دوو كۆمپانیا هەناری كوردستان رەوانەی ئەورووپا و كەنداو دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دوو كۆمپانیا هەناری كوردستان رەوانەی ئەورووپا و كەنداو دەكەن

 

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد لە رێگەی دوو كۆمپانیا سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بەرهەمی هەنار لە كوردستان رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا و كەنداو بكەن.

حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق گفتوگۆمان كردووە و ڕێككەوتووین بەوەی ئاسانكاری و پاڵپشتی لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانی كشتوكاڵ بۆ وڵاتانی ناوچەكە و ئەورووپا بكەین، ئێستا دوو كۆمپانیا سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بەرهەمی هەنار لە كوردستان رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا و كەنداو بكەن".

گوتیشی: "ئەورووپا و كەنداو داخوازییان لەسەر بەرهەمی هەناری كوردستان هەیە، بۆیە هانی كۆمپانیا بازرگانییەكان دەدەین و ڕێنوێنیمان دەركردووە، بەوەی بە چ شێواز و میكانیزمێك ئەو كارە بكەن".

ساڵی رابردوو هەناری کوردستان 40 تەنی بۆ ئەڵمانیا و سوێد نێردرا، هەروەها بۆ وڵاتی بەریتانیاش بە دەیان تەن نێردرابوو.

حوسێن حەمەكەریم دووپاتی كردەوە لە ڕووی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەكانی پارێزگاكانی عێراق و دەرەوەی وڵات چەند هەنگاوێكیان گرتووەتە بەر، گوتیشی: "لە تێڕوانینی ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و ئابووریی عێراق یەك ئابوورییە، دەبێت هەماهەنگیمان هەبێت بۆ لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لە بەردەم هەناردن و هێنانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكاندا هەیە، چونكە ئێمە بەو ئاراستەیە دەچین كە بازاڕەكانی هەردوولا تەواوكاری یەكتر بن، لەم ڕووەوە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقدا واژۆ كراوە".