كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك بەتەواوی گەڕەكە بێتاپۆكانی لە خزمەتگوزاری بێبەش كردووە

چوار ساڵە هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە گەڕەكە بێتاپۆکانی شاری كەركووكدا ناكرێت و ئەندامێكی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووكیش ڕایدەگەیەنێت، ئەو حكوومەتە گەندەڵەی ئێستا لە كەركووك هەیە لەبەر گەندەڵی نەپەرژاوەتە سەر ئەوەی كە بە شێوەیەکی باش و بەبێ جیاوازی بۆ هاووڵاتییانی كەركووك خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.

بۆ گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە كەركووك خەڵك بە یەك چاو سەیر ناكرێت

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 27/11/2021، جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نەك لە كەركووك، بەڵكوو لە هەموو جیهان وایە، خەڵك لە كوێ ژیا، دەبێ لەو شوێنانە خزمەتگوزاری جێبەجێ بكرێت، بێگومان بەبێ ڕەچاوكردنی نەتەوە و ئایین و مەزهەب، چونكە مرۆڤ پێویستی بە خزمەتگوزارییە، بەڵام ئەو حكوومەتە گەندەڵەی ئێستا لە كەركووك هەیە، لەبەر گەندەڵیی کاربەدەستەکانی نەپەرژاوەتە سەر ئەوەی كە بە شێوەیەکی باش خزمەتگوزارییەكان پێشکەش بكات و هەمووان بە یەك چاو سەیر بكەن''.

جوان حەسەن جەختی كردەوە كە لە كەركووك كەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەكە كوردنشینەكان كراوە و ئاماژەی بەوەش دا: "گەڕەكە زیادەڕۆكانیش زۆر فەرامۆش كراون، ئەو كێشەیە هەر لە كۆنیشدا هەبوو، بەڵام پێشتر كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كارا بوو، ئەنجوومەن بڕیاری دەدا پڕۆژەكان لە كۆی و كۆێ بكرێت، ئیدارەش بۆی نەبوو ڕەتی بكاتەوە و زۆربەی ئەو پرۆژانەی كە بڕیارمان لێیان دەدا، ئەو ناوچانەی دەگرتەوە كە ئێستا فەرامۆش كراون، ئێستا ئیدارەی كەركووك تاكڕەوانە خۆیان و پڕۆژەكان دیاری دەكەن و هەر خۆیشیان بڕیاری لەسەر دەدەن و پارەی بۆ خەرج دەكەن، بۆیە بەپێی عەقڵیەتی شۆڤێنیی خۆیان مامەڵە بە پرۆژەكانەوە دەكەن.

لە كەركووك 14 گەڕەكی بێتاپۆ هەیە

ئاوارەكانی كەركووك لە ساڵی 2003 كاتێك كە گەڕانەوە بۆ شارەكەیان لەبەر بێجێگەوڕێگایی لەسەر زەوی حكوومەت خانوویان دروست كرد و ئەوكات ئیدارەی كەركووك چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەو گەڕەكانە كرد، ئەوە لە كاتێكدا بوو كە ئەو هاووڵاتیانە خانوویان دروست دەكرد، دەبوو حكوومەت بە زەوی و سولفەی عەقار قەرەبووی ئەو ئاوارانەی بكردایەتەوە، بەڵام ئەوەیان بۆ نەكرا، ئینجا حكوومەتی خۆجێی كەركووك ڕێگەی دا ژمارەیەك گەڕەكی بێ تاپۆ یان زیادەڕۆ لە كەركووك دروست بكرێن، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك میلشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد، ئیتر خزمەتگوزاری لەو گەڕەكانە نەكرا و ئێستاش هاووڵاتییان داواكارن كە خزمەتگوزارییان بۆ بكرێت و لە شاری كەركووك بەگشتی 14 گەڕەكی بێ تاپۆ هەیە كە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە كوردن.

شارەوانیی كەركووك چاوەڕێی بودجەی پەرەپێدانە

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ شەممە 27/11/2021، فەرەیدون وەیس، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەیەكی یەكە كارگێڕییەكانی كەركووك جەختم كردەوە لەسەر ئەوەی كە گەڕەكە بێتاپۆکان دەبێ كاریان بۆ بكرێت و ئێستاش چاوەڕێی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمایەتین و داوامان كردووە بڕێك پارە لەو بودجەیەوە خەرج بكرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو گەڕەكانەش بكرێت''.

گوتیشی: ''هەوڵ دەدەین گەڕەكانی پەنجاعەلی، شۆراو، باڕووتخانە و كوردستان و گەڕەكەكانی تریش پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەك قیرتاوكردن و كۆنكرێتیان بۆ بكرێت''.