ئەو ئاڵایە وەک بەرماڵە.. مەیسووتێنن بۆ دەرماڵە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
سیروان حەسەن 27/11/2021

ئەو ئاڵایە وەک بەرماڵە.. مەیسووتێنن بۆ دەرماڵە

کاتێک هەستت کرد، کە مافێکت خوراوە و شایستەیەکت وەرنەگرتووە و حەقێکت فەوتاوە، مافی ڕەوای خۆتە داوای بکەی، هەوڵی بۆ بدەی، لە هەموو دەرگایەک بدەی بۆ وەرگرتنەوەی، بەڵام هەندێ هەڵوێست کاری نەکردەیە و دەست بۆ بردنی وەک ئەڵێن بڤەیە و قەدەغەیە و شوورەییە. شوورەییە مرۆڤ موقەدەساتی خۆی لە بازاڕی سووکایەتی و بێڕێزیدا هەڕاج بکات، کەس هەیە سەرپۆشی دایکی بسووتێنێ؟ بەرماڵی باوکی ژێرپێ بنێ؟ ئابڕووی خوشکی لەکەدار بکات؟ برای خۆی ئەتک بکات؟.

ئاڵا ماف و شایستەی کەسی لا نییە، ماف و نازی لەسەر سەرمانە، خەڵکێک ژیانی کردووەتە قوربانیی شەکانەوەی ئەو ئاڵایە، گیانیان کردە قەڵغانی پاراستنی کوردستان و ئاڵاکەی، هەر بۆیە دوژمنان ڕووی تیرەکانیان لەو ئاڵایەیە و نکۆڵی هەبوونی کوردستان و ئاڵاکەی دەکەن، یان وەک گرگنەکە پێی ئەڵێن شیمال، چۆن جورئەتتان کرد ببنە هاوڕای ئەوان و چۆن دڵتان دێت ئاڵای کوردان بێ ناز بکەن و بێڕێزیی پێ بکەن؟.

حەیفە مرۆڤ سووکایەتی بە پیرۆزیی خەڵکی تر بکات، ئای لەوەی سووکایەتی بە پیرۆزیی خۆی بکات، کەی ڕەوایە تانە لە دینی دیندار بدەی؟ پاکیزەیی شیرین بە بەرچاوی فەرهادەوە ئەتک یکەیت؟ خەجێ بەبەردەمی سیامەندەوە لەکەدار بکەیت؟ لێرەوە تا بێلاڕووس چیتان کرد گوتمان قیروسیا، بەڵام گیانە، ئەوە ئاڵای کوردستانە، هەوێنی بوون و ژیانە.

بینیومانە داعش ئاڵاکەی سووتاندین، داعشەکەی تریش خستییە ژێرپێ و ڕایانخست و نێرگەلەیان لەسەر کێشا، بەڵام برینەکەی نەئێشا، چونکە ئەوان گەلەگورگی مەرگن، گرگن گرگن دەهاتن کوردستان بسڕنەوە، لەسەر لاشەی نیشتمانمان سروودی مەرگ بچڕنەوە، وڵاتی کورد لەسەر نەخشە بسڕنەوە، کەچی شوێنی زامیان ئازاری نەبوو، بەرەنگارییشیان بێزاریی نەبوو، چونکە ئەوانە دوژمنن، کەچی ئەمڕۆ بۆ دەرماڵە، ژێرپێی دەنێن ئەو بەرماڵە، چونکە منداڵی خۆمانن، ئازارەکەی زۆر بەسوێیە، سوێند بە خوا، کە ئەمبینین فرمێسک لە چاوم ئەباری، ئازار ویژدانمی ئەهاڕی، کەس هەیە تف لە خۆی بکات؟ ئەتکی ئابڕووی دایکی بکات؟.

هەموو مرۆڤێک دوو دایکی هەیە، یەکەمیان کە بە زیندوویی لە سکیدا دەژی و دێتە دنیا، دووەمیان کە ژیانی تەواو دەبێت، دەچێتە ناوسکی دایکەکەی تری، کە خاکی دایکی نیشتمانە و هەر مرۆڤێک مرۆڤبوونی لەدەست نەدابێ، بێڕێزی و بێحورمەتی بە هیچ کام لە دوو دایکەکەی ناکات، هەموو کەسێکیش ئەبێت ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتی بۆ هەردوو دایک هەبێت.

هەروەک بووەتە عادەت، ئێستا زۆرکەس ئەڵێن ئەمەندەی لە کوردستان خواردووە بۆیە دڵ و دەمی گەرمە، منیش ئەڵێم سوێند بە کوردستان و ئاڵاکەی، بەشی من لە بودجەی هەرێم فلسێکیش نییە، بەشی من لە نەوتی کوردستان قەترەیەکیش نییە، بەش من لە زەویی هەرێمی کوردستان سانتیمەترێک نییە، بەڵام کوردستان و ئاڵاکەی سەرمایان بێت، جل و بەرگم، تینوویان بێت قومێ ئاوم، برسییان بێت نان و پڵاوم، پێیان پەتی بێت نەعل و پێڵاوم.