دەبوایە بەھادین بچوایە بۆ قەتەر نەك بۆ بێلاڕووس
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 27/11/2021

دەبوایە بەھادین بچوایە بۆ قەتەر نەك بۆ بێلاڕووس

(ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو سەدام حوسێن، کە وەک باوک ئاگای لە هەموومان بوو، بەڵام دوای ئەوەی ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریکا ڕێك کەوتن‌ و ئەوەیان بەسەر هێناین، وڵاتەکەیان وێران کردین ‌و دیکتاتۆریان بۆ هێناین لە شوێنی، سەدام دیکتاتۆر نەبوو، ئەمانەی ئێستا دیکتاتۆرن).

ئەوەی پێشەوە بەشێكە لە قسەكانی كەسێك، كە ناویان ناوە بەھادینی سەرای ئازادی، بۆ سەرۆكی بێلاڕووس، كاتێك سەرۆكی بێلاڕووس سەردانی بەشێك لە كۆچبەرانی گیرخواردووی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندای كردووە. ئەو بەھادینە، وەك ئەوەی لە كوردستان لەبرساندا مردبێت، جارێ پێشەكیی زۆر سوپاسی لۆكاشینكۆی سەرۆكی بێلاڕووس دەكات، كە خواردنیان داونەتێ، كە دوورنییە تەنیا خەرجیی ئەو بەھادینە، كە داویەتی بە قاچاخچی بۆ ئەوەی ھەتا بێلاڕووس بڕوات و خەرجیی ھەتا ئێستای بەیەكەوە 20 ھەزار دۆلار بووبێت. ئینجا، خۆ ئەگەر لە كوردستان ئەو 20 ھەزار دۆلارەی بدایە بە ئارد و برنج و شەكر و چا و ڕۆن، بە گۆشت و سەوزە و میوەشەوە، ڕەنگە بەشی 3 ھەتا 4 ساڵی بكردایە، ئەمە ئەگەر خواردنی بایەعیش وەرنەگرێت و خواردنی بایەعی نەخوات، بەڵام بۆ ئەمەیان كەیفی خۆیەتی و پێدەچێت ئەو حەزی لە خواردنی خۆمان نەبێت و حەزی لە موعەلەباتی لۆكاشینكۆ بێت! ھەرچەندە خۆ لە ھەرێمی كوردستانیش موعەلەباتی زۆر خۆشتر لە موعەلەباتی بێلاڕووس ھەیە، بەڵام فەرماییشتە زۆر جوانەكەی ئەم بەھادینە سەیرە، كە دەڵێت (ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو سەدام حوسێن، کە وەک باوک ئاگای لە هەموومان بوو)!. من باسی تاوانەكانی سەدام حوسێن دژی كورد ناكەم، كە دنیا بە ڕووس و بێلاڕووس و ئەوروپا و ئەمەریكا زۆر بە باشی ئاگاداری وردەكارییەكانی ئەو تاوانانەن، بەڵام دوو پرسیارم لا دروست بووە، كە بریتین لە:

1- ئەگەر ئەو بەھادینە، سەدام حوسێن بە باوكی خۆی دەزانێت، باشە ئەوە گوتمان سەدام حوسێن نەماوە، بەڵام خۆ خوشكێكی ئەو بەھادینە بە ناوی ڕەغد سەدام حوسێن لە ژیاندا ماوە و لە ئوردنە، ئەی بۆچی بەھادین لەجیاتی بێلاڕووس و ئەوروپا نەچوو بۆ لای ئەو خوشكەی خۆی لە ئوردن، بۆ ئەوەی باش ئاگای لە بەھادینی برای خۆی بێت؟ ئەی بەھادین ناڵێت سەدام حوسێن باوكمان بوو؟ ئێ كەواتە ڕەغدیش خوشكیەتی و حوسێن كاملیش زاوای بووە!

2: خۆ ئەگەر بەھادین حەزی لە چوون بۆ ئوردون نەبوو، یان گریمان لەگەڵ ڕەغدی خوشكی خۆی پەیوەندییان ساردوسڕە، ئەی بۆچی لەجیاتی بێلاڕووس و ئەوروپا نەچوو بۆ لای خوشكەكەی تری خۆی، واتە حەلا، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆ ئەوەی باش ئاگای لە بەھادینی برای بێت. ئەی بەھادین ناڵێت سەدام حوسێن باوكمان بوو؟ ئێ كەواتە حەلای سەدام حوسێنیش خوشكیەتی و جەمال مستەفا عەبدوڵاش زاوایەكی دیکەیی بەھادین بووە! ئەوە بێجگە لەوەی، كە ھەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، دایە ساجیدەی بەھادینیشی لێیە و دایك سۆز و بەزەیی بۆ منداڵەكانیشی زۆرترە و ئەگەر بەھادین بچوایە بۆ لای دایە ساجیدەی خۆی، حەتمەن باشتر لە سەدام حوسێنی باوكی ئاگای لێی دەبوو! باشە ئەگەر من دایك و خوشكەكانم لە عەممانی ئوردون و دەوحەی قەتەر بن، بۆچی خۆم تووشی ئەو ڕسوایی و ژیانی ناو ئەو جەنگەڵەی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا بكەم؟ ھەر بەڕاستی سەیرە، ھا!