌سه‌ر گرفته‌كانى چاكسازى و گه‌نده‌ڵى نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌موو بواره‌كانى حوكمڕانى و ئیدارى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى له‌خۆ گرتبوو.
یه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان، هه‌وڵه‌كانى بوو بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ داراییه‌كان و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و داهاته‌ سنوورییه‌كان و كێشه‌كانى تر، به‌ مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاستى متمانه‌ و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى فیدراڵ.

له ‌لایه‌كى تره‌وه‌، په‌ره‌پێدان بە به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و پیشه‌سازیى خۆراك و زیادكردنى به‌رهه‌مى كشتوكاڵ، یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ بنچینه‌ییه‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌می حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وه‌ك دروستكردنى سایلۆ و كارگه‌كانى پیشه‌سازیى خوارده‌مه‌نى له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان، وه‌ك كارگه‌ى دروستكردنى شه‌كر له‌ شارى رانیه‌ و بڕیاردان بۆ دروستكردنى چه‌نده‌ها به‌نداو، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆى زیادكردنى هه‌لى كار له‌ هه‌رێمی کوردستان.

بایه‌خدان به‌ سێكته‌رى كاره‌با و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى هێڵ و بنكه‌كانى گه‌یاندنى وزه‌ى كاره‌با و هه‌روه‌ها دابینكردنى خزمه‌تى پزیشكى و ته‌ندروستى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و دابینكردنى ده‌رمان و ئۆكسجین بۆ نه‌خۆشه‌كان و دابینكردنى ڤاكسینى كۆرۆنا بۆ هه‌موو هاووڵاتییان، له‌ كار و ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كابینه‌ى نۆیه‌می حكوومه‌تى هەرێمی کوردستانە.

پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم، كه‌ به‌ده‌ر له‌ فشاره‌ داراییه‌كان سوور بوو له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى شه‌قامى 150 مه‌تریى شارى هه‌ولێر و پرۆژه‌ى شه‌قامى 100 مه‌تریى شارى سلێمانى و ئۆڤه‌رپاسى شارى دهۆك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى چه‌ندان قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان.

مه‌سرور بارزانى باش ده‌زانێ، كه‌ گرنگترین فاكته‌رى پێشكه‌وتن و ئارامیى هه‌ر میلله‌تێك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێشكه‌وتنى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و فه‌رهه‌نگ و كولتوور و بیروباوه‌ڕى ئازاد و نیشتمانپه‌روه‌رى، بۆیه‌ به‌ڕێزیان له‌به‌ر ئه‌و فاكته‌رانه‌، زۆر گرنگیى به‌ وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا ده‌دات، به‌ مه‌به‌ستى نوێكردنه‌وه‌ى هه‌موو به‌رنامه‌ و كه‌ره‌سته‌كانى خوێندن و فێربوون له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى خوێندندا، له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و په‌یمانگا و كۆلێژه‌كان.

مه‌سرور بارزانى باش ده‌زانێت، كه‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ناو جه‌رگه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و له‌سه‌ر چوار وڵات دابه‌ش كراوه‌ و شوێنێكى ستراتیژییه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ چاوى دوژمنانى له‌سه‌ره‌، له‌ هه‌مان كاتدا جه‌نابیان شاره‌زاییه‌كى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمی له‌و بوارانه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵ و كاره‌ سیاسییه‌كانى له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و ده‌ره‌وه‌، بۆ خزمه‌تى دۆزى میلله‌ته‌كه‌ى و به‌هێزكردنى پێگه‌ى حكوومه‌تى كوردستان وه‌گه‌ڕ خستووه‌، به ‌ئامانجى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمی کوردستان و به‌هێزكردنى.

مه‌سرور بارزانى له‌ ساڵانى ده‌ستپێكى ئه‌م چه‌رخه‌ و دوای ته‌واوكردنى خوێندنى باڵا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و له‌ باره‌گاى سەرۆک مه‌سعود بارزانى ده‌ستبه‌كار بووه‌ و پاشان وه‌ك راوێژكارى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ پاراستنى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، توانیى هه‌موو ده‌زگاكانى ئاژانسى پاراستنى كوردستان و ئاسایش به‌ شێوه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو دروست بكات، له‌پێناو خزمه‌تكردنى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى، هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان رۆڵێكى سه‌ره‌كیى بینى له‌ دامه‌زراندنى هێزه‌كانى دژه‌تیرۆرى كوردستان.

له‌ كاته‌كانى شه‌ڕى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى قاعیده‌ و پاشان داعش، زۆربه‌ى كاته‌كان مه‌سرور بارزانى، شان به‌شانى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕ ئاماده‌ بووه‌ و رۆڵێكى سه‌ره‌كیى هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ دابینكردنى زانیارییه‌كان و دیاریكردنى شوێن و بنكه‌كانى دوژمنان و پیلانه‌كانیان، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنى هێزه‌كانى ئاسایش و پاراستن له‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕ، له‌گه‌ڵ برا پێشمه‌رگه‌كان دژى هێرشه‌كانى دوژمنانى داعش.

مه‌سرور بارزانى ئه‌و كه‌سه‌ بوو، كه‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ پشتگیریى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ ریفراندۆمى میلله‌تى كورد و ده‌ره‌نجامه‌كانى كرد له‌ 25ی ئه‌یلوولى 2017، هه‌میشه‌ وه‌ك هه‌ڵۆى ئه‌من و ئاسایش، ئارامیى هه‌رێمى كوردستانى پاراستووه‌ و هه‌موو كات په‌یامى ئه‌من و ئارامیشى بۆ هه‌موو وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و ئه‌ورووپا ناردووه‌ و كوردستان و میلله‌تى كورد و پێشمه‌رگه‌ى وه‌ك میلله‌تێكى ئازا و ئاشتیخواز پیشانى جیهان داوه‌.

له ‌كۆتاییدا، وتاره‌كه‌م به‌ قسه‌كانى نووسه‌رى میسرى به‌ڕه‌سه‌ن كورد خاتوو (دورەییه‌ عەونى) كۆتایی پێدێنم كه‌ له‌ رۆژى ئه‌نجامدانى یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 1992، له‌ وتارێكیاندا له‌ رادیۆى BBCی به‌ریتانى، كه‌ له‌ هه‌مان رۆژ به‌ زمانى عه‌ره‌بى خوێندرایه‌وه‌، به‌ ناوى (بارزان، معمل لإنجاب الأبطال للشعب الكوردی- بارزان، كارخانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌دونیاهێنانى سه‌ركرده‌ و قاره‌مانه‌كان بۆ میلله‌تى كورد).