120 هەزار پەنجەماسی خرانە نێو بەنداوی سماقوڵی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

120 هەزار پەنجەماسی خرانە نێو بەنداوی سماقوڵی

بۆ زیادكردنی سامانی ماسی لە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان، 120 هەزار پەنجەماسی لە جۆری كارب، خرانە نێو بەنداوی سماقوڵی. بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش ئاشكرای دەكات، ئەو جۆرە ماسییە چوار مانگی تر گەورە دەبن و زاوزێ دەكەن و ژمارەیان زۆر دەبێت.

ڕۆستەم کەریم، بەرپرسی بەرهەمهینانی پەنجەماسی هەولێر لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا، 120 هەزار پەنجەماسیمان خستە نێو بەنداوی سماقوڵی".

بەنداوی سماقوڵی سەر بە قەزای كۆیەیە و كەوتووەتە دۆڵی سماقوڵی.

ئاماژەی بەوەش دا، جۆری ئەو ماسییەی خراوەتە بەنداوەكە کاربە، دوای چوار مانگی تر گەورە دەبن و زاوزێ دەکەن و زیاد دەکەن، گوتیشی: "ماسیی كارب جۆرێكی باشە و پشت بە خواردنی سروشتی دەبەستێ، ئەو ماسییە بۆ کەشوهەوا کێشەی نییە و خۆی لەگەڵ ساردی و گەرمی دەگونجێنێ".

ئاشكراشی كرد، ساڵی رابردوو پەنجەماسی خرایە نێو بەنداوی رانیە و ئامانجیش لە كارەكە زیادكردنی سامانی ماسییە.

بەرپرسی پڕۆژەی ماسی جەختی كردەوە، ئەوان هاوکاریی جووتیاران دەکەن، بۆ زیادکردنی سامانی ماسی، ئەوەشی گوت: "ساڵانە بەرهەمی پەنجەماسیی خۆمان دابەشی دەكەین بەسەر خاوەن پڕۆژەكانی ماسی، ئەمساڵ 180 هەزار پەنجەماسیمان بەو خاوەن پڕۆژانە داوە".

باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ لەدەرەوەی پارێزگای هەولێریش پەنجەماسیان دابەش كردووە، گوتیشی: "بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆك، زیاتر لە 200 هەزار پەنجەماسیمان خستە نێو بەنداوی مووسڵ".

لای خۆیەوە حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "17 بەنداومان لە كوردستان هەیە، یەكێك لە سوودەکانی بەنداوەكان، سامانی ماسییە، بۆیە بەپێی پلانی ساڵانە پەنجەماسی دەخرێتە نێو ئەو بەنداوانە و ئەمساڵ 120 هەزار پەنجەماسی خراوەتە نێو بەنداوی سماقوڵی".

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمساڵ نزیكەی هەزار پەنجەماسی ئامادە كراوە بۆ بەنداوەكان و خاوەن پڕۆژەكانی ماسی، ئەویش بە ئامانجی زیادكردنی ئەو سامانە گرنگە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ داوای لە خەڵكی بەنداوی سماقوڵی كرد، بۆ پاراستنی ئەو پەنجەماسییانە هاوكاریان بن، بۆ ئەوەی ژمارەیان زیاد بكات، گوتیشی: "خوازیارین راوی نایاسایی نەكرێت و ئەگەر راویش بكرێت بە شێوەی یاسایی و بە تۆڕی رێگەپێدراو بێت، ئەویش لەپێناو ئەوەی ماسییەكان لەنێو نەچن".

لای خۆیەوە سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی، لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە دەخاتە ڕوو، كە لە هەرێمی كوردستان چوار پڕۆژەی هەڵهێنەری پەنجەماسیی حكوومی هەیە، دووانیان كار دەكەن و دووانیشیان بەهۆی ئەوەی بودجەیان بۆ دابین نەكراوە، كار ناكەن: ”ئەو دوو پڕۆژەیەی كە كار دەكەن، لە هەولێر و دهۆكن، ساڵانە نزیكەی 400 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دێنن، ئەمەش سەرەڕای چەند پرۆژەیەكی بێ مۆڵەت، كە ژمارەیان دیار نییە و بە سەرپێچی دروست كراون“، بەڕێوەبەری سامانی ماسی، دەشڵێت: ”دەرەنجام بە هەموو پرۆژە هەڵێنەرە پەنجەماسییەکان بەشی داهاتی پرۆژە ناوخۆكانی بەخێوكردنی ماسی ناكات، بۆیە لە خوارووی عێراق و ئێران هاوردە دەكرێت".

لە ساڵی 1998 لەلایەن رێكخراوی FAO، دوو هەڵهێنەری پەنجەماسی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، یەكێك لە شارەدێی عەنكاوەی شاری هەولێر، ئەوی دیكە لە شارۆچكەی دوكانی شاری سلێمانی، تا ساڵی ٢٠٠٣ ئەم رێكخراوە خۆی سەرپەرشتیی كردوون، دواتر دراونەتە وەزارەتی كشتوكاڵ و هەموو ساڵێكیش بەرهەمیان هەیە.