كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: دەنگی هیچ وێستگەیەكی هەولێر هەڵنەوەشاوەتەوە و گۆڕانكاری لە كاندیدەكان نەكراوە

 بەرپرسێكی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، دەنگی هیچ وێستگەیەك لە پارێزگای هەولێر هەڵنەوەشاوەتەوە و دووپاتیشی دەكاتەوە، گۆڕانكاری لە هیچ كاندیدێكی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق نەكراوە.

بۆتان جاف، یاریدەدەری هونەریی لە ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "باسكردن لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگی وێستگە بەهۆی پەنجەمۆری دووبارە، تەنیا دەنگۆ و پروپاگەندەی راگەیاندنە و لە كۆمسیۆن هیچ بڕیارێكی فەرمی دەرنەكراوە و هیچ شتێك بۆ ئێمە نەهاتووە".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە گۆڕانكاری لە دەرچوونی كاندیدەكان دەكەن، بەتایبەت دەرچوونی كاندیدێكی یەكێتی، بۆتان جاف گوتی: "پێشووتر لە ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغدا ناوی كاندیدە دەرچووەكان راگەیاندراوە، تاوەكوو ئێستا ناوی كاندیدە دەرچووەكان وەكوو خۆیەتی، ئەگەر گۆڕانكارییەک بكرێت، ئەوا بە فەرمی بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت هیچ فەرمی نییە و دەنگۆی راگەیاندنەکانە".

بەرپرسەكەی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، جەختیشی كردەوە، دەنگی هیچ وێستگەیەك لە هەولێر هەڵنەوەشاوەتەوە و لەوبارەیەوە هیچ كێشەیەك نەبووە.