هەژار وای گوت: بڵێی خانی لە تەرجوومەكەم ڕازی بووبێ؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 23/11/2021

هەژار وای گوت: بڵێی خانی لە تەرجوومەكەم ڕازی بووبێ؟

كورد هێندە نەگێل و گێژ و كاسن
داخم ئەوەیە بێكەس و كەساسن
ژیر و بە دڵن گەلێك دەزانن
بێ خێوییە، بێ سەر و زمانن

لە چ بارێكدا هەژار ئەو هەموو بەرنامەی داڕشتووە؟ لە چ فەزایەكی ئەكادیمیدا نەخشەی بۆ كارەكەی داناوە؟ کە مانا و واتا بە وردی داڕێژێتەوە، بیانكاتەوە شیعر و هۆشی بە قافیەوە بێ، فەزای گوندەكە چۆن بووە؟
{.. گوندەكە بەڕقی هەبوو، كە ماڵە حاجۆ ماتۆڕەكەیان كڕیبوو. بەئاسایی سەعات یازدە پاش دیوەخان چۆڵبوون دەكوژاوە، دەبوایە لەبەر چرای نەوت بنووسم، بەڵام ئەگەر لاوان خەریكی ڕابواردن و ئارەق خواردنەوە بوونایە، نیعمەت بوو، بەرق تا درەنگانی شەو هەبوو. چێشتی مجێور، ٢١١}.

لەو سادەییەدا فەزای گشتی لە بەرژەوەندیی مەم و زین و نووسینە، كارەبا ماوەیەكی باش لاپەڕەی بۆ رووناك دەكاتەوە، چراشی هەیە، هەتا سەرگەرمی گەنجەكانیش بۆ هەژاری ئیشكەر و وەرگێڕ نیعمەتە.
ئەوەی خراپە:
{.. نەخۆش بووم، زۆر دەكۆخیم، شەوانە لە نووسیندا زۆرم سیغار دەكێشا، مەعسووم بە كزێكەوە دەپاڕاوە:
- ڕوحم بە خۆت بكە! هێندە مەكێشە!
ناچار زوو زوو قونكە سیغارەكانم دەشاردەوە، تا وابزانێ كەمم كێشاوە. چێشتی مجێور، لاپەڕە ٢١١}.
. چی لەجێی خۆیدایە؟

گوندێكی دوورەدەست، ماڵێكی هەژارانە، بارێكی سیاسیی ناهەموار، خۆشاردنەوە و ترس، هەژاری نەخۆش و ئاوارەیی، هیچ شتێك لەجێی خۆیدا نییە، جگە لە هەستی ئەدەبی و ئیرادەی كاركردن و بەرهەمی مەزن. واتا جگە لە كتێب و داستانی گەورەی مەم و زین، جگە لە ئیرادەی هەژار، سووربوونی لەسەر داهێنان و كاركردن، هیچ شتێكی دیكە لە شوێنی خۆیدا نییە.

. ئیرادە دڵۆپەی ئاوە بەرد كون دەكات.
{.. دەپێشدا، پێشەكییەكانی - كە سۆفیایەتییە- لەبەر گرانیی بۆم نەكرا. كاتێ خەلاسم كرد، بامدایەوە سەر عیرفانە پێشەكییەكان. چێشتی مجێور، ٢١١}.
ئەوە بەشێكە لە هونەری وەرگێڕان، وەرگێرە بەسەلیقەكان ئەوە باش دەزانن، كە سەرەتای هەموو كتێبێك قورسە تا بەتەواوی لەگەڵ دەستەواژە و فەزایەكەی ئاشنا دەبی، جا ئەگەر ئەو دەستپێكە عیرفانی و سۆفیایەتییش بێ.

ئەوانەی میزانیان لەدەست خۆیاندایە، بێ گومان میزانی عەقڵ، ئەوانەی بۆ خۆیان سەنتەری دنیان، هەموو شتێك دەخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە، تەنانەت لە بارە سەختەكانیشدا.
لەو فەزایەدا، لە دەروونی هەژارەوە، لەدەرەوە بڕوانە و بەرنامەی كار دانێ:

{.. وەك لە چاپی مەم و زینەكەمدا نووسیومە، لە بیست و دووی بەفرانبارەوە تا بانەمەڕی ١٩٥٨ وەرمگێڕا، زستان كە شەوانە لە ماڵ دەمنووسی، لە بەهاردا ڕۆژانە دەچوومە باغی گوند، كە زۆر شوێنێكی وەك دەڵێن شاعیرانە بوو. سەعات دووی پاشنیوەڕۆ ڕەشنووسەكەم تەواو كرد. لەخۆشیان دەتگوت فڕیم، هاتمەوە ماڵ، هەر لە دەركی حەسارەوە قیژاندم:
- تەواوم كرد.
ئای لەو خۆشییە! چێشتی مجێور}.

ئەوەیە فەزای نووسین و فەزای گشتی، فەزای گشتی لە (ئێمەوە) تاریك و نائارام و وێرانەیە، فەزای نووسین، كە ئەو فەزایەیە نووسەر دروستی دەكات، ئاوەدان و بەرهەمهێن و شاعیرانەشە.
گڵۆپێكی كزی مولیدەكەی ماڵی حاجۆ، زیاتر لە هەموو كارەبای ئێستا لاپەڕەكەی هەژاری ڕووناكتر كردووەتەوە، بەشی زۆری ئەو هێزی ڕووناكییەش لە مێشكی هەژارەوە هاتووە، ئەوە هەژارە باغ دەكاتە شاعیرانە، ئەوە سەرەڕای نەخۆشی و كۆخە و سەرما.

من ئێستا گوێم لە دەنگی كەرخی هەژارە، لە دەرگای حەوشەی ئەدەبیاتەوە هاوار دەكات:
” تەواوم كرد“.
ئەوەش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە.
ئەو هەستە قووڵەی هەژارە وەرگێڕانەكەی نەمر كردووە، ڕاستە لە هەموو وشە و هەڵسوكەوتێكی ئەو هەستە ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە سەفەرێكی شێوە ئەفسانەییدا.

دیاریی خانی بۆ هەژار

محێدینی كوڕی یوسفی حاجۆ گوتی:
- سەیدا نایەی بچینە گەڕانێك؟ بەهارێكی زۆر خۆشە.
- بۆ كوێ؟
- دەچینە (عەین دیوەر).
. عەین دێوەر بەڕاستی شوێنێكی خۆشە. لەسەر چیایەكی نەرمی زۆر بەرزەوە دەڕوانێتە ڕووباری دەجلە و پڕ باغ و باغات. شەو تا پاش نیوەڕۆی بەیانی لەوێ ماین. گوتیان با بچینە شاری جزیرە و بۆتان.
(شاری جزیرە و بۆتان، شاری مەم و زین).

ئەوەی سیحری وەرگێڕانی مەم و زین تەواو دەكات، ئەو سەردانەی هەژارە بۆ شاری جزیرە و بۆتان، ئەو لەبەر گڵۆپ و چرا و لەناو باخ و كەشی شاعیری، لە ناخی خانی و لە جزیرە و بۆتان ژیاوە، هەر لەگەڵ تەواوبوونیشی، بۆی هەڵدەكەوێت جزیرە ببینێ، بەڵام چۆن بینینێك:

{.. ڕێگەی چوونە ناو شاریان نەداین، بەڵام هەموو ماڵی شار و دەوروبەری، وەك هێلكە لێمانەوە دیار بوو، كوردێكی تەمەن چل- چل و پێنج ساڵی هاتە لامان، خەڵكی شار و زۆر شارەزا بوو، بە ئیشارەتەوە بۆی گوتین:
- ئەوە كۆشكی بەڵەكە، كە ماڵی میرانی جزیری بووە و ئێستاش سەربازخانەی توركانە، ئەو كانی و ئاوە لە قەدی گردی پشت ماڵانە، كانی ”قەستەڵێ“ یە، كە جێ ژوانی مەم و زینان بووە. بەهۆوە دەڵێن ”نێزگزان“، ئەو دەشتۆكە ”وەستان“. هۆو نێوان گردانەش كە دیجلەی بە ناودا تێدەپەڕێ ”دەروازە“ و ئەو ئاقارە ”هۆمەران“ و ئەولاتر مەیدانی ناوە..... چێشتی مجێور، ٢١١}.

ئەو فەزا درامییە هەژار لە چێشتی مجێوردا بۆ مەم و زینی دروست كردووە، ڕووناكیی خستووەتە سەر و چاوی هەموومانی بۆ وێ سووڕاندووە، سەرەتا بۆ سەر داستانەكە، بۆ ناو لاپەڕەكانی، دواتر وەك خلوودی وەرگێڕانەكە و داستانەكەشت بگەیەنێتە لوتكە، دەچێتە دیار شارەكەیان و شوێنی ژیان و ژوانیانمان بۆ وێنا دەكات.

ئەوەی كە دڵ كون دەكات و بە مۆخەوە دەنووسێ، هەستی خۆیەتی لەدوای وەرگێڕانەكەی و دوای دیتنی یادگارییەكانیان، وەك سۆفییەكی موقەدەس دەگاتە حاڵەتێكی عیرفانیی بەرز و دەنووسێت:

{.. لەپر دڵم گەرم داهات، ڕامكرد و دوور كەوتمەوە. چوومە ناو كۆنە قەبرستانێكەوە، سەرم بە كێلەكەوە ناو گریام، ئەمما گریان.. سەرم بە هەنسكانەوە هەڵدەگیرا. لام وایە پتر لە دە دەقیقە كوڵی گریانم لە جۆش نەدەكەوت، هێدی هێدی ئارام بوومەوە و چاوم سڕی. ڕوانیم هاوڕێكانم لێم دوور وەستاون و لە كاتی گریاندا نەهاتوون سەبەبم لێ بپرسن. لەو دەمەدا كە پیاوە جزیرییەكە ناوی شوێنەكانی دەگوت، كەوتە دڵمەوە: من دوێنێ لە تەرجوومەی مەم و زین بوومەوە. تۆ بڵێی خانی لە تەرجوومەكەم ڕازی بووبێ و لە پاداشتا ئەو سەفەرەی بۆ ڕێك دابم؟ كە شارە خۆشەویستەكەی، لانكی دڵداریی مەم و زینانم نیشان دا؟ ڕەنگە وابێ، ئیتر گریان ملی گرتم و ئارام و ئۆقرەی پێ نەهێشتم. واتا وەك دەروێش جەزمە گرتمی. چێشتی مجێور. لاپەڕە ٢١٢}.